هەواڵ

بەردەوامبوونی هەناردەکردنی ئامێرە ئەڵمانییەکان بۆ ڕووسیا سەرەڕای گەمارۆکان

سەرەڕای گەمارۆکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەتایبەتی یەکێتیی ئەورووپا، ئامێرە پیشەسازییەکانی ئەڵمانیا هێشتا بۆ ڕووسیا هەناردە دەکرێن. بەپێی لێکۆڵینەوەی میدیاکانی ئەڵمانیا، لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە ٣٠٠ مەکینە کە دەتوانرێت بۆ بەرهەمهێنانی پارچەکانی ئۆتۆمبێل یان تەقەمەنی بەکاربهێندرێن، زۆربەی جار لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ ڕووسیا نێردراون.

بەپێی بەڵگەنامەکانی گومرگی ڕووسیا کە کەوتوونەتە دەست میدیاکانی ئەڵمانیا، تا کۆتایی دیسەمبەری ٢٠٢٣ زیاتر لە ٣٠٠ کارگۆ لە بەرهەمهێنەرانی ئەڵمانییەوە بۆ ڕووسیا نێردراون. زۆربەی ئەم کارگۆگەلە ئامێرە پیشەسازییە گەورەکان یان ئامێرەکانی CNC لەخۆدەگرن کە دەتوانرێت بۆ بەرهەمهێنانی پارچەکانی ئۆتۆمبێل، فڕۆکە یان تەقەمەنی بەکاربهێندرێن.

ئۆلێنا یۆرچێنکۆ، پسپۆڕی ئەنجومەنی ئاسایشی ئابووری ئۆکرانیا، هۆشداری دەدات کە ٨٠لەسەدی ئامێرەکانی CNC لە ڕووسیا ئەمڕۆ لە بەرهەمهێنانی سەربازیدا بەکاردەهێنرێن. بە گوتەی ناوبراو، ئەڵمانیا بە پشکی ٣٠لەسەدی، پێشەنگە لە بەرهەمهێنانی ئەم ئامێرانە لە ڕووسیا.

لێکۆڵینەوەکان نیشانی دەدەن کە ئامێرەکانی ئەڵمانیا بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن دابینکەرانی سەربازیی ڕووسیاوە بەکاردەهێندرێن. کۆمپانیاکانی ڕووسیا وەک Parsek، Kamaz، NIR و Industrial Solutions کە پارچەکانی مەکینە (ماتۆڕ)، فڕۆکە و مووشەک بۆ سوپای ڕووسیا دابین دەکەن، ئەم ئامێرانە بەکاردەهێنن.

بێنجامین هیلگێنستۆک، پسپۆڕی گەمارۆکان لە قوتابخانەی ئابووری کیێڤ، داوای کۆنترۆڵی زیاتر دەکات لەسەر هەناردەکردنی ئەم ئامێرانە. ئەو پێی وایە کە دەرچوون لە گەمارۆکان زۆر قازانجبەخشە و بەگشتی کەسانێک لە وڵاتانی سێیەم بۆ ئەم کارە دەدۆزرێنەوە.

دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە فێبرییە ٢٠٢٢، وڵاتانی ڕۆژئاوا گەمارۆی بەرفراوانیان بەسەر ڕووسیادا سەپاند. ئەم گەمارۆیانە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی ئەو کاڵایانە دەگرێتەوە کە دەکرێت لە پیشەسازی سەربازیدا بەکاربهێنرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕووسیا هەوڵی داوە بە بەکارهێنانی وڵاتانی سێیەم وەک تورکیا، ئەم گەمارۆیانە دەور بدات.

ئەڵمانیا وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی پیشەسازی ئامێرسازی لە جیهاندا، هەمیشە یەکێک بووە لە هەناردەکەرە سەرەکییەکانی ئامێرە پیشەسازییەکان بۆ ڕووسیا. سەرەڕای گەمارۆکان، وا دەردەکەوێت کە هەندێک لەم هەناردەکردنانە هێشتا بەردەوامن، هەرچەندە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان ئیدیعا دەکەن کە لە مەبەستی کۆتایی بەرهەمەکانیان ئاگادار نەبوون.

ئەم بابەتە نیگەرانی دروستکردووە سەبارەت بە کاریگەری گەمارۆکان و ڕۆڵی ئەگەری تەکنەلۆژیای ڕۆژئاوا لە بەهێزکردنی پیشەسازی سەربازی ڕووسیا.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە