کەجەکە: بزووتنەوەکەمان ئەو پرۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ بکات، بە بنەما وەردەگرێت
هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان، کەجەکە، سەبارەت بە دیداری ٢٣ی ئۆکتۆبەری عومەر ئۆجالان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا تەئکید کراوەتەوە کە گۆشەگیری بەردەوامە و تا گۆشەگیریی لە سەر ڕێبەر ئاپۆ بە تەواوەتی هەڵنەگیرێت و هەلومەرجی تەندروستی، ئەمنیەت و تێکۆشان بۆ ڕێبەر ئاپۆ دابین نەکرێت، ناکرێت قسە لەسەر پێشکەوتنەکان بکرێت.
کەجەکە ڕایگەیاندووە: "بزووتنەوەکەمان بە سەرجەم پێکهاتەکانیەوە، بەگوێرەی ئەو پرۆسەی کە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ بکات، مامەڵە دەکات، پێویستە بۆ ئەم مەبەستە هەلومەرجی تەندروستی، ئەمنیەت و تێکۆشان بۆ ڕێبەر دابین بکرێت."
دەقی بەیاننامەکەی کەجەکە بەمشێوەیەیە:
لە ڕۆژی چوارشەمە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام درا، هەندێک پەیام کە ڕێبەر ئاپۆ دەیویست بۆ ڕای گشتیی ڕابگەیەنێت، بڵاوکرایەوە، دوای پێنج ساڵ چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ زۆر گرنگە، لەم چاوپێکەوتنەدا هەواڵ وەرگرتن لە ڕێبەر ئاپۆ ئێمە، گەلەکەمان و دۆستانمانی زۆر دڵخۆش کرد، بەڵام وەک ڕێبەر ئاپۆ ڕوونی کردەوە، گۆشەگیری بەردەوامە.
دەبێت هەلومەرجی تەندروستی، ئەمنیەت و تێکۆشان بۆ ڕێبەر ئاپۆ دابین بکرێت
ڕێبەر ئاپۆ بە ڕوونی دیاری کرد کە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی جێبەجێ دەکات و ڕایگەیاند کە ئەگەر هەلومەرجەکان دابین بکرێن، ئەو ڕۆڵی خۆی لە چارەسەری سیاسیی دیموکراتیکی کێشەی کورددا دەگێڕێت، دەبێت ئەم هەڵوێستە لەلایەن هەموو کەسێکەوە باش تێبگەیەنرێت، ئەوانەی کە بۆ ئاشتیی و چارەسەریی کێشەکە هەڵوێست دەردەبڕن، بانگەواز دەکەن و پشتگیری دەکەن، دەبێت نزیکبوونەوەی پێویست بۆ ئەم هەڵوێستەی ڕێبەر ئاپۆ نیشان بدەن، بۆ ئەمەش پێش هەر شتێک دەبێت هەلومەرجی تەندروستی، ئەمنیەت و تێکۆشان بۆ ڕێبەر ئاپۆ دابین بکرێت، هەتا ئەم هەلومەرجانە دابین نەکرێن و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دیالۆگ و دانوستانی خێرا دەست پێ نەکات، ڕاست نییە کە چاوەڕێ بکرێت ڕێبەر ئاپۆ وەک خۆی ڕۆڵ بگێڕێت و ناکرێت مرۆڤ باسی پێشکەوتنەکان بکات.
مسۆگەر کردنی ئاشتیی بە موخاتەب وەرگرتنی ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت
لایەنی چارەسەری دیموکراتیکی کێشەی کورد ڕێبەر ئاپۆیە، ئاشتیی لە تورکیاش بە موخاتەب وەرگرتنی ڕێبەر ئاپۆ وەک لایەنەی سەرەکی پرسی کورد دەکرێت، ئێمە وەک تەڤگەر لەو بڕوایەداین کە دیموکراتیک بوونی تورکیا بە چارەسەری دیموکراتیکی کێشەی کوردەوە بەستراوەتەوە، چارەسەری کێشەی کوردیش بە دیموکراتیک بوونی تورکیاوە بەستراوەتەوە و زۆر جار ئەم هەڵوێستەمان نیشان داوە.
بە ئامانجگرتنی ڕۆژئاوا پارادۆکسێکی گەورەیە
دەوترێت ئەو چالاکییەی لە ئەنقەرە ئەنجام درا لەلایەن تەڤگەرەکەمانەوە کراوە، ئەگەر ئەم چالاکییە لەلایەن هێزەکانی ئێمەوە کرابێت، هەپەگە ڕاگەیاندنی پێویست دەدات، بەڵام دەیانەوێت وا نیشان بدرێت، بە دڵنیاییەوە هیچ پەیوەندییەکی ئەم چالاکییە بەو پرۆسەی پێشکەوتووە نییە.بەهۆی ئەم چالاکییەوە بەئامانجگرتنی هەرێمەکانی پاراستنی ڕۆژئاوا، شنگاڵ و هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە. بەبێ جیاوازی ئامانجەکان، هێرشیان کردە سەر گوند و شارەکانی ڕۆژئاوا، ڕاستەوخۆ شوێنی نیشتەجێبوونی گەل.
مەخزەنەکانی خۆراک، ئاو و وێستگەکانی کارەبا، سووتەمەنی، بەنداو، نانەواخانە و نەخۆشخانەکانیان کردە ئامانج. لەو هێرشانەدا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش بریندار بوون. ئێمە ئەم هێرشە دڕندانەیە شەرمەزار دەکەین. لەلایەکەوە ئاشتی و چارەسەری سیاسی بۆ کێشەکان تاوتوێ دەکرێت، لەلایەکی دیکەوە هێرشی بەردەوام ئەنجام دەدرێت و گەل بەئامانج دەگیرێت و دەکوژرێت و شوێنەکانی ژیان و سامانی گەل دەکرێتە ئامانج ئەمە پارادۆکسێکی گەورەیە.
سەرکەوتن و پێشکەوتن بە تێکۆشان دێتە دی
دەبێت گەلەکەمان و دۆستانمان بە تێێگەیشتنی ئەم ڕاستییە مامەڵە بکەن، هەموو ئەو شتانەی کە تا ئێستا بەدەستمان هێناوە بە تێکۆشان هاتوونەتە دی، هەموو ئەو پێشکەوتنانەی بەدیمان هێناوە، ئەنجامی تێکۆشانی ئێمەیە، لەمەودوا هەموو سەرکەوتن و پێشکەوتنەکان کە ئێمە بەدەستی دەهێنین دیسان بە تێکۆشان دەکرێت، دەبێت ئێمە بەم هۆشیارییە مێژووییەوە هەڵسوکەوت بکەین و پێشخستنی تێکۆشان بە بنەما بگرین،پێشکەوتنی تێکۆشان بە بنەمایەک وەربگرن.
ئەوەش دەزانرێت کە ئێمە لەگەڵ چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی کوردداین و لەگەڵ چارەسەری کێشەکان بە گفتوگۆ و دانوستانین. وەک بزووتنەوە و گەلەکەمان ئەم هەڵوێست و ئیرادەیەمان نیشان داوە. ڕێبەر ئاپۆ لەو دیدارەی کە لەژێر گۆشەگیریی ڕەهادا بەڕێوە چوو، بە ڕوونی هەڵوێستی خۆی بۆ چارەسەری دیموکراتیکی کێشەکە نیشاندا. بەڵام گۆشەگیریی ڕێبەر ئاپۆ هەر بەردەوامە. پێویستە بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری و دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، تێکۆشانمان بەرفراوانتر بکەین. پێویستە گەلەکەمان و دۆستانمان لەسەر ئەم بنەمایە بەردەوام بن لە تێکۆشانیان."