مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات، قەسەدە، لە کاردانەوە بەرامبەر بە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕژیمی تورکیا بۆسەر هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا - ڕۆژئاڤا، ئەم هێرشانەی بە "تاوانی جەنگی" ناو برد و ڕایگەیاند کە هێزەکانی قەسەدە ئامادەن بۆ بەرگری لە گەل و خاکی خۆیان.
مەزڵوم عەبدی لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هێرشەکانی ئەمدواییەی تورکیای بۆ سەر هەرێمە خۆسەرەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەرمەزار کرد.
فەرماندە عەبدی گوتی: "تورکیا بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بەبێ هیچ بنەمایەک ناوچەکانی ئێمە بۆردومان دەکات. ناوەندەکانی خزمەتگوزاری، ناوەندە تەندروستییەکان و هاوڵاتیانی سیڤیل دەکرێنە ئامانج. ئەمانە تاوانی جەنگین."
عەبدی جەختی کردەوە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات چەندین جار ئامادەیی خۆیان بۆ گفتوگۆ ڕاگەیاندووە، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دا: "ئێمە ڕادەگەیەنین کە هێزەکانمان ئامادەن بۆ بەرگری لە گەل و خاکی خۆمان."
بە گوتەی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی دیموکراتیک، لە ٥ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا، ١٨٠ جار ناوەدنە مەدەنییەکان و شوێنە خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە لەلایەن تورکیاوە کراونەتە ئامانج. ئەم وێرانکارییانە بریتین لە ١٤ وێستگەی نەوت، ٩ وێستگەی کارەبا، ٨ وێستگەی ئاو و ٤٨ قوتابخانە کە بە تەواوی وێران کراون.