هەواڵ

کەجەکە: بۆ تێکشکاندنی داگیرکاری دەنگ بە کاندید و هێزە وڵاتپارێزەکان بدەن

هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان، کەجەکە، لە بارەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە لە ٢٠ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

کەجەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی وەک دەرفەتێک بۆ نیشاندانی هەڵوێستێکی بەهێز لەدژی "هێڵی خیانەت" ناو بردووە و لەو سۆنگەشەوە تەئکیدی لەسەر دەنگدان بە "کاندید و هێزە وڵاتپارێزەکان" کردۆتەوە. هاوکات بەبیری هێناوەتەوە کە پەدەکە و بنەماڵەی دەسەڵاتداری بارزانی "هێچ پەیوەندییەکیان بە کوردایەتی و دۆزی کوردستانەوە نییە و بە پێچەوانەوە بوونەتە بەشێک لە سیاسەتی دژی گەلی کورد."

دەقی ڕاگەیانراوەکەی کەجەکە بەم شێوەیەیە:

وەک دەزانرێت لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت. لە پرۆسەیەکدا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاریی گرنگی تێدا ڕوودەدات، هەڵبژاردن لە باشووری کوردستان ئەنجام دەدرێت و ئەمە هەم بۆ باشووری کوردستان و هەم بۆ سەرجەم کوردستان گرنگە.

لەسەر بنەمای دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەشەسەندنەکان زیاد دەبن، هێزە داگیرکەر، کۆڵۆنیالیست، جینۆسایدکەرەکان و دوژمنانی کورد بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان لەسەر کوردستان درێژە پێبدەن و ڕێگری لە ئازادیی گەلی کورد بکەن، دەیانەوێت ئەم پرۆسەیە بە شەپۆلێکی نوێی جینۆساید تەواو بکەن و جینۆسایدی کورد بگەیەننە ئەنجام.

لە دژی ئەم پیلانە مەترسیدارە زۆر گرنگە کە گەلەکەمان لەسەر هێڵی وڵاتپارێزیی یەکێتی نەتەوەیی خۆی پێشبخات و لەسەر ئەم بنەمایە تێکۆشان گەورە بکات. دەبێ ڕوانگەی گەلەکەمان و هێزە وڵاتپارێزەکان لە بەرامبەر هەموو ڕووداوەکان لەسەر ئەم بنەمایە بێت. هەڵبژاردنەکانی باشووری کوردستان کە لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـدا بەڕێوە دەچن، دەبێ لەسەر ئەم بنەمایە بە جددی وەربگیرێت و بەپێی ئەم ڕوانگەیە نزیکایەتی بکرێت.

گەلی کوردستان و هێزە وڵاتپارێز، دیموکراتیک و شۆڕشگێڕەکان لە دژی هێزە جینۆسایدکەر، کۆڵۆنیالیست و داگیرکەرەکان و هێزە هاوکارەکانیان و خیانەتکارەکان، بەرخۆدانێکی گەورەیان نیشان داوە. سەرەڕای هەموو یارمەتی هێزە دەرەکییەکان و خیانەتی هاوکارەکان، هێزە جینۆسایدکەر، کۆڵۆنیالیست و داگیرکەرەکان لە بەرامبەر بەرخۆدانی گەلی کوردستانی وڵاتپارێز تا ئێستا ئەنجامیان وەرنەگرتووە.

پەدەکە و بارزانی لە کوردستان بوونەتە هێزێک کە پێشەنگی بۆ هێڵی هاوکاریی و خیانەت دەکەن. پەدەکە و بارزانییەکان نەک تەنها لە باشووری کوردستان، بەڵکو لە هەموو پارچەکانی کوردستان خیانەتی هاوکارییان پێشخستووە و بوونەتە بەشێک لە جینۆسایدی گەلی کورد.

لە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا پشتگیریی داوەتە دەوڵەتی تورکیا و بووەتە هاوکاری. هێرشەکانی سەر گەلەکەمان لە کامپی پەنابەرانی مەخموور و جێبەجێنەکردنی داواکاریی ڕەوا و دیموکراتیکەکانی گەلەکەمان لە شنگال، ئەنجامی ئەم سیاسەتی هاوکاریی و خیانەتەیە.

لە باکووری کوردستان هەموو دامەزراوە کۆنتراکانی هاوکار کە لەگەڵ دوژمن لە پەیوەندیدان و هێرش دەکەنە سەر تێکۆشانی ئازادی، پشت بە پەدەکە و بارزانییەکان دەبەستن. ئەمانە هەمووی نیشان دەدەن کە پەدەکە و بارزانییەکان هێچ پەیوەندییەکیان بە کوردایەتی و دۆزی کوردستانەوە نییە و بە پێچەوانەوە بوونەتە بەشێک لە سیاسەتی دژی گەلی کورد و تۆڕێکن کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییدا لەگەڵ دوژمن هەموو جۆرە پەیوەندییەک پێک دەهێنن.

پەدەکە و بارزانی هێزێکن کە هاتوونەتە سەر تێکۆشانی گەلی باشووری کوردستان و لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بازرگانی بە کوردایەتی و کوردستانەوە لەگەڵ دوژمن و هێزە دەرەکییەکان کردووە. خاوەنی زیهنیەتێکی دژە دیموکراتیک و دژە نەتەوەیین. بەم سیاسەت و زیهنییەتەیان بوونەتە گەورەترین بەربەست لە بەردەم پێشکەوتندا.

بێگومان هەموو دوژمنان و هێزە تاریکەکان پشت بە پەدەکە و بارزانییەکان دەبەستن و لەسەر کوردستان و گەلی کورد پیلانی گڵاو دادەڕێژن و سیاسەت دەکەن. لە کوردستان لە هەموو شوێنێک هەڵوێست نیشاندان لە دژی هێڵی خیانەت و هاوکاریی بەم شێوەیە ئەرکی سەرەکی وڵاتپارێزییە. دەبێت گەلەکەمان و هێزە نەتەوەیی دیموکراتیک و وڵاتپارێزەکان لە هەر دەرفەتێکدا ئەم هەڵوێستە نیشان بدەن. لەبەر ئەوە زۆر گرنگە کە گەلەکەمان لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـدا لە دژی هێڵی خیانەت هەڵوێستێکی بەهێز نیشانبدەن. گەلی کوردستانی وڵاتپارێز دەبێت پشتگیریی هێز و کاندیدە وڵاتپارێزەکان، دیموکراتیک و نەتەوەییەکان بکات و بەپێی ئەمانە هەڵوێستی خۆی نیشان بدات.

ئەنجامەکانی کە دەردەکەون بۆ ڕزگارکردنی باشووری کوردستان و سەرجەم کوردستان لە چنگی داگیرکاریی و جینۆساید و بۆ پێشخستنی سیستەمێکی دیموکراتیک و ئازادییخواز، زۆر گرنگ دەبێت.

گەلەکەمان دەبێت لە هەڵبژاردنی ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـدا لەسەر ئەم بنەمایە هەڵسوکەوت بکات و ئیرادەی خۆی بە شێوەیەکی بەهێز نیشان بدات. دەبێت هێز و کاندیدە وڵاتپارێزەکانیش خاوەنداریی لەم هەڵوێستەی گەلی کوردستان بکەن و لە دژی هێڵی هاوکار و خیانەت، هێڵی وڵاتپارێزیی و ڕەگەزە دیموکراتیکەکان بە بنەما بگرن و بەم شێوەیە درێژە بە کارەکان بدەن.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە