هەواڵ

کۆنگرەی گەل: ساڵی ٤١ەمین دەبێتە ساڵی تێکشکاندنی فاشیزم و خیانەت

دیوانی هاوسەرۆکایەتیی کۆنگرەی گەل، بە بۆنەی ٤٠ـمین ساڵیادی قەڵەمبازی ١٥ـی تەباخ، بە پیشەنگایەتی فەرماندار “هەڤاڵ عەگید” پەیامێکی پیرۆزبایی بە ناونیشانی “ساڵی ٤١ـەم دەبێتە ساڵی شکستی فاشیزم و خیانەت” بڵاوکردەوە.

لە سەرەتای پەیامەکەدا کۆنگرەی گەل پیرۆزبایی ئەو ساڵیادەی لە ڕێبەر ئۆجالان، گەریلاکانی ئازادیی، خانەوادەی شەهیدان، زیندانیانی سیاسیی، گەلانی کوردستان و مرۆڤایەتی پێشکەوتوو کردووە و ڕایانگەیاندووە، لە کەسایەتی فەرماندەی مەزن هاورێ عەگید، هەموو شەهیدانی شۆڕش بە ڕێزەوە و بە سووپاسەوە بەبیر دەهێنینەوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، لە پێش قەڵەمبازی ١٥ـی تەباخ، قەدەری کورد ناچاریی و بێهیوایی بوو، ڕاپەڕینەکانی کوردستان شکستیانهێنابوو لەلایەکی دیکەشەوە سیاسەتی کۆمەڵکوژیی داگیرکەران کە بەسەر گەلەکەماندا دەسەپێندرا، لەناو گەلدا بێباوەڕیی، ترس و ڕۆحی ڕادەستبوونی دروستکردبووە، هەروەها لە کوردستاندا بنەماڵەی بارزانیی تەمسیلی هێڵی خیانەتی دەکرد.

باس لەوەش کراوە، لە هەنگاوی ١٥ـی تەباخدا، ئەو ئاگرەی لە نەورۆزدا مەزڵوم دۆغان دایگرساند، بە ئاگریی چوارەکان گەشتر بوو، بە بەرخۆدانی ١٤ـی تەممووز بووە تەمسیلی ڕۆحی ئاپۆیی، بە هەنگاوی ١٥ـی تەباخیش ئەو ڕۆحە جەنگاوەرانە ئاپۆییە بە چەکی گەریلا گەیشتە چیاکانی کوردستان، ٤٠ ساڵ بەبێ ناوبڕ بەردەوامە و لەسەر ئەو بنەمایە شۆڕشێکی بێ وێنەیە.

لە پەیامەکەی کۆنگرەی گەلدا جەخت لەوەش کراوەتەوە، بە هەنگاوی ١٥ـی تەباخ، ئەو خۆڵەمێشە مردنەی کە داگیرکەران لەسەر گەلەکەمانی ڕایانخستبوو پاک کرایەوە، ئەو کێلی گۆڕەی کە داگیرکەران لەسەر چیای ئاگری دروستیان کردبوو، بە هەنگاوی ١٥ـی تەباخ بوو بە کێلی گۆڕی هاوبەشی داگیرکەریی و خیانەت، هەنگاوی ١٥ـی ئاب ئاشکرای کرد کە ئیتر مێژووی کوردستان لەسەر بنەمای سەرکەوتنی داگیرکەری و خیانەت دووبارە ناکرێتەوە، لەسەر ئەم بنەمایە ١٥ـی ئاب لە چوار پارچەی کوردستان کاریگەریی خۆی دروست کرد و بوو بە بنەمای شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی، بەسوپا بوونی ژن، ‘ژن ژیان ئازادیی’ ئەگەر ئەمڕۆ لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بووە بە ئامانجی ژیان، ئەوە بنەماکەی ئەم هەڵمەتەیە.

بە پێویستیشی دەزانن، گەلەکەمان و دۆستانمان بەپێی ئەم ڕاستییە لەم قۆناغەدا خەباتی شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل بەرز بکەنەوە و لەسەر ئەم بنەمایەش ببنە وەڵامی گەریلاکانی ئازادیی، بۆ وەڵامدانەوەی ئەم قۆناغە، بە تایبەت لە مەیدانی کۆمەڵایەتییدا لەسەر لقەکانی نەتەوەی دیموکراتیک پێویستە کارەکانی بنیاتنانی کۆمەڵایەتی بە لایەنی هەموو پێکهاتەکانی سیستەمەوە بە بنەما وەربگیرێن.

لە کۆتایی پەیامەکەی دیوانی هاوسەرۆکایەتی کۆنگرەی گەلدا هاتووە، ئەم قۆناغە بۆ گەریلا و گەلەکەمان قۆناغی تێکشکاندنی فاشیزمی دەوڵەتی تورک و خیانەتی بنەماڵەی بارزانییەکانە، لەسەر ئەم بنەمایەش قۆناغی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری کێشەی گەلی کوردە، ئیتر کات هاتووە، داگیرکاریی و خیانەت پێکەوە تێک بشکێن، با ساڵی ٤١ ببێتە ساڵی شکستی فاشیزم و خیانەت.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە