هەواڵ

دادگای بەغدا پیلانگێڕییەکی پەدەکەی دژ بە پەکەکە هەڵوەشاندەوە

پیلانگێڕییەکانی پەدەکە و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دژی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە بەردەوامە، وەک هەموو جارێکیش حەقیقەت هەموو ڕاستییەکان دەردەخات و پیلانگێڕییەکان تێکدەشکێنێت، ئەمجارە دادگای ڕەسافەی بەغدا بە بڕیاری ئازادکردنی سێ تۆمەتباری سیناریۆکانی پەدەکە پیلانگێڕییەکەی هەڵوەشاندەوە.

ڕووداوەکان چۆن بوون و کێ لە پشتییەوە بوو؟

لە ٢١ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئاگر لە بازاڕی ئەحمەد ئاغا لە شاری کەرکووک کەوتەوە و بەهۆشیەوە زیانێکی زۆر بەر خاوەن دوکانەکانی بازاڕەکە کەوت، هەروەها لە ٢٧ـی شووبات، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و زیاتر لە ١٦٠ دوکان گڕیان گرت، بەمەش زیانی ملیۆنان دۆلاری لێکەوتەوە.

لە ١ـی نیسانی ئەمساڵ، ئاگر لە بازاڕی چەلێی ناوەندی شاری دهۆک کەوتەوە و زیاتر لە ١٠٠ دوکانی هاوڵاتییان سووتا، بە هۆشییەوە بە بەهای ملیۆنان دۆلار زیان بەر هاوڵاتییان کەوت.

بەرەبەیانی ٨ـی نیسانیش، جارێکی دیکە، بە شێوەیەکی گوماناوی ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و زیانی ماددی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، تەنانەت تا ئێستاش هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە دەستنیشان نەکراوە، ئایە ڕووداوەکە سرووشتییە یان هۆکارێکی دیکەی لە پشتەوە بووە، هەروەها حکومەت قەرەبووی زیانلێکەوتووانی نەکردووەتەوە.

کێ بەرپرسیارێتی ئاگرەکانی لە ئەستۆ گرت؟

هەر جارێک دوای ئەوەی ئاگرەکان دەکرایە و ماڵ و موڵکی هاوڵاتییان دەسووتێندرا، گرووپێکی نەتەوەپەرستی تورک بە ناوی “ڕێکخستنی پەیمانی میللی” کردنەوەی ئاگرەکانی لە ئەستۆ گرت و تەنانەت لە ماڵپەڕی تایبەت بە خۆیان ئاماژەیان بەوە دەدا، کە “سنوورەکانی پەیمانی نیشتیمانی وەردەگرینەوە، کە (مەبەستیان لە زیندووکردنەوەی میساقی میللیی دەوڵەتی عوسمانییە)، هەر کەسێک بەیعەتمان پێ نەدات کۆتاییەکی خەمناکی دەبێت.”

هەر لە ڕاگەیاندراوەکانیاندا ئاماژە بەوە دەکەن، “وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت هەڵبوەشێتەوە و ببنە بەشێک لە سوپاکەمان.” واتا بە هەموو شێوەیەک دوای هەر کردنەوەی ئاگرێک نەک تەنها دژایەتی خۆیان بۆ گەلی کورد دەردەبڕیی بەڵکو هەوڵی لەناوبردنی قوتی هاوڵاتییانیانیش دەدا.

ئەی سینارۆی پەدەکە و وەزارەتی ناوخۆی عێراق و دەوڵەتی تورک چۆن بوو؟

وێرای ئەوەی گرووپی “ڕێکخستنی پەیمانی میللی” سووتاندنی هەموو بازاڕەکانیان لە ئەستۆ دەگرت و هەڕەشەیان دەکرد، کەچی دەمودەست پەدەکە و دەوڵەتی تورک کەوتنەخۆ و لە دوای پیلانگێڕییەکدا دەگەڕان تاوەکو پەکەکە، کە لە کاتی دروستبوونییەوە لە هەر کوێیەک هەڕەشەیەک بۆ سەر گەل هەبووبێت لە دژی وەستاوەتەوە قوربانی لە پێناویدا داوە، لەبەر چاوی گەل ناشرین بکەن و بە تێکدەر و لەناوبەر نیشانی بدەن.

سابۆیە پەدەکە لە ڕێگەی پاراستن و وەزارەتی ناوخۆوە دەستیان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق تێکەڵکرد و سێ گەنجیان بە ناوەکانی “هونەر فەخرەدین ئەحمەد، محەمەد نەجات حەسەن، سیروان حسێن محەمەد” دەستبەسەرکرد، دواتریش لە ١ـی تەمووزی ئەمساڵ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی شانۆ ئاسادا کە هەریەک لە میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم وەک دوو کارەکتەری یاری پێکراو تۆمەتی سووتاندنی ئەو بازاڕانەیان دایە پاڵ ئەو سێ گەنجە کوردە.

سیناریۆکە بەوشێوەیە بوو، گوایە ئەم سێ گەنجە لەلایەن پەکەکەوە بەکارهێندراون و بە فەرمانی ئەوان هەرسێ بازاڕەکانیان سووتاندووە و لە پیلانی سووتاندنی بازاڕی دیکەدا بوون و لە کەرکووک دەستبەسەر کراون، هەروەها جگە لە پەکەکە هێمن میرانی تەنانەت باسی لەوەشکرد کە ئەو سێ گەنجە ئەندامی هێزەکانی یەنەکەن، بەوشێوەیەش لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا دۆخێکی نەخوازراو و ئاڵۆز بخوڵقێنن کە شەڕی ناوخۆ و کاولکاریی بەدوای خۆیدا بهێنێت.

دواتریش میدیاکانی پەدەکە لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە لە ٢٠ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنەکە بەڕێوەچوو، بە هەموو هێزی خۆیانەوە وەک بانگەشە و لێدان لە یەنەکە دەیان دۆسییە و ڕاپۆرتیان لەسەر ئەو بابەتە کرد.

پەیامی کەجەکە چی بوو و ڕەتکردنەوەی ئەو سیناریۆیە چۆن بوو؟

هەر دوای ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییە شانۆ ئاسایە، کۆمیتەی پەیوەندەییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، تەواوی ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، هەمووان دەزانن ئەم هێرشە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی دەوڵەتی تورک (میت) و هەواڵگریی پارتی دیموكراتی كوردستان (پاراستن)ـوە ئەنجام دراون.

هەروەها کەجەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە پێشتر بەرگرییمان لەو شارانە كردووە و شەهیدمان لە پێناویدا داوە، ئەم تۆمەتانە بۆ ویژدانی گەلی كورد و عێراق جێدەهێڵین، كە بە چاوی خۆیان شاهیدی بەرخۆدانی ئێمە بوون.

جگە لە کەجەکە، هەروەها یەکەی حەفتای سەربە یەنەکە لەبارەی بەشداریکردنی پێشمەرگەیەکی یەکەی حەفتا کە گوایە فەرمانیان لەوان وەرگرتووە بۆ سووتاندنی بازاڕەکان ئاماژەی بەوەکرد، “ئەم کەسانە نە لەژێر فەرمان و چەتری ئێمە و هیچ هێزێکی دیکەمان ئەو کارەیان کردووە."

بڕیاری دادگا چی بوو؟ چۆن پیلانگێڕییەکە هەڵوەشێندرایەوە؟

سیناریۆکان داڕێژران و تۆمەتەکان ئاراستەکران و هەوڵدرا پەکەکە لەبەرچاوی گەل ناشرین بکەن، لە بەرامبەریشدا کەجەکە جەختی لە سیناریۆبوونی ئەو تۆمەتانە کردەوە و هۆشداریی پێویستی بە گەلدا و پەیامی ئاراستەی حکومەتی عێراق کرد کە نابێت بکەونە داوی سیناریۆکانی پەدەکە و دەوڵەتی داگیرکەرت تورکەوە.

دەرئەنجام دوێنێ دادگای ڕەسافەی بەغدا بە بڕیارێکی فەرمیی و بە هۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک لەسەر سەلماندنی ئەوەی کە ئەو سێ گەنجە بازاڕەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووکیان سووتاندووە، بڕیاری ئازادکردنیانی دا، جگە لەوەش بڕیاردرا کە تەنانەت ئەو چەک و ئۆتۆمبێلانەی کە لە کاتی دەستگیرکردنیاندا دەستیان بەسەرکرابوو پێیان بدرێتەوە.

بەمشێوەیە جارێکی دیکە پیلانگێڕییەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و پەدەکە هەڵوەشێندرایەوە و هەموو ڕاستییەکان بۆ گەلی کوردستان و عێراقیش ئاشکرابوون کە پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە پارتێکی ئازادییخواز، ئاشتییخواز و پارێزەری گەلە، ئەوەشی کە تێکدەر و لەناوبەرە و دژی بەرژەوەندیی گەلە و هەوڵی لەناوبردن و بەرسیکردنی گەل دەدات تەنها و تەنها پەدەکە و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە