هەواڵ

حەماس ئاگربەستی کاتی لە غەزە ڕەت دەکاتەوە

بەرپرسێکی پلەبەرزی گروپی ئیسلامگەرای حەماس ڕایگەیاند کە ئەم گرووپە هەر پێشنیارێک بۆ ڕاگرتنی کاتیی شەڕ لە غەزە ڕەت دەکاتەوە و پێداگری لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی و کۆتایی هاتنی تەواوەتیی شەڕەکە دەکات.

تاهیر النونو، یەکێک لە سەرکردەکانی حەماس، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی ئۆکتۆبەر (١٠ی خەزەڵوەر) لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا ڕایگەیاند کە ئەم گرووپە دژی هەر پێشنیارێکی ئاگربەستی کاتییە لە کەرتی غەزە.

ناوبراو جەختی کردەوە: "حەماس پشتگیری لە کۆتایی هێنانی هەمیشەیی شەڕ دەکات، نەک ئاگربەستی کاتی."

النونو گوتی کە پێشنیاری ڕاگرتنی کاتیی شەڕ لە غەزە و دەستپێکردنەوەی دووبارەی پێشتریش خراوەتە ڕوو و حەماس هەڵوێستی خۆی لەو بارەیەوە ڕاگەیاندووە.

ئەم بەرپرسەی حەماس هەروەها گوتی کە ئەم گرووپە پێشوازی لە هەر پێشنیارێک دەکات کە ببێتە هۆی ڕاگرتنی تەواوی پەلامارەکان و کۆتایی هێنان بە گەمارۆی سەر غەزە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بەردەوامن.

دەگوترێت کە میسر پێشنیاری ئاگربەستێکی دوو ڕۆژەی لە غەزە کردووە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی چوار بارمتەی ئیسرائیلی لەگەڵ ژمارەیەک زیندانیی فەلەستینی.

هەروەها، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ڕاپۆرتی داوە کە حەماس پێشنیاری سەرۆکی مۆساد، داڤید بارنیای بۆ دەرچوونی سەلامەتی ئەندامانی ئەم گرووپە لە کەرتی غەزە لە بەرامبەر ڕادەستکردنی چەک و ئازادکردنی بارمتەکان ڕەت کردووەتەوە.

سەرەڕای ئەم هەڵوێستانە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن. سەرۆکی مۆساد بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە سەردانی دەوحە بکات بۆ بەشداریکردن لە دانوستانە ئاستبەرزەکان لەگەڵ ئامادەبوونی سەرۆکی سی ئای ئەی، ویلیام بێرنز.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە