هەواڵ

پەژاک: زیادبوونی گوشارەکان لەسەر گەلی کورد ناتوانێت ڕێگری بکات لە تێکۆشانی ئازادی

لە ئێستادا هێرشی دوژمنکارانە و داگیرکەرانە لە دژی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان زیادی کردووە، لە باشوری کوردستانیش دوای رێکەوتنی ئەمنیی ئێران و عێراق، گوشاری سەر پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بووە. لە بەیاننامەیەکدا پەژاک دەڵێت: پرسی گواستنەوەی پارتەکان، پیلانگێڕییە تا گەلی کورد بێکاریگەر بکەن.

هەروەها پەژاک دەڵێت: گەلی کورد گەیشتووەتە ئاستێک، کە توانای پێشەنگایەتیی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیی هەیە.

دوای رێکەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و عێراق، کە یەکێک لە دەرکەوتەکانی، گواستنەوەی پارتە کوردییەکانە لە باشوری کوردستان.

لەو بارەیەوە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پەژاک لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: بڕیاری گواستنەوەی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە بنەڕەتدا بەشێکە لە پیلانێک لە دژی کورد، کە دەبێت گەلەکەمان بە تێکۆشانێکی بەرفراوان رووبەڕووی بێتەوە.

پەژاک بە ئاماژەدان بە پرسی گواستنەوەی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەڵێت: ئەوە پرسی لایەنێک یان دوولایەن نییە، بەڵکو سیاسەتێکی هەمەلایەنە و پیلانگێڕییە بۆ ئەوەی کورد بێکاریگەر بکەن. هەر لەو پەیوەندەدا ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران و ئەو ڕێککەوتنانەی کردوویەتی، ڕوون و ئاشکرایە، کە بەدڵنیاییەوە دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستانە.

هەروەها پەژاک سەبارەت بەو پارتانە دەڵێت: پێویستە بە ڕوونی باس لەوە بکەن، کە چ ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ لایەن و حکومەتەکاندا کردووە و ئەو بابەتانە بە ڕوونی بۆ خەڵکی کوردستان و لایەنگرانیان ڕوون بکەنەوە. لەو رووەوە لایەنە کوردییەکان هاوکاریی یەکتر بکەن، چونکە دوژمنانی گەلی کورد بەشێوەیەکی یەکگرتووانە مامەڵە دەکەن. پێویستیشە رژێمی ئێران بزانێت، کە دوژمنایەتی گەلی کورد، خۆی لاواز دەکات و ناتوانێت ئەو ئەنجامانە بەدەست بهێنێت کە لە سەدەی بیستەمدا بەرامبەر کورد بەدەست دەهات.

سەبارەت بە پێگەی گەلی کورد لەمڕۆدا لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەوروپا، پەژاک دەڵێت: گەلی کورد گەیشتۆتە ئاستێکی ڕێکخستن، کە توانای پێشەنگایەتیی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و ڕێنێسانسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەیە. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بۆتە هێزێکی چارەنووسساز لە هاوکێشە هەرێمییەکان و هەر پێشکەوتنێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی گەلی کورد بە شێوەیەکی دروست و دیموکراسیانە، مەحاڵە.

لەکۆتایشدا پەژاک جەخت دەکاتەوە، کە بزووتنەوەی گەلی کورد خاوەنی بەهێزترین فەلسەفەی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسییە و گەلەکەمان بۆتە هێزی پێشەنگ و دینامیکی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی.

چاوپۆشی دەوڵەتانیش لەم ڕۆڵە، گورز لە هەموو گەلان و نەتەوەکانی ئێران دەدات. بەدڵنیاییەوە بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلەکەمان لە بەهێزترین قۆناغی خۆیدایە و تا بەدەستهێنانی ئازادیی تەواو لە تێکۆشان ناوەستێت.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە