کەجەکە: بڕیاری کۆنسەی وەزیرانی ئەورووپا ڕەوایەتیدان بە پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیایە
هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان، کەجەکە، سەبارەت بە بڕیاری کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەورووپا دەربارەی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیی و ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە ڕەوایەتی بە پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەدات.
کەجەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕەخنەی لە بڕیاری کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەورووپا سەبارەت بە گۆشەگریی سەر ڕێبەر ئۆجالان کە دەرفەتێکی یەک ساڵەی داوە بە دەوڵەتی تورکیا، گرت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا کەجەکە ئاماژەی بەوەکرد کە لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکاندا و گۆشەگیرییەکی ڕەها کە بە هیچ شێوەیەک جێگای ڕەوایەتی پێدان و قبوڵکردن نییە، دەبوو کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەورووپا دەستبەجێ هەنگاوی بنایە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەمشێوەیە:
لە ٢٠ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤ـەوە هەڵوێستی کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەورووپا سەبارەت بە مافی هیوا خراوەتە کارنامەی گشتیی، بەگوێرەی میدیاکان، کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەورووپا، بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی تورک مافی هیوای جێبەجێ نەکردووە، بە پێشێلکردنی مافەکانی زانیوە و داوای لە تورکیا کردووە هەنگاو بنێت، بۆ ئەمەش ساڵێکی دا بە تورکیا، بەڵام دەوڵەتی تورک بە ئاشکرا ڕێگریی لە ڕێبەر ئاپۆ دەکات کە سوود لەم یاسایە وەربگرێت و ڕاشیدەگەیەنێت کە درێژە بەو هەڵوێستە دەدات بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ سودمەند نەبێت.
داواکاری دیداری زیندانیانیی دیکەش ڕەت دەکرێنەوە و ڕێگرییان لێدەکرێت کە سوودمەندبن لەم یاسایە، هەرچەندە هەڵوێستی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست، نەژادپەرست بەم شێوەیەیە، بەڵام نەدانی بڕیاری پێویست لەلایەن کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەورووپا و و پێدانی کات به تورکیا پارادۆکسێکی جددی و ڕێبازێکی قبوڵنەکراوه.
دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە سیاسەتی قڕکردنی کوردان جێبەجێ دەکات و هیچ بنەمایەکی یاسا، ئەخلاق و ماف لەبەر چاوناگرێت، مامەڵەی بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆش لەو چوارچێوەدایە، هەم نەیانهێشت ڕێبەر ئاپۆ سود لە “مافی هیوا” وەربگرێت و هەمیش لە ئیمرالی سیستمێکی ڕەهای ئەشکەنجە و قڕکردنیان بەڕێوەبرد.
ڕێبەر ئاپۆ ٢٦ ساڵە لە ئیمرالی لە ژێر سیستمی ئەشکەنجە و قڕکردندا ڕاگیراوە، ماوەی چوار ساڵە هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە لە ناو گۆشەگیریی ڕەهادا پچڕێندراون، سەرباری ئەوەی ئەمە ڕاستییەکەیە، کات بەخشین بە دەوڵەتی تورکی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کە بە شێوەی سیستمی ئیمرالی قورسترین تاوان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات لە بنەڕەتدا ڕەوایەتیدان و قەبوڵکردنی ئەو پێشێلکارییەیە، چاوەڕوانی لە کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا ئەوەبوو، بە بێ ئەوەی هیچ کاتێک بە تورکیا بدات، داوای بکردایە هەنگاو بنێت، بە ئەنجامنەدانی ئەوە و بە بەخشینی کات ئەنجام و هەڵوێستێکی ناڕوونی هێناوەتە کایەوە.
دەوڵەتی تورک بەو پاڵپشتییەی کە لەلایەن زلهێزە بیانییەکانەوە وەریگرتووە، تا ئەمڕۆ جینۆساید لەسەر کورد ئەنجامداوە، هەروەها پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا دژی گەلی کورد بە پشتیوانی ئەو هێزانە بەڕێوەچوو، لە دۆسیەی کورد و ڕێبەر ئاپۆدا، هەرچەندە دەوڵەتی تورک بە ڕوونی مافەکانی پێشێل کردووە و تاوانی گەورەی ئەنجامداوە، بەڵام دەوڵەتان یان بێدەنگ بوون یان لاواز مامەڵەیان کردووە، هەروها هەتا ئێستا دەوڵەتی تورک هیچ هەنگاوێکی بۆ دووبارە دادگای کردنەوەی ڕیبەر ئۆجالان نەناوە و هیچ شتێکیش لە دژی ئەمە نەکراوە، هەروەها سی پی تی هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ نەهێشتنی تاوان و پێشێلکارییە ڕوونەکانی ئەو یاسایەی کە دەستنیشانی کردبوو.
لە ئێستاشدا کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەورووپا کاتی بە تورکیا بەخشیوە، بەڵام لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکان کە بە زەقی ئەنجام دەدرێن و گۆشەگیریی ڕەها کە بە شێوەیەک کە ماوەی ڕەوایەتی و قەبوڵ نییە، دەبوایە دەستبەجێ هەنگاوی بنایە، لەم ڕووەوە هەڵوێستی کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەورووپا لاوازە و پێسێلکردنی مافەکان لەلایەن دەوڵەتی تورک ڕەوایەتی پێداوە.
دەوڵەتی تورکی قڕکەر و فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە، بە لەشکرکێشی بۆ سەر کوردستان و هێرشەکانیان بۆ سەر خەڵکی کوردستان و ئازادییخوازان، دەیانەوێت بە گۆشەگیریی ڕەها لە ئیمرالی درێژە بە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی بدەن و جینۆسایدی سەر کورد لەسەر ئەم بنەمایە پێکبهێنن، لە بەرامبەر ئەو تاوانە مێژووییانەدا کە دەوڵەتی تورک و حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی جینۆسایدی کورددا ئەنجامیانداوە، پێویستە هەموو لایەک بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن، دامودەزگاکانی ئەورووپا، بەتایبەتی کۆنسەی ئەورووپا بە بەرپرسیارێتییە مامەڵە بکەن، بەهۆی پێشێلکردنی جددی مافەکان و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیی، نابێت کات بە تورکیا بدات.
لێرەوە داوا لە هەموو ڕێکخراو و ئەو کەسانە دەکەین کە مافی مرۆڤ دەپارێزن، بە تایبەتی پارێزەران؛ نزیکایەتی بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ تەنیا بە پێناسەکردنی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ڕوون دەکرێتەوە، نزیکبوونەوەی دەوڵەتی تورک و حکومەتی ئاکەپە- مەهەپە بەرامبەر بە گەلی کورد و ڕێبەر ئاپۆ لە بنەڕەتدا هێرشێکە دژی بە بەها مرۆییەکان، داواتان لێدەکەین هەڵوێستی بەهێز لە دژی ئەم نادادپەروەریی و نادادییە مێژووییە بگرنەبەر و لەسەر ئەو بنەمایە هەنگاو بنێن.
زۆرێک لەو بڕیارانەی کە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دراوە دەریدەخەن کە دەوڵەتی تورک ماف، یاسا، دادپەروەریی، ویژدان و ئەخلاقی پێشێل کردووە، لەم ڕوانگەیەوە پێوسیتە هەمووان پشتیوانی لە کامپەینی ئازادیی بکەن، بەتایبەتی خەڵکی کوردستان، زۆر گرنگە ئەم خەباتە بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام بێت و بەهێزتر بێت، لەسەر ئەم بنەمایەش هەموو خەڵک بەتایبەت گەلی کورد، ژن، گەنج، هێزی شۆڕشگێڕ-دیموکراتیک-ئازادییخواز لە دژی ئەو هێرشانە و داگیرکارییەکان و گۆشەگیریی و قڕکردن تێکۆشانی ئازادیی جیهانی بەهێزتر بکەن.