هەواڵ

جەمیل بایک: پاڕادایمی ڕێبەر ئاپۆ چارەسەرییە

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی گشتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان، کەجەکە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات لە بەرەبەری ساڵڕۆژی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ٩ـی ئۆکتۆبەری ١٩٩٨ کە لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان بەڕێوە چوو، هەڵسەنگاندی بۆ ئامانجی پیلانگێرییەکە و شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

جەمیل بایک دەڵێت: پیلانگێڕان ڕێگە چارەیان لەوەدا دۆزییەوە، کە ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ بێکاریگەر بکەن، ئەو کاتە دەتوانن بە ئاسانی دەستوەردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن. دەوڵەتی تورکیا ویستی سوود لەوە وەربگرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئامانجەکانی خۆی واتە پاکتاوکردنی پەکەکە و بە ئەنجامگەیاندنی قڕکردنی کوردان، بپێکێت، بەڵام هەم سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هەمیش دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەر چەندە لەو ڕووەوە کاریان کرد، دیسانیش ئەنجامیان بەدەست نەهێنا.

بایک ئاماژە بەوەش دەدات، "هەمووان دەیانوت ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە، کوردی ئازاد ئیتر کۆتاییان دێت، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ لەبەر ئەوەی پیلانگێڕیی و دەستوپێوەندەکانی باش شرۆڤە کرد و باش لە ئامانجی ئەوان تێگەیشت، ئەوەی بە بنەما گرت کە چۆن پیلانگێڕیی و ئامانجەکانی تێکبشکێنێت، هەربۆیەش خۆی کردە هێزی چارەسەریی، ڕێبەر ئاپۆ لەبەر ئەوە پاڕادایمێکی نوێی ئافراند، شکۆی گەلان، ژنان، گەنجان، ئەوانەی بۆ سۆسیالیزم، ئازادیی و دیموکراسی تێدەکۆشن بەرزکردەوە و هیوایەکی گەورەی بۆ دروست کردن، لە کەسایەتی خۆیدا پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی بەم جۆرە تێکشکاند."

هاوسەرۆکی کەجەکە شەڕ و ئالۆزییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش وەک درێژەی جەنگی جیهانیی سێیەم شڕۆڤە دەکات و پێیوایە کە دۆخی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی کەوتووتە قەیرانێکی قووڵ و گێژاوێکی گەورەوە، دەیەوێت خۆی لێ ڕزگار بکات، بەڵام چی دەکات ناتوانێت. "هەر بۆیە شەڕ تادێت گەورەتر دەبێت، ناوەندی ئەو شەڕە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کوردستانە. سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، سەرکردایەتیی ئەو سیستەمە دەکات."

هاوسەرۆکی گشتیی کەجەکە، جەمیل بایک لە بەشێکی دیکەی قسەکانییدا دەڵێت: لە دژی گەلی کورد، گەلی فەلەستین و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵکوژیی ئەنجام دەدرێت کەس دەنگ ناکات، بۆچی؟ چونکە دەیانەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ڕێکبخەنەوە، نایانەوێت گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم شەڕەدا گەشە بکەن، بۆ لاوازکردنی گەلان شەڕیان دەست پێکردووە، بۆ ئەوەی کە بتوانن سیستەمی خۆیان بنیات بنێن.

بەپێویستیشی دەزانێت ئەو تێکۆشانەی ڕێبەر ئۆجالان لە بەرژوەندیی گەلاندا دەیکات، مرۆڤایەتی، بۆ خۆی بە بنەما وەری بگرێت و دەڵێت: "چارەسەریی لە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ و سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و لە نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆدایە."

"سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە نێوانیاندا ئەوەی بەڕێوبەرایەتی دەکات ئەمریکا و ئیسرائیلە و ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامانجی خۆی هەیە ئێران و تورکیایە، بەڵام سیستەمی سەرمایەداریی لە پێش ئێران و تورکیاوەیە لە پیلانەکانیدا و پێشهاتەکان لە بەرژوەندیی ئەواندا نییە، بۆیە لە دژیان ڕادەوەستن، پێویستە لەم ململانێیانەدا پەرە بە شۆڕشی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک بدرێت، ئەوە ئەرکی هەر کەسێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە دەیانەوێت لەدەست قەیران و کۆمەڵکوژییەکان ڕزگاریان بێت."

دەقی چاوپێکەوتنەکەی هاوسەرۆکی کەجەکە بەمشێوەیە:

پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا لە دژی گەلی کوردستان، لە دژی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی مرۆڤایەتی بەڕێوەچوو. پیلانگێری نێونەتەوەیی ٢٦ ساڵی بەسەردا تێپەڕبوو، ئێستا پێدەنێینە ساڵی ٢٧ەمینەوە. لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا لەسەر گەلەکەمان، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی بەراستی ستەمێکی گەورەیان کرد. دەتوانم بڵێم سوکایەتی کرا. رێبەر ئاپۆ لە دژی ئەو پیلانگێرییە بەرخودانی گەورەی مێژوویی ئەنجامدا. بەم بۆنەوە سڵاو ئاراستەی رێبەر ئاپۆ دەکەم، رێزی خۆم، پابەندبوونی خۆم رادەگەیەنمەوە. ئەو بەڵێنەی بە رێبەر ئاپۆمان داوە دووبارە دەکەمەوە. لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بە پێشەنگایەتی خالید ئۆڕاڵ بەرخودانێک ئەنجامدرا ئەوە بووە هێڵێکی بەرخودان. نەک هەر کادرەکانی بزوتنەوە، بەڵکوو گەلی کوردیش لەو هێڵەدا بەشداربوون، لەمڕۆدا مرۆڤایەتیش لەو هێڵەدا بەشدارە. تادێت ئەو هێڵە بەرەوپێشدەچێت، سەردەکەوێت و تائەمڕۆ بەردەوامە. لەئێستا بەدواوەش بە بەهێزی بەردەوام دەبێت. لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا لە بەرامبەر گەلەکەمان، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مرۆڤایەتی ستەمێکی گەورە، گوشارێکی گەورە، ئەشکەنجەی گەورە کراوە. هەربۆیە رێبەر ئاپۆ لە بەرخودانەکەیدا بەهاکانی گەلەکەمان، بەهاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهاکانی مرۆڤایەتی بە بنەما دەگرێت، نوێنەرایەتی دەکات و جێبەجێیان دەکات.

پیلانگێڕی لە رێگەی گۆشەگیرییە بەردەوامە

ئەگەر بەرامبەر رێبەر ئاپۆ پیلانگێرییەک کرا و پێداگریی لەسەر دەکرێت، ئەمڕۆ ئەو پیلانگێڕییە لە رێگەی گۆشەگیری رەهاوە بەردەوامە، دەبێت مرۆڤ باش لەوە تێبگات. بۆ ئەوەی مرۆڤ بە باشی تێیبگات دەبێت لە مامەڵەی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، سیستمی داگیرکەری قڕکەر، سیستمێک کە لە سەرووی دەوڵەت و حکومەت دامەزراوە باش تێبگات. ئەگەر مرۆڤ بە باشی لە مامەڵەی ئەوان لەگەڵ کورد تێنەگات، مرۆڤ ناتوانێت بە باشیس لە پیلانگێریی نێونەتەوەیی و گۆشەگیری رەها کە لە ئێستادا بەڕێوەدەچێت تێبگات. بنەماکەی لە بنەڕەتدا لە کۆبوونەوەی قاهیرەدا دانرا. لە رێگەی کۆبوونەوەی قاهیرە سیاسەت بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێبەجێکرا. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەشکرا، هەم عەرەبەکان، هەم کورد دابەشکران. لەسەر ئەو پارچەکردنە سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییان چەسپاند، لەسەروو ئەوەوە بەڕێووەیان برد. کاتێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەو پارچەبوونەیان پێشخست، نکۆڵییان لە گەلی کورد کرد. وتیان کورد چیتر بوونی نییە. ئەگەرچی هەبوو، بەڵام لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە سیاسەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا ئیتر کورد جێگەی نەبووەوە. لەبەر ئەوەش سیاسەتی قڕکردن، سڕینەوەیان بە بنەما گرت. لەبەر ئەوە کورد لە دەرەوەی سیستمێک کە پەرەی پێدرا، هێڵرایەوە. واتای ئەمە چییە؟ ئیتر کورد هیچ مافێکیان نییە.

بە تەواوەتی لەو مافانە داماڵدران کە هەموو گەلێک هەیەتی. ئەو سیاسەتە کە لە کۆنەوە تائەمرۆ بەڕێوەدەبرێت، لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێوەدەچێت. واتە سیاسەتی قڕکردن قەبوڵکرا. دەوڵەتانی داگیرکەر ئەو سیاسەتە درێژە پێدەدەن. ئەگەر مرۆڤ بە باشی لەوە تێنەگات، مرۆڤ ناتوانێت ئەو یاسایانەی کە دواتر لە دژی کوردان پەرەیان پێدرا، لێیان تێبگات. دەزانرێت کە چەندین یاسا داڕێژران، پلانی چاکسازی خۆڕهەڵات (شارک ئیسلاحات) یاسای تونجەلی (دەرسیم) و پەیوەست بەوەشەوە زۆر یاسا پێشخران. ئامانجی ئەو یاسایانە هەرهەموویان ئەوەبوو کە چۆن کورد لەناوببەن. سەرجەم ئەو یاسایانە لەسەر ئەو بنەمایە پێشخران. ئێستا یاساکانی دەوڵەتی تورک یاسای قڕکردنی کوردانن. لە تورکیا تەنیا یەک یاسا بۆ کورد هەیە. ئەو یاسایە چییە؟ ئەوەیە کە دەسەڵات دەبێت بە تەواوەتی قڕکردنی کوردان بە بنەما بگرێت. ئەوەی لەسەر حکومەت پێویستە ئەوەیە کە درێژە بە لەناوبردنی کوردان بدات و بیگەیەنێتە ئەنجام. ئەوەی ئەو سیاسەتە بە بنەما نەگرێت هەرگیز ناتوانێت بێتە سەر دەسەڵات و ناشتوانێت لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە. ئەگەر ئاکەپە-مەهەپە هێنراونەتە سەر دەسەڵات و لەسەر دەسەڵات دەهێڵدرێنەوە، بۆ ئەوەیە کە قڕکردنی کوردان تەواو بکەن هێنراونەتە سەر دەسەڵات. بۆیەش لەدەسەڵات دەهێڵدرێنەوە. ئاکەپە-مەهەپە بە تەواوەتی دەسەڵاتداری خۆیان لەسەر بنەمای قڕکردنی کوردان بەرەوپێش دەبەن.

لە کۆبونەوەی قاهیرەدا هیچ حەق و مافێکی کوردان لەبەرچاو نەگیرا

لە ئێستادا بە تایبەت دەوڵەتی تورک لەبەرئەوەی لەسەر قڕکردنی کوردان دامەزرێنراوە و بەردەوامە، بە مافی خۆی دەزانێت کوردان قڕبکات. گەر لەسەر کوردان پەرە بە کۆمەڵکوژی دەدات، هەموو شتێکی دژە-مرۆڤایەتی و قەدەغەکراو دەکات؛ گرتن، کوشتن، کوشت و بڕ لە سەر زیندانیان، ئەشکەنجەیان، وە سروشتی کوردان تاڵان دەکات، کوردان ناچار بە کۆچبەری دەکات، هەمووی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خۆی بە مافدار و ڕاست دەزانێ. بۆچی؟ لەبەرئەوەی لە دژی کوردان سیاسەتی قڕکردن بەڕێوەدەبات. بۆ هەموو ئەمانەش خۆی بە حەقدار و ڕاست دەبینێ. وە مکوڕی دەکات لەوەی بە ئەنجام بگا. لەبەرئەوەی تاکە دەستوری خۆی بۆ کوردان لەسەر ئەم بنەمایەیە، بەڕێوەیشی دەبات. جەخت لەسەر ئەمە دەکاتەوە بۆئەوەی ئەنجام بەدەست بهێنێت. ئەمە حەقیقەتی دەوڵەتی تورکە. لەو کاتەی پیلانگێڕی نێونەتەوەی پیشخرا دەوڵەتی تورک ئەمەی بە هەل بۆخۆی زانی و وتی؛ دەمەوێت سود لەم فرسەتە وەربگرم، ئەو کۆمەڵکوژیەیی لەسەر کوردان هەیە، دەتوانم بەردەوامی پێبدەم، دەتوانم بگەم بە ئامانج.

پیلانگێڕی نێونەتەوەیش لە هەموو ڕوویەکەوە بە هاوکاری دەوڵەتی تورک کرا. لەبەرئەوەی ئەو سیاسەتەی سیستەمی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری پەرەی پێدەدات، لەسەر لەناوبردنی کوردان بوو. لەبەرئەوەی دەوڵەتی تورکیش درێژە بەم سیاسەتە دەدات، هەربۆیە لە هەموو لایەکەوە پەرەیان بە هاوکاری دەوڵەتی تورکدا. دەوڵەتی تورکیش بەم هاوکارییانەوە دەیویست ئامانجەکانی خۆی پێکبهێنێت. لە ئێستادا ئەو سیستەمی کە لە ئیمراڵیدا پێشخراوە، سەرتاپا سیستەمێکی نا ڕەوایە، سیستەمێکە بەتەواوی لەلایەن گلادیۆوە پیشخراوە. یاساکانی گلادیۆ ماوەی ٢٦ ساڵە لە ئیمراڵیدا بەڕێوەدەبردرێت و هیچ مافێک پەیڕەوناکرێت. بۆچی؟ لەبەرئەوەی گەلی کورد مافی نیە. بە کۆبوونەوەی قاهیرە گەلی کورد بێ-مافکرا. گەر گەلێک ماف و حەقی نەبێت، ئەوا بۆ ئەو گەلە هیچ کاتێک ماف بە بنەما وەرناگیرێت. کێیش بۆ ئەم گەلە پەرە بە تێکۆشانێک بدات، بۆ ئەوەش هیچ کاتێک ماف بە بنەما وەرناگیرێت. هەتا هەم بۆ ئەو گەلە، هەمیش بۆ ئەوەی کە خاوەنداری لەم گەلە دەکات، بۆ ئەم گەلە تێکۆشین، ئازادی و دیموکراسی پێشخستبێ لەگەڵ ئەو گەلەدا بە تاوانبار دەبینرێت. هەربۆیە ئەو تێکۆشانەی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە پێشیخستووە بە دژی خۆیانی دەیبینن و بە تاوان سەیری دەکەن. هەر بۆیە دووژمن لە دژی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە پەرە بە بێ-مافی دەدات و هیچ ماف و دادپەروەرییەکیان بە بنەما وەرنەگرتووە. بە تەواوەتیش بۆ ئەمە پەرە بە یاساکانی گلادیۆ دەدەن. لە ئێستادا ڕێبەر ئاپۆ لە نێو بارودۆخی زۆر سەختدا لەدژی ئەم سیستەمە وەستاوەتەوە. یانی لە دژی گلادیۆ، سیستەمی گلادیۆ، وە لەدژی ئەو سیستەمەی گلادیۆ پەرەی پێداوە، سیستەمی مۆدێرنێتەی سەرمایەدارییە، لە دژی هەموو ئەوانەی هاوکاری ئەم سیستەمەیە و لەم سیستەمەدا جێگەیان هەیە وەستاوەتەوە و بەرخۆدانێکی مێژووی پێشخست. بەهاکانی گەلی کورد و مرۆڤایەتی پاراست، نوێنەرایەتی کرد و دەیویست ئەم بەهایانە زیاتر بەرزکاتەوە. ئەو ڕێبازەی کە پێشیخستووە بە تەواوی لەسەر ئەم بنەمایەیە. هەر بۆیە خۆی کرد بە هێزی چارەسەری. بووە میراتی بۆ گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەکانی کرد بە بنەمای خۆی. چارەسەرکردنی کێشەکان، کێ پیلانگێڕی نێونەتەوەی بەپێشخست، کێ ڕۆڵی لەم سیستەمەدا هەیە و خزمەتی کردووە، هەموو ئەوانەی شرۆڤەکرد. لەم شرۆڤانەدا ئەنجامی دەرخست، خۆی سەرلەنوێ ئاواکردەوە. لە کەسێتی خۆیدا گەلی کورد و مرۆڤایەتی سەرلەنوێ ئاوەدان کردەوە. بۆ گەلی کورد، مرۆڤایەتی و ژن پارادایمی نوێی پێشخست و ڕادەستیانی کرد. بەم شێوەیە هیوایانی فۆرمەلەکرد. بۆچی جەختەکەنەوە لەسەر پیلانگێڕێ و لە فۆرمی ئیمراڵیدا بەردەوامە؟ بێگومان هۆکاری هەیە و لە رێبەر فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەترسن. چونکە کاریگەری لەسەر سیاسەتی تورکیا و جیهان هەیە. کاریگەری لەسەر گەلی کورد و گەلانی جیهان هەیە و هیوابەخشیانە. ڕێگەی چارەسەرییان لەپێش دەکاتەوە. هەربۆیە پیلانگێڕان، خاینانی کورد، دەسەڵاتداری لە ڕێبەر ئاپۆ دەترسن.

گەلی کورد حەقیقەتی بنەماڵەی بارزانی بینی

گەر دەوڵەتی تورک 'مافی هیوا' قبوڵناکات، هۆکارەکەی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورک، هیچ تێکۆشانێک بەناوی گەلی کورد و وەک کوردیش قبوڵناکات، دەیەوێت گەلی کورد بە قرکردنی تێپەڕێنێت، هەرچی هەبێت بە ناوی کورد و گەلی کوردەوە لەباری بەرێت، هەربۆیە مافی هیوا قەبوڵناکات. هەربۆیە لە کۆبوونەوەی قاهیرەدا نکۆڵی لە گەلی کوردکرا و خستیانە دەرەوەی سیستەمی جیهانەوە. هیچ مافێکییان بەگەلی کورد نەدا. گوتییان گەلی کورد هیچ مافێکی ژیانکردنی نیە. لەسەر ئەم بنەمایە پەرەیان بە سیستەمی خۆیاندا. وە دەوڵەتی تورکیش لەسەر ئەم بنەمایە لە پەیاماننامەی لۆزانەوە دامەزرێنرا. هەربۆیە دەوڵەتی تورک مافی کورد قبوڵناکات. هەربۆیە مافی هیوایش بۆ ڕێبەر ئاپۆ قبوڵناکەن. لە ئێستادا نزیکبوونەوە لە ڕێبەر وەک کاغەزی تورنوسۆلە (لتیموس)، ڕاستی هەموو کەسێک دەردەخات. لە ئێستادا ئەو بەرخۆدانەی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵیدا بەڕێوەی دەبات حەقیقەتی هەموو گەلی کورد دەرخات. لە هێلی تەڤگەری کورددا، هێڵی خیانەت چیە، هێڵی هاوکاری لەگەڵ دووژمندا چییە، هێڵی وڵاتپارێزی و شۆڕشگێڕی چییە، چی لە مرۆڤەکان دەخوازێت لە هەموو ڕوویەکەوە ئەمە پیشان دەدات و بۆ هەمووکەسێکی ڕوونکردەوە. هەر بۆئەمەش کوردان لە حەقیقەتی بنەماڵەی بارزانی تێگەشتن.

ئەمەش بۆ گەلی کورد دەستکەوتێکی گەورەیە. چونکە تا ئێستا گەلی کورد وەها تێگەیشتبوو کە ئەم بنەماڵەیە بۆ گەلی کورد تێکۆشان دەکەن. بەڵام دەرکەوت ئەم بنەماڵەیە لە پێناو خۆیان هەر کارێک دەکەن. هەر بۆیە لەگەڵ دوژمنی گەلی کورد دژی بە کورد دەستیان بە هاوکاری کرد. ئەم ڕوون بوونەوە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ گەلی کورد. چونکە نەک هەر خیانەتکارانی کوردی ئاشکرا کردووە، بەڵکوو وای کردووە لێ تێبگەن. نەک هەر وڵاتپارێزیی، بەڵکوو شۆڕشگێڕیی کوردیشی ئاشکرا کرد و ناساندی. هەروەها جگە لەمەش ئەوانەی دەڵێن من سۆسیالیستم، دیموکراتم، ڕۆشنبیر و ئازادیم دەوێت، دژی فاشیزم و جینۆسایدم، ڕاستی هەمووانی ئاشکرا کرد. بەڕاستی کێ گرنگی و خاوەنداری لەم بەهایانە دەکات، کێ خۆی لە بن ئەم بەهایانەدا دەشارێتەوە، هەموو ئاشکرا بوو. هەروەها کێ لە جیهاندا دۆستی کوردە، کێ دوژمنی کوردە و بۆچی دوژمنایەتی کورد دەکەن، ئەوانەشی ئاشکرا کرد. ئەمە دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە بۆ گەلی کورد. چونکە ڕێبەر ئاپۆ بەتەمەنی خۆی بۆ ئەم مەسەلە تێکۆشانی کردووە. بە واتایەکی تر لە کوردستان بەرەی خیانەت و وڵاتپارێزی لەیەکتر جیابوونەتەوە، مردن و ژیان لەیەکتر جیابوونەتەوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی گەلی کورد لە دۆست و دوژمنانی تێبگات. ڕێبەر ئاپۆ بەتەمەنی خۆی بە تەواوی لەسەر ئەم بنەمایە ژیاوە و لەسەر ئەو ئەساسە تێکۆشانی بەرەوپێش بردووە. لەم تێکۆشانەدا، هەم ڕێبەر ئاپۆ و هەم گەلی کورد و پەکەکە ئازارێکی زۆریان کێشاوە، بەدیلێکی زۆریان داوە، بەڵام لە ئەنجامدا ئامانجەکەیان بەدەست کەوت.

ئەوروپا وەهای دانابوو کە دەوڵەتی تورک پەکەکە لەناودەبات

دامەزراوەکانی ئەوروپا کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و لەو کۆبوونەوەیەدا ساڵێکی دیکەیان دەرفەت بە دەوڵەتی تورک بەخشی. ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٤ لە بڕیارێکیدا رایگەیاند دادگاییکردنی ڕێبەر ئاپۆ دادگاییکردنێکی دروست نەبووە و هیچ یاسایەکی تێدا پەیڕەو نەکراوە، هیچ دادپەروەرییەک بەکار نەهاتووە. دەبێت دووبارە بڕیاری لەسەر بدرێتەوە و لە سەر ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی ئەشکەنجە ئەنجام دەدرێت. مافەکانی ڕێبەر ئاپۆ به تەواوی پێشێل ده کرێت. هەرچەندە ئەنجومەنی ئەوروپا ماوەی ١٠ساڵە هیچ بڕیارێکی دیکەی نەداوە. بۆچی بڕیاریان نەداوە و بۆچی ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ ماوەی ١٠ساڵە لە سەر بڕیارەکەی نەوەستاوە؟ چونکە دەوڵەتی تورک لە دژی ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە و دژی کوردانی ئازادیخواز بڕیاری دەرکردبوو و لە پراکتیکدا جێبەجێ دەکرد، بڕیارەکەی تەسلیمیەت بوو. واتە ئەوەی بەناوی کورد و کوردستان، ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە هەیە بە تەواوەتی لەناوی ببەن. بڕیارەکە لەسەر ئەم بنەمایە بوو، هەروەها ئەنجوومەنی ئەوروپا چاوەڕێی ئەوەی دەکرد دەوڵەتی تورک ئەو بڕیارەی کە وەریگرتووە، جێبەجێ بکات.

ئەنجومەنی ئەوروپا وای دانا بوو کە دەوڵەتی تورک پەکەکە لەناودەبات و جینۆسایدی کورد تەواو دەکات، بۆیە چیتر پێویست ناکات مافی هیوا بۆ ڕێبەر ئاپۆ بگەڕێننەوە، بۆیه هەم پێش پیلانگێڕی و دوای پیلانگێڕیی لەهەموو لایەکەوە هاوکاری دەوڵەتی تورکیان کرد. له بەر ئەوەی دەوڵەتی تورک بە هاوپەیمانی لۆزانەوە خۆیان دروستیان کردووە. ئەو هاوپەیمانێتیە کێ دروستی کردووە؟ ئەوانەی کۆبوونەوەی قاهیرەیان بەرێوه برد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دابەش کرد. ئەوانەی بەشداریان له سیستەمی جیهانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد، نکۆڵیان لە کورد کرد و له یاسا و ماف خۆی بێبەرییان کرد و بڕیارەکەی خۆیان و دەوڵەتی تورکیان بە بنەما وەرگرت. بەڵام بەهۆی خاوەنداری بەرفراوان لە ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە گەیشتە ئاستێکی بەرز و دۆستانی پەکەکە لەو پێناوەدا تێکۆشانیان کرد، هیوای ئەوروپا و دەوڵەتی تورک بەدی نەهات کە بەهیوای لەناوبردنی پەکەکە و جینۆسایدی گەلی کورد بوو، بۆیە ناچار بوون جارێکی لەسەر بڕیارەکانیان کۆببنەوە.

لە شوێنێک گەر دیموکراسی و ئازادی خرایە لاوە، لەو شوێنە فاشیزم سەر هەڵدەدات

ئەگەرچی گفتوگۆیان کرد، بەڵام ساڵێکی تر کاتیان بە دەوڵەتی تورک بەخشی، ئەمە لەسەر داوای دەوڵەتی تورکیا ڕوویدا. چونکە دەوڵەتی تورک ئێستا بە هەموو لایەک دەڵێ ئێمە دژی پەکەکە و ئەو تێکۆشانەی کە ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەی دەبات، زۆر کارمان کردووە. ئیتر لە ماوەیەکی کەمدا پاکتاو و کۆمەڵکوژیان دەکەین. بۆ ئەوەش ساڵێکی تر هاوکاریم بکەن. چونکە تورکیا ئەمەی داوای کردووە، ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ ماوەی ساڵێک جارێکی دیکە دەرفەتیان پێدا. ئەمەش مانای ئەوەیە کە دەتوانن درێژە بە ئەشکەنجەدانی ڕێبەر ئاپۆ بدەن، ئەگەر دەتانەوێت پەکەکە لەناوببەن، جینۆسایدی کورد تەواو بکەن، دەتوانن بیکەن. بەم بڕیارە هاوکاریی و خزمەتگوزارییان بە دەوڵەتی تورک بەخشی. بە واتایەکی تر ئەوروپا لە بنەڕەتدا ئاگاداری هەموو بڕیارەکانی خۆیەتی. ئەو بڕیارەی دەوڵەتی تورک سەبارەت بە ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە و کۆمەڵکوژی کوردانی داوە، هەمان بڕیارە کە لە قاهیرە دراوە. لەسەر ئەم بنەمایە دەوڵەتی تورک جینۆساید و پاکتاوکاری ئەنجام دەدات. دەوڵەتی تورک تەنیا کورد جینۆساید ناکردووە. لە تورکیا گەلانی تر، ئایین و کولتووری تر هەبوون و هەموویانی جینۆساید کردووە. تەنها کورد مایەوە،

دەیەوێت کوردیش لەناو ببات. داوای دەرفەتەکانی تورکیا بۆ تەواو کردنی کۆمەڵکوژییە، لەسەر ئەم بنەمایە داواکارییەکەی وەرگیراوە. لە مێژووی ئەوروپادا، بەم شێوەیە، تێکۆشانی زۆر بۆ دیموکراسی و ئازادی هەبووە و بەها دروست بووە، ئەوان هەمووی ژێر پێ دەکەن. پێویستە گەلانی ئەوروپا ئەمە ببینن و قبوڵی نەکەن. پێویستە دژی ئەمە بوەستنەوە و بڵێن ئێمە بە ساڵانە تێکۆشانمان لەو بارەوە داوە. ئێمە خاوەنی ئەم بەهایانەین و خاوەنداری لێبکەن. چونکە تادێت ئەوروپا زیاتر لەو بەهایانە دوور دەکەوێتەوە، بەو هۆیەوە بزووتنەوەی فاشیزم لە ئەوروپادا گەشە دەکات. چونکە یاسا و دادپەروەری، دیموکراسی و ئازادی مرۆڤ لەبەر چاو ناگرێت، لە ئەنجامدا چی پێش دەکەوێت؟ فاشیزم. ئەگەر ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێکی ئەوروپا پارتە فاشیستەکان گەشە دەکەن، ئەمە هۆکارەکەیە. بۆ گەلانی ئەوروپا کە لە پێناو دیموکراسی و ئازادیدا تێکۆشان دەکەن و دژی فاشیزم، نادادپەروەری و ستەم دەوەستنەوە، پێویستە ئەمە ڕاستیانە ببینن و قبووڵی نەکەن.

سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا لە دژی مرۆڤایەتی، دژی بەهاکانی مرۆڤایەتی، دژی دیموکراسی، ئازادی، دادپەروەری، یەکسانی بەکار دەهێنێت، لە جیهاندا کە دیموکراسی و ئازادی و دادپەروەری بنەڕەتین، تێکۆشانی دیموکراسی، ئازادی، پێویستی بە دادپەروەری و یەکسانی هەیە. ئەگەر سیستەمی مۆدڕنیتەی سەرمایەداری کە لە جیهاندا، نوێنەرایەتی ئەو دەسەڵاتدارانە دەکات لەم سیستەمەدا، دژی گەل، ژنان، گەنجان، کرێکاران، گوندنشینان، دژی هێزەکانی دیموکراسی، ئازادی، سۆسیالیزم، دەبێتەوە بەهاکان کە بە ساڵان بەدەست هاتووە دەخاتە ژێر پێیەوە، بۆیە نابێت بەس چاودێری بکەن. لە بەرامبەریدا پێویستە بوەستنەوە و خاوەنداری لە بەهاکان بۆ داهاتوو بکەن. ئەمڕۆ ڕێبەر ئاپۆ خاوەنداری لە بەهاکانی مرۆڤایەتی و دیموکراسی، ئازادی و سۆسیالیزم دەکات. بۆیە ئەو هێزانە پێویستە خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن. چارەنووسی خۆیان و ڕێبەر ئاپۆ وەک یەک ببینن. دژی پیلانگێڕی و گۆشەگیری بوەستنەوە و بۆ دیموکراسی و ئازادی تێکۆشانیان بەرز بکەنەوە. بۆ ئەوەی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت، پێویستە تێکۆشان پەرەی پێ بدرێت. دوای ئەوەی سیستمی سۆڤیەت رووخا بۆشایی زۆر هاتە کایەوە. سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ویستی ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە، لە جیهان دەسەڵاتداری، هەژمونی خۆی رابگەیەنێت. لەبەر ئەوەش کەوتە ناو شەڕێکی ئایدۆلۆژیک و دەرونی، سەربازی و کولتوری. تادەهات ئەو شەڕەی لە ئاستێکی زۆر بەرزدا پێشدەخست. بەوە دەڵێن شەڕی هایبرایت. لەمرۆدا شەڕێکی بەو جۆرە بەڕێوەدەبرێت. رێبەر ئاپۆ هەرکە لە ئەنقەرە دەستیپێکرد، لە باکوری کوردستان پەرەی بە تێکۆشاندا، ئەو تێکۆشانە لە بەشەکانی دیکەش پەرەی پێدرا، لە چوارچێوەی کوردستاندا هاتەدەرەوە، لە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکرا، کاریگەری سازکرد. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بناخەیەکی سەرەکی بوو بۆ سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری. هەربۆیەش بە پێویستیان دەزانی کە کاریگەرییەی کە رێبەر ئاپۆ لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سازی دەکرد بەری پێبگرن. لەبەر ئەوەی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەیویست لە جیهاندا هەژموونی خۆی سازبکات. ئەو رێگەیەش بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێپەڕدەبوو. بۆیەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هەر ئاستەنگێک، مەترسیەک ساز بێت پێویستە بەر بەوە بگیرێت. مەترسی، ئاستەنگییەک کە رێبەر ئاپۆ سازی دەکرد، بینیان، هەرلەبەر ئەوەش، ئەوەی کە چۆن بەریپێبگرن، ئەویان کردە ئامانج. بۆ ئەوەی بتوانن رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گوێرەی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری رێکبخەن، بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەو هەرێمە دەستەبەر بکەن. ئەگەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست نەهێنن، ناتوانن هەژموونی خۆیان لە جیهان بەرەوپێش ببەن و رایبگەیەنن. لەبەر ئەوە زۆر گرنگ بوو. لەبەر ئەوەی ئاستەنگی، مەترسی گەورە لەسەریان رێبەر ئاپۆ بوو، رێگە چارەیان لە چیدا دۆزیەوە؟ لەوەدا کە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بکەن، رێبەر ئاپۆ بێکاریگەر بکەن. ئەو کاتە دەتوانن بە ئاسانی دەستوەردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن. ئەگەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەییان پێش خست، بۆ ئەوەبوو کە ئامانجەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەسەر جیهاندا بەرەوپێش ببەن، بۆیە ئەو پیلانگێڕییەیان کرد.

هەمووان بەو جۆرە بیریان دەکردەوە کە رێبەر ئاپۆ، پەکەکە و کوردی ئازاد لەناو دەچن

دەوڵەتی تورکی ویستی سوود لەوە وەربگرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئامانجەکانی خۆی واتە پاکتاوکردنی پەکەکە و بە ئەنجامگەیاندنی قڕکردنی کوردان، بپێکێت. بەڵام چەندە لەو رووەوە هەم سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کاری کرد، هەم دەوڵەتی داگیرکەر، قڕکەری تورکی کاری کرد، دیسانیش ئەنجامیان بەدەست نەهێنا. بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجام پێویستی دەکرد هەندێک رێککەوتن و پەیوەندی دیکە سازبکەن. لەسەر ئەو بنەمایە لەگەڵ بارزانییەکان، لەگەڵ عێراق هەندێک رێککەوتنیان کرد. هەروەها دەوڵەتی تورکیا دەبینێت کە ئەگەر کۆنەپەرستی دەسەڵاتداری و داگیرکەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر رکێفی خۆیدا کۆنەکاتەوە و ئەو هێزە و هێزی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بەیەک نەگەیەنێت، ناتوانێت ئامانجی پاکتاوکردنی پەکەکە، قڕکردنی کوردان بهێنێتەدی. دەوڵەتی تورکیا ئێستا لەسەر ئەو بنەمایانە کاردەکات. کارێکی زۆر مەترسیدار دەکات. پێویستە گەلەکەمان و دۆستانمان باش لەوە تێبگەن، ئەگەر مرۆڤ بە باسی تێنەگات ناتوانێت تێکۆشانێکی دروست بەڕێوەببات، مرۆڤ ناتوانێت ئامانجەکانی، ئاواتەکانی مرۆڤایەتی دەستەبەر بکات.

رێبەر ئاپۆ ئەم پرسیارانەی لە خۆی کرد، کێ پیلانگێری کرد، بۆچی پیلانگێڕی کرد، ئامانجی چی بوو، دەیانەوێت چی بکەن، پێویستە لە دژی پیلانگێری چۆن بوەستنەوە، بە چ هەڵوێستێک دەتوانێت پیلانگێڕی پوچەڵ بکاتەوە، بزوتنەوەی گەل و مرۆڤایەتی لەسەر بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی بەرەوپێش ببات، هیوایان بەهێز بکات، هەموو ئەمانەی لە خۆی پرسی و لە کەسایەتی خۆیدا وەڵامی دانەوە. هەمووان دەیانگووت رێبەر ئاپۆ، پەکەکە، کوردی ئازاد ئیتر کۆتاییان دێت. بەڵام رێبەر ئاپۆ لەبەر ئەوەی پیلانگێڕی و دەستوپێوەندەکانی باش شرۆڤە کرد و باش لە ئامانجی ئەوان تێگەیشت، ئەوەی بە بنەما گرت کە چۆن پیلانگێڕی و ئامانجەکانی تێکبشکێنێت، هەربۆیەش خۆی کردە هێزی چارەسەری. هەربۆیە کەس بڕوای نەدەکرد کە رێبەر ئاپۆ بەم بەهێزییە بەرامبەر بە پیلانگێریی بوەستێتەوە. رێبەر ئاپۆ لەبەر ئەوە پاڕادایمێکی نوێ لەپێناو گەلی کورد، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی، لەپێناو هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی، سۆسیالیزم، بەتایبەتی ژنان و گەنجان ئافراند. شکۆی گەلان، شکۆی ژنان، شکۆی گەنجان، شکۆی ئەوانەی بۆ سۆسیالیزم، ئازادی و دیموکراسی تێدەکۆشن بەرزکردەوە. هیوایەکی گەورەی بۆ دروست کردن. لە کەسایەتی خۆیدا پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بەم جۆرە تێکشکاند. ویستی پەکەکە، گەلی کورد، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرجەم گەلانی بندەست، ژنان، مرۆڤایەتیش ئەو پیلانگێرییە تێکبشکێنن. بۆئەوەی جیهان بکەوێتە دۆخێکی نوێ. پاڕادایمی ئافرێندراو لەسەر ئەو بنەمایە بوو. لەبەر ئەوە تادێت ئەو پاڕادایمە بە جیهاندا بڵاودەبێتەوە. تادێت باشتر لە رێبەر ئاپۆ تێدەگەن. باشتر لە گەلی کورد تێدەگەن، باشتر لە ژنانی کورد تێدەگەن.

سیستەمی سەرمایەداری بۆ ئەوەی خۆی لە قەیرانەکان ڕزگار بکات، دەیەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەر لەنوێ دیزاین بکاتەوە

ڕوونە کە لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەمدا سیستەمی سۆڤیەت دامەزراوە. لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا سیستەمەکە فراوانتر و بەهێزتر و پەرەی پێدرا. ئێستا جەنگی جیهانی سێیەم بەردەوامە. دۆخی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری وەک دۆخی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم نییە. بەڵکوو کەوتووتە قەیرانێکی قووڵ و گێژاوێکی گەورەوە، دەیەوێت خۆی لێ ڕزگار بکات، بەڵام چی دەکات ناتوانێت. هەر بۆیە شەڕ تادێت گەورەتر دەبێت. ئەو شەڕەی ئێستا پەرەی سەندووە، ڕاستە لە هەندێک ناوچەی جیهاندایە، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. ناوەندی ئەو شەڕە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کوردستانە. سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، سەرکردایەتی ئەو سیستەمە دەکات، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردۆتە ناوەندی شەڕەکە بۆ ئەوەی ئاژاوە لە سیستەمەکەدا دروست بکەن. بۆیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر شەڕ دەخوڵقێنن. ڕەنگە ئێستا هەر کەس وا تێبگات کە شەڕەکە بە دەستی ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت. بەڵام لە ڕاستیدا پشت پەردەی شەڕەکە زۆری شتی شاراوەی تێدایە.

لە ڕاستیدا سیستەم ئیسرائیلی خستووتە پێش خۆی، هاوکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیسرائیل دەپارێزێت و دەیەوێت دەسەڵاتی سیاسی، سەربازی، دیپلۆماسی، ئابووری ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکات. ئێستا شەڕێکی بەرفراوان دەستی پێکردووە. مەبەستیان سەر لەنوێ دیزاینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. چونکە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا ڕەوڵێکی وەهای نەبووە. ئێستا سیستەمەکە لە قەیرانێکی قووڵدایە. لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا هەندێک ناوەندیان دروستکرد، هەموویان شکستی هێنا. بۆیە ئێستا پێویست بە سەر لەنوێ ڕێخستنەوە هەیە. هەر بەو هۆیەشەوە شەڕێکی چڕیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێکردووە. ئیسرائیل ئەم شەڕە بەڕێوە دەبات. وەک دەردەکەوێت شەڕەکە لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندایە. ڕەنگە لە لایەکەوە ئەمە ڕاست بێت. بەڵام شەڕەکە تەنها لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا نییە. شەڕ لە بنەڕەتدا لە نێوان مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و مۆدێرنیتەی دیموکراتیکدایە.

دەوڵەتی تورک بەم شەڕە ڕازی نییە. دژی ئیسرائیلە. لە ڕاستیدا وا نییە. وا نیشان دەدەن دژی ململانێەکانن، لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورک دەڵێت 'من دەوڵەتێکی ناتۆم'، ناتۆ، سیستەمی سەرمایەداری دەبێت مۆدێرنیتەی من بە بنەما بگرێت، من بۆ ئەوە ئامادەم، خۆی منی هێناوەتە سەر دەسەڵات بۆ تەواوکردنی جینۆسایدی کورد و کۆتایی هێنان بە پەکەکە. بۆ ئەوەی بتوانێت سیستەمێکی بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گوێرەی خۆی بنیات بنێت. بەو بۆنەوە بوو کە پەرەمان بە داعش دا. واتە نیگەرانە لەوەی ئێستا ئیسرائیل بەبنەما دەگرن. ئەمەش دژی بەرژەوەندییەکانی ئەوانە.' ئێران ئەمە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەبینێت. چونکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەم ئێران و هەم دەوڵەتی تورک پێشتر دەوڵەتی گەورەیان بنیات ناوە، پلانەکانی داهاتوویان لەسەر ئەوە بنیات ناوە. بەڵام ئێستا سیستەمەکە لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە لاوازیان دەکات، هەروەها لە ڕێگەی هەندێک دەسەڵاتی عەرەبیەوە. ئەگەر ئێران، تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل لە ململانێدان، ئەوە بەهۆکارەکەیە. دەوڵەتی تورک دژی ئیسرائیل نییە. پێویستە هەرکەس باش لەم بابەتە تێبگەن.

لە دژی گەلی کورد، گەلی فەلەستین و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدرێت کەس دەنگ نادات. بۆچی؟ چونکە دەیانهەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ڕێکبخەنەوە. بۆیە نایانەوێت گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم شەڕەدا گەشە بکەن، بۆیە بۆ لاوازکردنی گەلان شەڕیان دەست پێکردووە، بۆ ئەوەی کە بتوانن سیستەمی خۆیان بنیات بنێن.

سەرنج بدەن، یەکەم ئیسرائیل دەڵێت تیرۆریستێکی زۆرمان کوشتووە و دووەم دەوڵەتی تورک دەڵێت ڕۆژانە تیرۆریستێکی زۆرمان کوشتووە، لێرەدا ڕکابەرییەک لەنێوان ئیسرائیل و تورکیا لەسەر کوشتن و کۆمەڵکوژی هەیە. ئەو سیاسەتەی پەیڕەو دەکرێت بەتەواوی لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێوە دەچێت. کێشەکە لە کوێدایە؟ ئیسرائیل هەژموونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرە پێدەدات و دەوڵەتی تورک بە هەمان شێوە پەرە بە خۆی دەدات کێشەکە لێرەدایە. پێویستە لەم ڕاستییە تێبگەین، بۆ ئەوەی هەڵە نەکەین. ئێمە دژی ئەم جەنگین، دژی کۆمەڵکوژیین. بە پێچەوانەوە تێکۆشانی گەلان بۆ ئازادی، دێموکراسی و دادپەروەری بەرەوپێش دەبەین و بەهێزی دەکەین.

هێزه دەسەڵاتدارەکان له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەرێکی دیموکراسییانەیان ناوێت

سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، کە سەرکردایەتی ئەم سیستەمە دەکات، نایەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چارەسەری پێشکەوێت. چارەسەری دێموکراتیزەبوون، دێموکراسی و ئازادی پەرەی پێدەدرێت، ئەوان دەیانەوێت ڕێگری لێبکەن. چونکە بەرژەوەندییەکانیان دەخاتە مەترسیەوە. ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە دەیەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم شەڕە گڵاوەدا دەر بهێنێت و بۆ گەلان سەردەمێکی نوێ بکاتەوە. دەیهەوێت دیموکراتیزەبوون، ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشبکەوێت و برەو بە یەکڕیزی گەلان، باوەڕە و کەلتوورەکان بدرێت. بەڵام سیستەمی سەرمایەداری ئەمە بۆ بەرژەوەندییەکانیان بە مەترسی دەزانن. بۆیە بەردەوام دەیانەوێت شەڕی نێوان گەلان، باوەڕ و کولتوورەکان قووڵتر بکەنەوە هەتا بەو شێوەیە بگەنە ئامانجە گڵاوەکانیان، بۆیە دەیانەوێت ڕێگری لەو چارەسەرییە بکەن کە ڕێبەر ئاپۆ دەیهەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەی پێبدات. کە نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو لە سەرانسەری جیهاندا ڕوودەدات. ئەوان سەرەتا هێرشیان کردە سەر کێ؟ هێرشیان کردە سەر پەکەکە بۆچی؟ چونکە دەیانویست ڕێگە لەچارەسەری نەتەوەی دێموکراتیک بگرن، بۆیە هێرشیان کردە سەر کورد و پەکەکە هەتا بتوانن ئەو کێشانەی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستی کردووە قووڵتر بکەینەوە. لەسەر ئەو بنەمایە، بتوانن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخەنە بن خزمەتی خۆیانەوە. لەوەش زیاتر دەوڵەتی تورک هێشتا هاوکاری داعشە و دەیهەوێت بەم شێوەیە لەلایەن مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قبوڵی بکەن. واتە دەوڵەتی تورک دەیهەوێت چی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت لە ڕێگەی ئەوەو ئەنجام بدرێت، دەڵێت بەبێ من ئێوە ناتوانن هیچ بکەن. ئێستا پەکەکە و کوردی ئازاد دژی ئەمە سیاسەت و پلانانە دەوەستنەوە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێگرییان لە داعش کرد لە وێرانکارییەکی گەورەتر.

ئەگەر ئەمڕۆ ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە و کوردی ئازاد لە هەموو شوێنێک دەکرێنە ئامانج هۆکارەکەی ئەمەیە. واتە دەڵێن ئێوە نەتانهێشت ململانێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵتر بێتەوە. ئێمە دەمانەوێت قووڵتر بێتەوە، ئێوە ڕێگری لێدەکەن. بۆیە دوژمنایەتی دەکەن. ئەگەر ‌هێندە دوژمنایەتی پەکەکە دەکەن، دوژمنایەتی ڕێبەر ئاپۆ و نەتەوەی دیموکراتیک دەکەن، هۆکارەکەی ئەمەیە. بۆیە پێویستە ئەو چارەسەرەییەی کە ڕێبەر ئاپۆ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مرۆڤایەتی پەرەی پێداوە، زیاتر بەهێز بکرێت. تاچەندە لەسەر ئەو بنەمایە تێکۆشان پتەوتر بێت، داخوازییەکانی گەل و مرۆڤایەتی زیاتر بەدی دێت. ئاڵۆزییەکانی ناو سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هێشتا لە گەشەکردندایە، کە دەکرێت تێیدا شۆڕشی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک پێشبکەوێت و سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. بەهۆی ئەوەوە شەڕی سەرەکی لەو چوارچێوەدا بەڕێوە دەچێت. لەبەر ئەوەیە دەڵێت من دژی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریم، ئەم سیستەمە دژی کۆمەڵایەتی بوون و دژیمرۆڤایەتییە، دژی ژیانە، پێویستە ئەو تێکۆشانەی کە ڕێبەر ئاپۆ لە بەرژوەندی گەلدا دەیکات، مرۆڤایەتی، بۆ خۆی بە بنەما وەری بگرێت. چارەسەری لە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ و سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و چارەسەری لە نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆدایە.

بۆیە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە نێوانیاندا ئەوەی بەڕێوبەرایەتی دەکات ئەمریکا و ئیسرائیلە و ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامانجی خۆی هەیە ئێران و تورکیایە. بەڵام سیستەمی سەرمایەداری لە پێش ئێران و تورکیاوەیە لە پلانەکانی. بەم بۆنەوە لە هەردووکیان ڕازی نییە. دەبینن کە پێشهاتەکان لە بەرژوەندی ئەواندا نییە. بۆیە لە دژیان ڕادەوەستن. پێویستە لەم ململانێیانەدا پەرە بە شۆڕشی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک بدرێت. ئەوە ئەرکی هەر کەسێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە دەیانەوێت لەدەست قەیران وکۆمەڵکوژییەکان ڕزگاریان بێت."

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە