هەواڵ

خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا: یەکی نۆڤەمبەر بووە بنەمای یەکگرتنی کۆمەڵگەکان

بەبۆنەی ١ـی نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ، ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە. لە بەیاننامەکەی ئیدارەی خۆبەڕێەبەریی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا هاتووە، کە "بەرخۆدانی دانیشتووانی کۆبانێ، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بنچینەی میراتێکی مێژوویی دامەزراند و بووە بنەمای یەکگرتنی کۆمەڵگەکان."

دەقی بەیاننامەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بەم شێوەیەیە:

لە ساڵی ٢٠١٤ـدا، چەتەکانی داعش و هاوکارەکانی بە مەبەستی شکاندنی بەرخۆدانی دانیشتووانی کۆبانێ هێرشێکی دڕندانەیان بۆ سەر کۆبانێ ئەنجامدا، هەروەها لەم هێرشەدا پڕۆژەی برایەتی گەلان و ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی کرایە ئامانج.

دانیشتووانی کۆبانێ، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بەرخۆدانێکی قارەمانانەیان نیشان دا و بنچینەی میراتێکی مێژووییان دانا، ئەم بەرخۆدانە دەسکەوتێکی شۆڕشگێڕانەی تایبەتی بۆ ڕابەرایەتی کۆمەڵگە و خەباتی لە پێناو ئازادیی و شەرەفدا هێنایە ئاراوە، ئەم بەرخۆدانە هێزی چەتەکانی داعش و هاوکارەکانی شکاند و خەونی دامەزراندنی دەوڵەتی توندڕەوی لە ناوچەکەدا پووچەڵ کردەوە، هاوکات ئەم بەرخۆدانە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەرگریی ناوچەکە و جیهانی کرد و ڕێگری لە پێشکەوتنی تیرۆر کرد، هەروەها پڕۆژەی توندڕەویی کە هەڕەشەی لە ناوچەکە، جیهان و مرۆڤایەتیی دەکرد تێکشکاند.

لە بەرخۆدانەکەدا کەسایەتی نێودەوڵەتیی و کوردستانی پاڵپشتییان کرد، ڕاگەیاندنی ١ـی نۆڤەمبەر وەک ڕۆژی جیهانیی کۆبانی ڕێگایەکی مێژوویی بوو بۆ پاڵپشتیکردنی بەرخۆدانی گەلان دژی توندڕەویی، هەروەها کۆبانی بووە هێمایەکی نیشتیمانی کە هەموو لا و پێکهاتەکانی یەکخست، ئەم ڕۆژە بەهۆی ئەم پاڵپشتییەوە بووە نیشانەی سووربوونی کۆمەڵگەکان بۆ یەکگرتن و بەرخۆدان.

بەبۆنەی ئەم ڕۆژەوە، بەرخۆدانی کۆبانێ بیر دەهێنینەوە، سڵاو لە گەلەکەمان دەکەین و شەهیدانی قارەمانمان و پاڵپشتیی جیهانیی بەبیر دەهێنینەوە، هەموو ساڵێک سووپاسی ئەو کەسانە دەکەین کە پاڵپشتیی ئەم بەرخۆدانەیان کردووە، دڵنیایی دەدەین کە میراتی کۆبانێ و بەرخۆدانە مێژووییەکەی دەبنە ڕێگای سەرکەوتن و ڕزگاریی و بەو میراتەش ناوچە داگیرکراوەکان ڕزگار دەکرێن.

بۆ گەلەکەمان ڕوون دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لەسەر ڕێگای بەرخۆدان و تێکۆشان و بەڕێگای میراتی گەلەکەمان سەرکەوتن بەدەست دەهێنین و ناوچە داگیرکراوەکانمان ئازاد دەکەین، بانگەوازیی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە لەم بەرخۆدانەدا ڕۆڵێکی ئەرێنیان هەبووە کە پێویستە دەستوەردان لە دەسکەوتەکانی گەلەکەمان ڕابگرن و پاڵپشتیی تورکیا بۆ تیرۆر بە ڕێگای هێرشەکانیان کۆتایی پێبهێنن، هەروەها بانگەوازیی لە گەلەکەمان دەکەین بۆ بەدیهێنانی هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە توندڕەویی یەکگرتوو بن و پشت بە هێزە سەربازییەکانیان ببەستن.

هیوادارین ئەم ڕۆژە "ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ" بۆ کۆتاییهاتنی کۆمەڵکوژیی و هێرشەکانی تورکیا دژی هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ببێتە داواکارییەکی ڕۆژانە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە