هەواڵ

دژایەتیی مەجلیسی ئێران بۆ دەست لەکار کێشانەوەی ئەو نوێنەرەی وەک جێگری پزشکیان دەستنیشان کرابوو

بەپێی ڕاپۆڕتی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، نوێنەرانی پەرلەمانی ڕژیمی ئێران (مەجلیسی شورای ئیسلامی) دژایەتیی دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولکەریم حوسێن‌زادە، نوێنەری نەغەدە و شنۆیەیان کردووە و بەو شێوەیەش ڕێگربوون لەوەی ئەو کەسە ببێتە جێگری سەرۆک‌کۆماری ئێران.

پێشتریش لە ناوەڕاستی مانگی خەرمانان، مەسعوود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، عەبدولکەریم حوسێن‌زادەی وەک جێگری خۆی بۆ کاروباری گەشەپێدانی گوندەکان و عەشایرییەکان دەستنیشان کردبوو.

هەرچەندە لە کوردستان هیچ پێشوازییەک لەو بڕیارە نەکرا، بەڵام هەندێک کەسایەتی سیاسی لە ناوخۆی ئێران پێشوازییان لێکرد. چوونکە لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا هیچ کات نەبووە کە کەسێکی غەیرە شیعە (شیعەی دوانزە ئیمامی) وەک جێگری سەرۆک‌کۆماری بگردرێتە کار.

دیار نییە هۆکاری دژایەتیی پەرلەمانی ئێران بۆ دەستلەکارکێشانەوەی حوسێن‌زادە چییە.

ئاژانسی هەواڵی فارس سەر بە سپای پاسداران، لە ڕاپۆڕتێکدا سەبارەت بەو تەوەرە دەڵێت کە "ئەندامانی مەجلیس پێیان وایە کە نەدەبوو سەرۆک کۆمار فەرمانی دامەزراندن بۆ کەسێک دەربکا کە نوێنەری پەرلەمانە، ئەو کەسە دوبوو دەستی لە کار کێشاباوە."

فارس لە درێژەدا ئەو بڕیارەی پزشکیانی بە "بەرژەوەندییەکانی وڵات و پەرلەمان" ناوبردووە.

لەلایەکی دیکەوە، پەرلەمانتار مێهرداد لاهوتی، ئەندامی دیکەی مەجلیس، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندووە کە نوێنەران "ئامادەبوونی ئەو لە مەجلیس بە کاریگەرتر دەزانن."

لە هەمان کاتدا، عەلی موجتەهدزادە، یاساناس لە تۆڕی مەجازی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە دژایەتی نوێنەران بۆ دەستلەکارکێشانەوەی حوسێن‌زادە "پەیامێک دەگەیەنێت دژی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی-سیاسییە ئەرێنی."

ئەو دەشڵێت کە "هیچ بەربەستێک لەبەردەم حوسێن‌زاده‌دا نییە و ئەو دەتوانێ دەست لەکار بکێشێتەوە."

تا ئێستا مەسعوود پزشکیان و عەبدولکەریم حوسێن‌زادە هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر بەم هەواڵە نەبووە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە