هەواڵ

پەژاک: دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت شکستەکانی لە بەرەکانی شەڕدا بە هێرش بۆسەر ڕۆژنامەنووسان پەردەپۆش بکات

كۆمیتەی ڕاگەیاندنی پارتی ژیانی ئازادیی كوردستان، پەژاک، سەبارەت بە هێرشەکەی دوێنێی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرى تورکیا کە لە ڕێگەی درۆنەوە لە نزیک سەید سادق ئەنجامی دا و بەهۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا شەهیدبوون ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیاندنراوەکەی کۆمیتەی راگەیاندنی پەژاک بەم جۆرەیە:

دەوڵەتی داگیركەری تورك بەشێوەیەكی وەحشیانە و نامرۆڤانە و فاشیستانە و دیكتاتۆریانە پەلاماری هەموو نرخ و بەها كۆمەڵایەتییەكانی گەلەكەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەدات و سڵ لەهیچ یاسا و ڕێسا و بەهایەكی مرۆڤی ناكاتەوە، ئەو دەوڵەتە داگیركارە بێ پسانەوە، بەشەو و ڕۆژ لە ئاسمان و زەوییەوە پەلاماری سەر گەریلاكانی ئازادیی كوردستان، شەرڤانانی ئازادیی رۆژئاوای كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی ئێزیدیان لە شنگاڵ دەدات و لە باكووری كوردستان بەهێرش كردنە سەر شارەوانییەكان و بنپێ‌كردنی ئیرادەی گەل و بە هێرش كردنە سەر چاند و كەلتوری كوردی و پرەنسیپ و نۆرمە دیموكراتییەكان گەلەكەمان دەیەوێت گەلی كورد ملكەچی سیاسەتە شۆڤینی و دژە مرۆڤیەكانی خۆی و لەتێكۆشان و خۆڕاگری بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی پاشگەز بكاتەوە.

لە باشووری كوردستانیش بە ڕێگەی بنەماڵەی بارزانی و بەچاودێری و چاوساخی تۆڕێكی ئیستخباراتی و بەكرێگیراو لە ژێر چاودێری میت و پاراستندا لەلایەك دەستیان بەهەڵمەتێكی گەورەی داگیركاری خاكی باشووری كوردستان كردووە و لەلایەكی تر بەڕێگەی ئەو سیخۆر و نۆكەر و جاشۆڵكانە كەسایەتی سیاسی، ئازادیخواز، نەتەوەیی، دیموكرات و وڵاتپارێز و ڕۆژنامەنووسان و شۆڕشگێڕ تیرۆر دەكەنە.

ئامانجی هێرشی فرۆكەی شەڕكەر و بێفرۆكەوانەكان و لە ئاستی نێونەتەوەیی و دەوڵەتیدا هەوڵدەدات لەگەڵ دەوڵەتانی داگیركەری سەر كوردستان رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان دژ بە گەلەكەمان زیندوو بكەنەوە و لەو پێناوەشدا ڕۆژانە ناوچە شاخاویەکانی شارباژێر دەکرێنە ئامانجی بوردوومانی فڕۆکە جەنگییە کانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا.

لەو هێرش و پەلامارانەی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر دەستكەوتەكانی گەلەكەمان بە پێی بەڵگەکان ئاشکرا دەبێ کە پەدەكە بووەتە كەوا سوری بەر لەشكەری جەندەرمەی تورك و چاوساخی و هاوكاری ڕاستەوخۆی ئەو دەوڵەتە شۆڤینی و دیكتاتۆر و هاوپەیمانی داعش دەكات و ئاسانكاری بۆ بەئامانجگرتنی گەریلاكانی ئازادی كوردستان و شەرڤانانی ئازادی و گەلەكەمان لەشنگاڵ و باشووری كوردستان و تەنانەت کەسانی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر دەكات.

بەهەمانشێوە بووەتە داردەستێك بەدەست ئەو دەوڵەتە ملهۆر و چەتوونە بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاك و ئاو و هەوا و سروشتی كوردستان، تەنانەت بەوەشەوە بەس نابینێت لەرێككەوتنە نێودەوڵەتیەكانی دژ بەگەلەكەمان بووەتە هاوبەشێكی ڕاستەقینەی دەوڵەتی داگیركەری تورك و لایەکی تریشەوە خزمەتکار بە کرێگیراوی ڕژێمی داگیرکەری ئێران، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی و هیچ پاساو و لێبوردنێكی بۆ نییە.

دەوڵەتی داگیركەر بەهۆی ئەوەی ڕاگەیاندنكارانی ڕاگەیاندنی ئازاد بەشێوەیەكی خۆبەخشانە و فیدایانە لەبەرامبەر بەهەوڵە داگیركاری و قیزەونەكانی دەوەستنەوە و سیاسەتی داگیركاری و قڕكردن و كۆمەڵكووژی سەر گەلی كورد ڕیسوا و پووچەڵ دەكەنەوە، دەكاتە ئامانجی هێرشە نامرۆڤانە و وەحشیانەكانی، بۆیە شکست و تێکچوونەکانی لەبەرەکانی شەڕدا دەیەوێت بەو کردەوانە پەردپۆش بکات.

بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد كردەوەیەكی نامرۆڤانە و بێ ئەخلاقانەیە كە دژ بەهەموو پێوان و پرەنسیپە نێودەوڵەتی و بنەماكانی مافی مرۆڤ و كردەوەیەكی چەپەڵ و شەرمهێنەرە، بۆیە وەك كۆمیتەی ڕاگەیاندنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان”پەژاك” هێرش و پەلاماری دەوڵەتی داگیركەری تورك، و بەتایبەتی ئەو هێزە بەكرێگیراوەی بەتیرۆر و كۆشتنی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان شاگەشكە دەبێت و پێش میتی تۆرك دەكەوێت و ڕۆژنامەنووسان “گۆڵستان تارا و هێرۆ بەهادین” دەكەنە ئامانج، بەتوندی ڕیسوا و شەرمەزار دەكەین و یادی دوو هەڤاڵی ڕۆژنامەنووسی ئازاد بەرز ڕادەگرین و پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەس و کار و سەرجەم هەڤاڵان و هاوڕێیانی ڕاگەیاندنی ئازاد دەکەین و شفای چاکبوونەوەش بۆ بەرینداربووەکان دەخوازین.

ئەم كردەوەی دەوڵەتی داگیركەری تورك جارێ یەكەم و دوا جاریشی نییە، لە ٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ئەندامی ژنۆلۆژی و ئاكادیمسین و ڕۆژنامەنووس “ناگەهان ئاكارسل”بەهۆی هێرشێكی چەكداریەوە تیرۆر كرا.

لەهەمانكاتدا ٢٠ـی تشرینی دووەمی لەدێرك هەواڵسازی ئاژانسی هاوار”ئیسلام عەبدوڵڵا” شەهید كرا، لە ساڵی ٢٠٢٣ خەباتكارانی ژن تیڤی لەنێوان قامیشلۆ ـ عامۆدا كرانە ئامانج و لەوێدا “نەجمەدین فیصل حاجی” شەهید بوو، هاوكات لە ساڵی ٢٠٢٤ فرۆكە شەڕكەرەكانی دەوڵەتی تورك خەباتكاری رادیۆ چرا ئیف ئیم “مراد میرزا ئیبراهیم”یان شەهید و مەدیا حەسەن و خەلەف خدریش بریندار كرد و لەناوخۆی توركیا و باكووری كوردستاندا بەسەدان ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكاری ئازادیان لەكۆنجی زیندانەكاندا بەند كردوە و ڕۆژانە پەلاماری ڕۆژنامەوانانی ئازاد دەدەن.

ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورك بۆ سەر ڕاگەیاندنی ئازاد نیشان دەدات كە دەوڵەتی داگیركەری تورك و پەدەكە چەندە لە ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنی ئازاد دەترسن، چونكە باش دەزانن كە تاكە ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنكارێك دەتوانێت پەردە لە ڕووی سیاسەتە قیزەون و چەپەڵەكانیان و ئەو كردەوانەیان دژ بەكۆمەڵگە هەڵماڵێت ئەو ڕاگەیاندنكار و ڕاگەیاندنانەن كە بەدڵ و گیان لەپێناو ئازادی گەل و مرۆڤایەتی خەبات دەكەن.

دەبێت دەوڵەتی تورکیا و هێزە بەكرێگیراو و نۆكەر و چاوساخەكانی باش بزانن كە هیچ فشار و هەڕەشەیەك ناتۆانێت ڕۆژنامەنووسان لەڕێگەی ڕاستی و حەقیقەت پاشگەز و بێدەنگیان بكەن؛ چونكە ئەو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكارانە باش دەزانن كە ئازادی ڕاگەیاندنی یەكێك لەستونە سەرەكیەكانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیك و ئازادە، كاری ڕاگەیاندنی ئازاد، هۆشیاركردنەوە و ڕۆشن كردنەوەی گەلە لەبەرامبەر بەدەستبەسەرداگرتنی ماف و ئازادیەكان و وەستانەوە لە دژ بەداگیركارییە.

لەبەر ئەوەیە كە دەسەڵاتدارە شۆڤینیەكان هەمیشە ڕاگەیاندنی ئازاد دەكەنە ئامانج و دەیانەوێت لاواز و بێ ئیرادەیان بكەن، بەڵام دەبێت هەم دەوڵەتی داگیركەری تورك و هەم هەموو داگیركەرەكانی سەر كوردستان و نۆكەر و بەكرێگیراوان و داردەستانی ئەو داگیركەرانە باش بزانن كە لێگەڕینمان لەپێناو حەقیقەت و ڕاستی بەهێزتر و بەگۆڕتر بەردەوام بكات و هیچ هێرش و فشارێك ناتوانێت لەخەبات و خۆڕاگری و لێگەڕینمان بۆ ژیانی ئازاد سارد بكاتەوە.

لەو پێناوەدا داوا لەسەرجەم میدیاکاران و بە تایبەت کەسانی خاوەن ویژدانی گەلەکەمان دەکەین کە خاوەندارێتی لەڕێچکەی شەهید گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بکەن و درێژەپێدەری خەباتی شەهیدانی ڕاگەیاندن ببن و تا گەیشتن بەهیوا و خۆلیاكانی شەهیدان برەو بە تێكۆشانی كۆمەڵایەتی، ڕاگەیاندنی ئازاد و شۆڕشگێرانە بدەن، چون ئەوە تاکە ڕێگایە کە سەرکەوتنی ئازاد.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە