هەواڵ

ئامادەکاریی پزشکیان بۆ بڕینی یارمەتیی بەنزین، ئابانێکی دیکە بەڕێوەیە؟

لە درێژەی ئەو مشتومڕ و مشتومڕانەی سەبارەت بە بڕینی یارمەتی/سووبسیدی بەنزین لەلایەن حکومەتی مەسعود پزشکیانەوە دەستی پێکردووە، ئەمجارەیان محەممەد ڕەزا عارف جێگری یەکەمی پزشکیان ئاماژەی بەو بابەتە کرد و گوتی، "کامە عەقڵی سەلیم دەتوانێت قبووڵی بکات کە بەنزین بە دۆلار هاوردە بکەین و بە نرخی ١٥٠٠ تمەن بیفرۆشین؟".

عارف لەکاتی ناساندنی وەزیری نوێی نەوتی ڕژیم ئەو قسانەی کرد و گوتی: "ئێستا بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی بەنزین ١١٠ ملیۆن لیترە و ڕێژەی پێداویستیمان دەگاتە ١٤٠ ملیۆن لیتر، لەم دۆخەدا ئێران ناچارە سووتەمەنی هاوردە بکات".

ناوبراو جەختیشی کردەوە کە ئەو سیاسەتە ژیرانە نییە و دەبێ بگۆڕدرێت.

لە مانگی خەزەڵوەر(ئابان)ی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی‌دا گرانبوونی یەکجارەکی نرخی بەنزین، ناڕەزایەتی بەربڵاوی گەلانی ئێرانی لێکەوتەوە.

ناوی ئابان لە زەینی خەڵکدا تێکەڵاوئی کوشتن و سەرکوتکردنی خوێناوی و قامیشەلێنەکانی ماهشەهرە.

دەگوترێت کە لە ئەنجامی ئەو ناڕەزایەتییانەدا ١٥٠٠ هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە. لە لایەکی دیکەوە بۆ حکومەتی کۆماری ئیسلامیش ئابان بووەتە ترسێکی مەزن و گۆڕانکاریی نڕخی بەنزین بۆ حکومەت بووەتە تابۆ، تابۆیەک کە وادیارە پزشکیان بە تەمایە بیشکێنێت.

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی نرخی جۆرەکانی دیکەی وزەی بەرز کردۆتەوە. هەروەها نرخی ئەو ئاردەی کە بۆ نانی باگێت و ماکارۆنی بەکاردەهێنرێت ئازاد کراوە و چی دیکە سووبسیدی بۆ دابین ناکرێت. بەڵام پێناچێت نرخی بەنزین بەبێ بەرزکردنەوەی حەقدەست و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی خەڵک بابەتێکی بێ تێچوو بێت بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە