هەواڵ

نیگەرانیی بایدن سەبارەت بە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل

کەناڵی تەلەفزیۆنیی سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکات کە دەوڵەتی جۆ بایدن نیگەرانە لەوەی کە کۆماری ئیسلامی دوای کوژرانی حەسەن نەسرولڵا، سکرتێری گشتی حیزبولڵای لوبنان، بیهەوێت هێرشی سەربازی بۆ سەر ئیسرائیل بکات.

کەناڵی سی ئێن ئێن ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، بە بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە نووسیویەتی کە بەهۆی ئەم نیگەرانییەوە، هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسڕائیل لە پلانەکانی بەرگریکردن لە ئیسڕائیل و ڕێگریکردن لە هێرشەکان بەهێزتر بووە.

حیزبولڵا گرووپێکی چەکدارە کە زیاتر لە چوار دەیە لەمەوبەر بە هاوکاری فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ئێران لەو کاتەدا لە لوبنان پێکهێنرا، لە درێژەی چالاکییەکانی خۆی لە شەڕی دژی ئیسڕائیل دا بوو بە پارتێکی سیاسی و بەشێکی گەورە لە ناوچە شیعەکانی گەڕەکی باشووری بەیروت و هەروەها باشووری لوبنان لە نزیک سنووری باکووری ئیسڕائیل کۆنترۆڵ دەکات.

سەرچاوەیەکی دەوڵەتی ئەمریکا ڕەتیکردەوە کە هەر جۆرە وردەکارییەک سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل سەبارەت بە کوژرانی حەسەن نەسڕوڵڵا بخاتە ڕوو.

دوای دەستپێکردنی شەڕی غەزە، حیزبوڵڵای لوبنان هاوکات لەگەڵ گروپە شیعەکانی دیکە دەستیان دایە هێرش کردنە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیلیش لە تۆڵەدا بە بەردەوامی هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانی ئەم گرووپە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان.

لە یەک هەفتەی ڕابردوودا گرژییەکانی نێوان حیزبولڵا و ئیسرائیل پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ، کە نیگەرانی وڵاتانی ناوچە و جیهانی لێکەوتووەتەوە.

حیزبولڵای لوبنان گروپێکی شیعەی توندڕەون کە لەلایەن تارانەوە پاڵپشتی و تەیار دەکرێن و بە یەکێک لەو گروپانە دادەندرێن کە پێیان دەگوترێت "بەرەی موقاومەت".

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە