لێدوانی فەرماندەیی گشتیی یەرەکە سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕژیمی تورکیا
فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەرەکە، سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕژیمی داگیرکەری تورکیا بۆسەر هەرێمەکانی ئاسۆس و پێنجوێن ڕاگەیەندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەیی یەرەکەدا هاتووە کە لەو هێرشانەدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانیان نەکەوتووە، بەڵام ڕەز و باخەکانی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە زیانیان پێ گەیشتووە.
فەرماندەیی یەرەکە هەروەها تەئکیدی کردۆتەوە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی بەردەوام بەسەر ئاسمانی ئەو ناچانەدا دەسووڕێتەوە.
لێدوانی فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەرەکە:
دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی تورکیا دوێنێ شەو لە کاتژمێر٢٢:٣٠ هەتا ٢٣ چوار جار هەرێمەکانی ئاسۆس و پێنجوێنی بە فڕۆکەی شەڕ بوردمان کردووە و فڕۆکەی سیخوڕی بەردەوام بە سەر هەردوو هەرێمەکەدا دەسووڕێتەوە.
لە ئەنجامی ئەو هێرشانە دا هیچ زەرەر و زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە، بەڵام زەرەرێکی زۆر بەر ڕەز و باخی هاووڵاتیان کەوتووە.
وەک دەزانرێت ئێستاکە جیهان بە گشتی لە نێو شەڕێکی زۆر گراندایە کە وەک شەڕی سێهەمی جیهانی پێناسە دەکرێت، ناوەندی ئەم شەڕە لە کوردستانە و لە ئاستی هەرە بەرزدا لە ئیمرالی و لە هەمبەر ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت. ڕێبەر ئاپۆ بە بەرخۆدانی بێ وێنەی ٢٦ ساڵ ئەوەی نیشانی هەموو لایێک دا کە “بەرخۆدان ژیانە” و بە بەرخۆدان ئازادی و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین.
گۆڕانکارییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ ئەوە دەخەنە پێش چاو کە بارودۆخ لەوەی کە ئێستا هەیە قورستر دەبێت و دەبێ هەموو لایەک بزانن کە ئێمەش وەک یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سات بە سات پێواژۆ ڕەچاو دەکەین و بە گوێرەی گۆڕانکارییەکان هەڵوێستی پێویست نیشان دەدەین.
دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی تورک لە لایەکەوە باسی چارەسەریی کێشەی کورد دەکات و لە لایەکی تریشەوە لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ لە پێنجوێنەوە بگرە هەتا ڕۆژئاوای کوردستان و شەنگال بە دەیان و سەدان جار کوێرانە بوردومانێکی چڕی کردووە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەو دەوڵەتە فاشیستە لە نێو دڵەڕاوکێی لەناوچووندایە و مانەوە لە دەرەوەی بازنەی سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکیی ئێستاکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر بەڕۆکی گرتووە و بە مەزاد کردنی دەوڵەمەندییەکانی جوگرافیای تورکیا دەیهەوێت خۆی لەم قەیرانە ڕزگار بکات.
بەڵام وەک ڕێبەر ئاپۆ بە دەیان جار دەستنیشانی کردووە، تەنیا ڕێگەی چارەسەریی ئەم بابەتە چارەسەریی دیموکراتیکە و لە کۆتاییدا هەر دەبێ بێنە سەر ئەوەی کە ڕێبەرایەتیمان دیاری کردووە و ئەگەر وا نەبێت لە کەسایەتیی دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی تورکیادا هەموو داگیرکەرانی کوردستان مەحکوومن بە لەناوچوون.
فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
۲۴_۱۰_۲۰۲۴