کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کەنەکە، لە پەیامێکدا وێرای پیرۆزبایی ساڵوەگەڕی هەڵمەتی ١٥ی تەباخ، ڕایگەیاند ١٥ی تەباخی ١٩٨٤ ئەو ڕۆژە مێژووییە بوو کە تێیدا لە بەرامبەر ستەمکاریی دەوڵەت ئاڵای ئازادی هەڵکرا. کەنەکە بەبیری هێناوەتەوە کە دەوڵەتی تورکیا ئێستاکەش گەڕاوەتەوە سەردەمی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووی زایینی و بەو عەقڵیەتەوە دەیەوێت خەباتی گەلی کورد سەرکوت بکات، "بەڵام هەوڵەکانیان بێ سوودن و کوردستانیان بە ڕۆحی ئەو قەڵەمبازەوە لە بەرخۆدانێکی بەهێزدان و شکست بە دەوڵەتی تورکیا دەهێنن."
دەقی پەیامەکەی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە سەبارەت بە ساڵوەگەڕی قەڵەمبازی ١٥ی تەباخ:
ساڵی ١٩٨٤، ڕۆژی ١٥ی ئاب. کوردستان و تورکیا لە لایەن دەسەلاتدارانی کۆدێتاچی و فاشیستی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ەوە بەڕیوەدەچوو. زەبروزەنگێکی بێبەزەییانە و ئەشکەنجەیەکی دڕندانە، ژیانی لە خەڵک هەراسان کردبوو. زیندانەکان پڕ بوون لە ئازادیخوازان. حوکمڕانیی فاشیست خۆڵ و تۆزی مەرگیان بەسەر خەڵکدا دەڕشاند. ترسی گرتن و مردن حوکمی دەکرد. لەو هەلومەرجە سەختانەدا گەلی کورد و سەرکردەکانی تەڤگەری ئازادیی کوردستان تەسلیمی زوڵم و ستەمی دەوڵەتی تورک نەبوون و سەریان دانەنەواند. و بەرخۆدانێکی بەهێزیان گەشەپێدا. لە زیندانەکانەوە تا هەموو کایەکانی ژیان، خەباتێکی خۆنەویستانە ڕێکخرا. بەڵێ باجی گەورە درا، بەڵام لە بەرامبەر زوڵمی دەوڵەت ئاڵای ئازادیش هەڵکرا.
لەو کەش و هەوا سەختەدا خەبات و بەرخۆدانێکی ئازایانە پیشاندرا و لەگەڵ تەقینەوەی گلەکە لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤دا جارێکی دیکە بانگەوازی ئازادی و ڕزگاری کورد و کوردستان لە سەرتاسەری کوردستان و تورکیا و جیهان ڕاگەیەندرا. لەو هەڵمەتە مەزن و مێژووییەدا، ئەمجارە دھێ (ئەروح) و شەمزینان، بوونە گۆڕەپانی دەستپێکی خەباتی چەکداریی ڕەوای کوردستان. بەو هەوڵە پریشکی شۆڕشی کوردستان بوو بە ئاگرێکی سووتێنەر لە وڵات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەگیدی ئەگیدان لە گەڵ کۆمەڵێک ئازادیخوازن دەستیان پێکرد و ئەمڕۆش بوونەتە هێزێکی گەورەی گەریلا لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە خەبات و بەرخۆدانی دۆزی کوردستاندا، ئەم هەنگاوە بۆ خۆی قەڵەمباز و سەرکەوتنێکی گەورەیە.
لە چلەمین ساڵیادی ١٥ی ئابدا دەوڵەتی تورک بە هەموو شێوازێک درێژە بە دەستدرێژیی خۆی دەدات. دەوڵەتی تورک لەگەڵ خۆڕاگری و تێکۆشانی ئازادیخوازان و گەلی کورد و هەموو کوردستانیان کەوتۆتە ململانێیەکی قووڵەوە. بە توڕەیی و ڕق و کینەیەوە، شەڕ و شەڕانگێزی زیاتر و زیاتر دەکات. لەم کردەوەی دژ بە مرۆڤایەتیدا هەموو چەکێک بۆ لەناوبردنی ژیان بەکاردەهێنێت. لە ئاسمان و زەویەوە بۆمبی کیمیایی و ژەهر بەسەر گەل و شەڕڤانانمان دەبارێنێت. جگە لە ژیانی مرۆڤ، سروشت و ژینگەی کوردستانیش کراوە بە دۆزەخ. لە دەرسیمەوە تا هەکاری، لە قارسەوە تا مەرەش، هیچ شاخ و دۆڵێک بە نەماوە بۆمباران نەکرابێت.
هێرشەکانی دەوڵەتی تورک تەنیا لە باکوور نییە، لە ڕۆژاڤا و باشووریش بەردەوامە. لە هەردوو ئەم بەشەدا هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکان و داگیریان دەکات. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم داگیرکارییە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ڕۆژئاوا و باشوور پەرەی سەندووە. ماوەی پێنج ساڵە بە هەموو هێزی خۆیەوە هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی خاکورک، هەفتانین، مەتینا، زاپ و ئاڤاشین و چەکی قەدەغەکراو (کیمیایی، فسفۆر، تاکتیکی ئەتۆمی) بە بێ سنوور بەکاردەهێنێت. لەم ناوچانە و لە سەرتاسەری کوردستان گەریلاکانی ئازادی کوردستان بە ڕۆحی ١٥ی ئاب بەرخۆدانێکی بەهێز و بێهاوتای بەڕێوە دەبەن.
ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمی هەشتاکانی سەدەی رابردوو. دەیەوێت بەرخۆدانی گەلی کورد، خەبات بۆ ڕزگاری و ئازادی کوردستان سەرکوت بکات. سیستەمی دادپەروەری و دادگا بۆتە زنجیرێکی کۆیلایەتی و دیلکردنی خەباتکارانی کوردستان. زیندانەکان پڕ بوون لە چالاکانی کوردستان. توندوتیژی و ئەشکەنجەدان لەلایەن پۆلیس و سەربازەکانەوە بۆتە بەشێکی ڕۆتینی ژیان بۆ هەموو خەڵکی کوردستان. چی هەیە بەناوی کولتووری کوردی و کوردییەوە کەوتۆتە ژێر هەڕەشەوە. هێرش دەکاتە سەر زەماوەند و سەما، گۆرانیبێژ، مۆسیقاژەنی کورد دەستبەسەر دەکات، کەلتوور و مۆسیقای کوردی قەدەغە دەکات.
بەڵام ئەم جوڵە و کردارانە، هەموو ئەم هەوڵانە بێهودە و بێ سوودن. کورد، کوردستانی، بە ڕۆحی هەنگاوی ١٥ی ئاب، لە بەرخۆدان و خەباتێکی بەهێزدان. دەوڵەتی تورکیا و هاوپەیمانیی شەڕخواز و شەڕانگێزی ئاکەپە-مەهەپە-ئەرگەنەکۆن لە لێواری شکستدایە. سەرکەوتن هی خەڵکی کوردستانە.
لە لایەکی دیکەوە، تەلارسازەکەی ١٥ی ئاب کاک عەبدوڵڵا ئۆجالان، ٢٦ ساڵە لە زیندانی ئیمیرالی لە ژێر گوشار و گۆشەگیریی تونددایە. ماوەی ٤٠ مانگە هیچ زانیارییەک نە لە خۆی و نە لە هاوڕێکانیەوە نەگەیشتۆتە دەرەوە. ئەم دۆخە مەترسیدار و قبوڵنەکراوە پێویستە هەموو کورد و دۆستانی کورد لە کار و چالاکیی دژی ئەم دۆخە بەردەوام بن. بەم بۆنەیەوە ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جارێکی دیکە جێگەی خۆمان لە کەمپەینی "ئازادی بۆ بەڕیز عەبدوڵڵا ئۆجالان - چارەسەری کێشەی کورد" دەگرین و داوا لە هەموو کوردستانیان و دۆستانی کورد دەکەین بەشداری ئەم هەڵمەتە بکەن و ئەم هەڵمەتە بەهێزتر بکەن.
بەم بیروبۆچوونەوە، ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە گەرمی پیرۆزبایی چلەمین ساڵوەگەڕی ١٥ی ئاب لە گەلی کورد و خەڵکی کوردستان و دۆستانی گەلی کورد دەکەین، بە ڕێز و شکۆوە شەهیدانی شۆڕش بەبیر دێنینەوە، سەری رێز لەبەردەم یادەوەریی ئەو شەهیدانە و هەموو ئەوانەش کە لە ژیاندا ماون و ئەم هەنگاوە مێژووییەیان نا، دادەنەوێنین و گەرمترین سڵاویان بۆ دەنێرین، هەموومان قەرزاری ئەوانین و رێبواری رێگاکەیانین. جگە لەوەش سڵاو لە درێژەپێدەرانی رێگای عەگید و هەموو ئەو قارەمانانەی کە لە ئێستادا لە هەرێمی پاراستنی میدیا بەرەنگاری دەکەن و لە سەرجەم ئازادیخوازانی کوردستان دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین."