هەواڵ

پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجالان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ڕێکخراوی سی پی تی ئەنجام دا

پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە، کە زیاتر لە ٤٢ مانگە ناتوانن زانیاریی لە ڕێبەری گەلی کورد وەربگرن، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کۆمیتەی دژە ئەشکەنجەی ئەنجوومەنی ئەوروپا و ئەنجومەنی پەرلەمانتارانی ئەنجومەنی ئەوروپا ئەنجامدا.

سەبارەت بە چاوپێکەوتنەکە ئیبراهیم بیلمەز، یەکێک لە پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا دوا.

بیلمەز ڕایگەیاند، لە چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ CPT ـدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە “گۆشەگیریی گەیشتووەتە ئاستێک کە چیتر بەرگە ناگیرێت.”

بیلمەز ئاماژەی بەوە کرد کە بە شاندی CPTـیان ڕاگەیاندووە کە نموونەی سیستەمی گۆشەگیریی لە ئیمرالی لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نییە. گوتیشی: "هەروەها ئێمە بە CPT ـمان وت کە دەبێت ڕاپۆرتە ئامادەکراوەکەتان ئاشکرا بکەن، هەرچەندە ڕاپۆرتەکە ئاشکرا کراوە بەڵام دوو ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و لەبەر ئەوەی کات بەسەرچووە، داوامان لە CPT کرد کە دەستبەجێ سەردانی ئیمرالی بکەن."

پارێزەر بیلمەز تیشکی خستەسەر ئەو شتانەی کە CPT پێیانی وتووە و بەم شێوەیە دوا: شاندی CPT ڕایگەیاند کە لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە بە نزیکی لەگەڵ ئیمرالی سەروکاریان هەیە، پێیان وتین کە بۆ لابردنی گۆشەگیریی بەردەوام لەگەڵ حکومەتی تورکیا لە دانوستاندان، هەروەها سەبارەت بە ڕاپۆرتەکە وتیان بەبێ ڕەزامەندی تورکیا ناتوانن ڕاپۆرتەکە ئاشکرا بکەن، بەڵام بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی تورکیا، لە هەوڵداندان.

بیلمەز ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئەنجوومەنی ئەورووپاش هەندێک چاوپێکەوتنی دیپلۆماسی ئەنجام داوە، لە چاوپێکەوتنەکانیاندا باسی گۆشەگیریی توندکراو و سزای زیندانی هەتاهەتایی قورسکراویان کردووە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە