نهێنیی تەمەندرێژی لە جیهانی ئاژەڵاندا؛ بۆچی بوونەوەرە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەژین؟
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانیا نیشانی دەدات کە ئەو جۆرە ئاژەڵانەی زیاتر کۆمەڵایەتین، تەمەنێکی درێژتریان هەیە و ماوەی بەرهەمهێنانیشیان زیاترە. ئەم لێکۆڵینەوەیە کە زۆر جۆری ئاژەڵ لە شەقایقی دەریاییەوە (ئانیمۆنی دەریایی) تا مرۆڤ لەخۆ دەگرێت، یەکەم توێژینەوەی گشتگیرە لەم بوارەدا.
پرۆفیسۆر ڕاب سالگوێرۆگۆمێز، پسپۆڕی بەشی زیندەوەرزانی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و سەرپەرشتیاری ئەم توێژینەوەیە، لە ١٥٢ جۆری ئاژەڵ لە گرووپگەلی جیاوازی وەک باڵندەکان، شیردەرەکان، مێرووەکان و مەرجانەکان وردبۆتەوە. ئەو پەیوەندیی نێوان کۆمەڵایەتی بوون و تایبەتمەندییە جیاوازەکانی ژیان وەک تەمەن، کاتی پێگەیشتن و ماوەی بەرهەمهێنانی هەڵسەنگاندووە.
ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە دەریخستووە کە جۆرە کۆمەڵایەتییەکان تەمەنێکی درێژتریان هەیە، درەنگتر پێدەگەن و ئەگەری سەرکەوتنیان لە زاوزێدا زیاترە. هەرچەندە ئەم جۆرانە لەوانەیە لە خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگە خێرا گۆڕاوەکاندا تووشی کێشە بن، بەڵام وەک گرووپ، نەرمونیانیی زیاتریان هەیە.
ئەم توێژینەوەیە هەروەها ئاشکرای دەکات کە کۆمەڵایەتیبوون کاریگەریی هەیە لەسەر کەمبوونەوەی توانای زاوزێ یان مانەوەی ئاژەڵەکان لەگەڵ زیادبوونی تەمەنیاندا (پیربوون). بۆ نموونە، هاوپەیمانە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن یارمەتیی پاراستن لەبەرامبەر ڕاوچییەکان بدەن و تەمەن درێژ بکەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گوشاری دەروونی لە پلەبەندیی کۆمەڵایەتی و ناکۆکییەکان دەتوانێت کاریگەریی پێچەوانەی هەبێت.
پرۆفیسۆر سالگوێرۆ-گۆمێز دەڵێت: "کۆمەڵایەتیبوون لایەنێکی گرنگی زۆربەی ئاژەڵانە. بەڵام، ئێمە هێشتا بەڵگەی فرەمان لەسەر تێچوو و سوودەکانی کۆمەڵایەتیبوون بەردەست نەکەوتبوو. لێرەدا، ئەم لێکۆڵینەوە بە بەکارهێنانی ژمارەیەکی بێوێنە لە جۆرەکانی ئاژەڵ، نیشانی داوە کە جۆرانەی کۆمەڵایەتیترن (زۆربەی مەیموونەکان، مرۆڤەکان، فیلەکان، فلامینگۆکان و تووتییەکان) تەمەن و ماوەی زاوزێی درێژتریان هەیە بە بەراورد لەگەڵ جۆرە تەنیاترەکان (هەندێک ماسی، خشۆک و هەندێک مێروو)."
توێژینەوەکانی پێشوو لەم بوارەدا زیاتر لەسەر جۆرە تایبەتەکان یان گرووپەکان وەک باڵندە یان هەندێک شیردەر چڕببوونەوە. ئەم توێژینەوە نوێیە بە فراوانکردنی بازنەی لێکۆڵینەوەکە بۆ جۆرە جیاوازەکانی ئاژەڵ، دیدێکی گشتگیرتر پێشکەش دەکات.
بە پێچەوانەی توێژینەوەکانی پێشوو کە کۆمەڵایەتی بوونیان وەک دوو بەش (کۆمەڵایەتی یان ناکۆمەڵایەتی) پۆلێن دەکرد، ئەم توێژینەوە نوێیە کۆمەڵایەتیبوون وەک شەبەنگێک سەیر دەکات. ئەم شەبەنگە شێوازە "ناوەندییەکان"ی کۆمەڵایەتیبوون وەک ڕانەیی (گامێش، کەرەکێوی، باڵندە ڕانەییەکان)، هاوبەشی (وەک باڵندەی مارتینی مۆر) یان کۆلۆنیایی (وەک باڵندە هێلانەسازەکان، هەندێک هەنگ، پۆلیپە مەرجانییەکان) لەخۆ دەگرێت. ئەم دۆزینەوانە دەتوانن کاریگەریی گرنگیان هەبێت لە بوارە جیاوازەکاندا، لەوانە پاراستنی جۆرە لە مەترسیدارەکان و تێگەیشتنی باشتر لە پەرەسەندنی ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکان.