هەواڵ

پارێزەرانی وریشە مورادی رایانگەیاند کە دیدار لەگەڵ بریگرتەکەیان لێ قەدەغە کراوە

پارێزەرانی دۆسیەی وریشە مورادی لە گفتوگۆیەکدا رایانگەیاند، دیدار لەگەڵ بریگرتەکەیان لێ قەدەغەکراوە.

کەیوان عەزیزی و ئەمیر سەجادی، پارێزەرانی وریشە مورادی زیندانیی سیاسیی کورد، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تۆڕی شەرق ڕایانگەیاند، دادگای رژێم ڕێگای بە وریشە مورادی داوە، تەنها چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی پلە یەکی بنەماڵەکەیدا بکات.

ئەو پارێزەرانە قەدەغەکردنی دیداری بریگرتەکەیان لەگەڵ پارێزەران بە نایاسایی ناودەبەن، داوای ڕێزگرتن لە یاسا و مافەکانی ئەو ژنە زیندانییە دەکەن.

پاریزەر کەیوان عەزیزی، ئاماژە بەوە دەکات، وریشە مورادی وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە ڕێزنەگرتن لە مافەکانی و سەپاندنی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارە بەسەر هەردوو ژنە زیندانیی سیاسیی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی، ئامادەی دانیشتنی دادگاییکردنەکەی نەبوو.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندیکردن و دیدار لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵە، مافی تەواوی وریشە مورادییە و دەڵێت: قەدەغەکردنی لەو شێوەیە، پرۆسەی دادگاییکردنەکەی تێک دەدات.

جێگای ئاماژەیە وریشە مورادی زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانی ڕژێمەوە ڕفێندرا و دەستبەسەرکرا. بەدرێژایی ئەو ماوەیەش لەژێر گوشاری توندی ئەمنی و نادیاریی چارەنووسیدا بووە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە