زاگرۆس هیوا گوتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان،کەجەکە، لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ سایتی شارپرێس، هەڵوێستی پارتی کرێکارانی کوردستانی لە بارەی ئەو ڕۆژەڤەی لە تورکیا بە ناوی پرۆسەی ئاشتی باس دەکرێت، خستەڕوو.
سەبارەت بەو پڕوپاگەندانەی کە دەڵێن پەکەکە ڕێگرە لەبەردەم پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا زاگرۆس هیوا بە سایتەکەی ڕاگەیاندووە: پەکەکە ڕێگری لە پرۆسەی ئاشتیی ناکات، پەکەکە هەمیشە ئاسانکاریی و لەخۆبردوویی کردووە بۆ ئاشتیی، لەم پێناوەشدا تائێستا ١١ جار بەشێوەیەکی تاکلایانە ئاگربەستی ڕاگەیاندووە و دووجاریش هەموو هێزەکانی خۆی لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە کشاندۆتەوە. تورکیا تائێستا یەکجاریش ئاگربەستی ڕانەگەیاندووە و تەنانەت دان بە بە هەبوونی کوردیشدا نانێت."
زاگرۆس هیوا بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەردۆغان بە کوردستان دەڵێت "تیرۆرستان" و لە پەرلەمانی تورکیا ئێستاش بە زمانی کوردی دەڵێین "زمانی نەناسراو"، گوتی: "پەکەکە ڕێگری لە ئاشتیی ناکات، بەڵکوو ڕێگری لە پرۆسەی پاکتاوی نەژادی و سیاسی و کەلتووریی گەلی کورد دەکات کە لەسەر دەستی تورکیا لە باکووری کوردستان و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین بەڕێوەدەچێت."
گوتەبێژی کەجەکە سەرنجی خستەسەر ئەوەی کە بۆ گەیشتن بە ئاشتی، بژاردەی یەکەمی پەکەکە هەمیشە تێکۆشانی دیموکراتیک و سیاسی و ئاشتییانە بووە، بەڵام "تاقانە بژاردەی تورکیاش بۆ چارەسەریی پرسی کورد، نکۆڵیکردن لە هەبوونی کورد بووه، لەم پێناوەشدا کۆمەڵکوژی، تیرۆر و زیندانیکردن و ئەشکەنجە ئەنجام دەدات."
لە درێژەی دیمانەکەدا گوتەبێژی کەجەکە دەڵێت: کاتێک دەوڵەتی فاشیست هیچ دەرچەیەکی بۆ هەناسەدانی کوردی ئازاد نەهێشتەوە و لە زیندانی ئامەددا ویستی ئیرادەی بشکێنێت مانگرتن لە خواردن و ڕۆژووی مردن یەکەم وەڵامی کادرە پێشەنگەکانی پەکەکە بوو بۆ ئەم سیاسەتە.
لە وەڵامی ئەوەی پەکەکە چۆن لە گفتوگۆکانی ئێستای تورکیا دەڕوانێت وتەبێژی کەجەکە دەڵێت: ڕاستە، ئێستا گفتوگۆیەک سەبارەت بە ئاشتیی هەیە لە تورکیا و باکووری کوردستان و تەنانەت هەموو بەشەکانی دیكهى کوردستانیش، ئەم قسانەی دەوڵەت باخچەلی لە خۆیدا دانپێدانانێکه بۆ ئەوەی کە لەسەر ڕێبەر ئاپۆ گۆشەگیریی هەیە و دەوڵەتی تورکیاش “مافی هیوا” کە مافێکی گەردوونییە پێشێلکردووە، دەوڵەت باخچەلی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دانی بە تاوانەکانی دەوڵەتدا نا، هەروا لەخۆیەوە شتی لەوجۆرە ناخاتە ڕۆژەڤەوە.
زاگرۆس هیوا ئاماژە بەوەش دەکات کە ئێستا وای لێهاتووە ئەردۆغان لە پەیوەندییە دەرەکییەکاندا تەنها محەمەد شیاع سودانی و مەسعود بارزانیی بەدەستەوە ماوە، پەیوەندیی ئەردۆغان لەگەڵ ئەم دوانەش تەنها و تەنها لەسەر بنەمای دژایەتیی کوردە و بەس.
"ئەو شەڕەی کە ئێستا لەڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست، بە دیاریکراوی لە نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا و ناتۆ لەلایەک و ئێران و حەماس و حزبولڵا لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەدەچێت، تورکیای تووشی نیگەرانی کردووە، ڕەنگە ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی بۆ هەڵخەڵەتاندنی ڕای گشتیی و ناوخۆیی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئیسرائیل تەماحی هێرشکردنە سەر تورکیای هەیە و پێویستە هەموو پێکهاتەکانی تورکیا لە دژی ئەم هێرشانە یەکبگرن، بەڵام لە ڕاستییدا تورکیا نیگەرانی هێرشی ئیسرائیل نییە."
زاگرۆس هیوا پێی وایە کە "تورکیا و ئیسرائیل و پارتى دیموكراتى كوردستان یەک ماستەرپلانن و سیاسەتەکانیان و پەیوەندییەکانیان تەواوکەری یەکدین، لەم شەڕەدا تورکیا بە کردەوە پشتیوانیی ئیسرائیلە و بە وتن پشتیوانی حەماسە، تورکیا بە دەم جوێن بە ئیسرائیل دەدات و بە چاو دەڵێت وەرە."
سەبارەت بە مەرجی پەکەکە بۆ پرۆسەی ئاشتیی لە ڕووی سیاسیی و سەربازیی و یاساییەوە زاگرۆس هیوا دەڵێت: ئەگەر تورکیا بەنیازی ئاشتییە و دەیەوێت ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵ بگێڕێت، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ لە زیندان ئازاد بکات، پێویستە دۆخی تەندروستیی و پاراستنی گیانی ڕێبەر ئاپۆ گەرەنتی بکرێت و بتوانێت ئازادانە کاروخەبات بکات، ئەمە سەرەتایەکە بۆ دانووستان کە دانووستان دەستیپێکرد، ئەوکاتە نەخشە ڕێگهی چارەسەریش دادەنرێت.
هەروەها لەبارەی چەکدانانی پەکەکە گوتەبێژی کەجەکە دەڵێت: تورکیا داوای چەکدانان دەکات، مەگەر بۆ خۆی لە دژی کورد چەکی داناوە؟ ئەو دەڵێت چەک دانێین با بەدڵێکی ئاسودەوە چیم ویست بەسەرتاندا بیهێنم، مادام ئەو مەرجی چەکدانان دێنێتە پێش، ئەوکات با خۆیشی چەکدانێت، با ئیدی لەشکرکێشیی نەکات، با لە باشوور و لە ڕۆژئاوا و لە باکوور خەڵک نەکوژێت، لەلایەکەوە باسی چەکدانان دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە کارگەی ئارد و ئاو لە ڕۆژئاوا بۆردوومان دەکات، کابرا تەنها لەبەرئەوەی بە کوردی قسەی کردووە بە چەقۆ کوشتیان، لە دۆخێکی وەهادا کورد چۆن دەتوانێت چەک دابنێت؟
زاگرۆس هیوا لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی لە بڕیاری پەکەکە لە پرۆسەی ئاشتیی کرد و گوتی: بزوتنەوەی ئازادییخوازی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە ڕێبەر ئاپۆی وەک دانووستانکاری سەرەکی دەستنیشانکردووە، ئەگەر تورکیا نیازپاکی چارەسەری هەبێت، دەڕوات بۆ لای ڕێبەر ئاپۆ، گۆشەگیریی لەسەر لادەبات، لە بواری یاسایی و دەستورییەوە شەرت و مەرجی بۆ فەراهەم دەکات کە ئەو بتوانێت هەم لەگەڵ ڕای گشتیی تورکیا و کوردستان و جیهان و هەم لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی بزووتنەوەی ئازادییخوازی کوردستان دانووستاندن بکات بۆ ئەوەی کە پێکەوە بڕیار لەسەر ئاشتیی بدەن.
سەبارەت بە ڕۆڵی لایەنە سیاسییەکانی باشوور لە پرۆسەی ئاشتییدا گوتەبێژی کەجەکە دەڵێت: ئەگەر باشووری کوردستان دەیەوێت لە پرۆسەی ئاشتییدا ڕۆڵ بگێڕێت، پێویستە بەر لە هەموو شتێک لە دژی داگیرکاریی تورکیا لەسەر خاکەکەی هەڵوێستی هەبێت، پێویستە لە کۆمەڵکوژیی هاوڵاتییانی بێدەنگ نەبێت، پێویستە لە تاڵانکردنی سەرچاوەی ژێرزەویی و سەرزەویی و وێرانکردنی ئابووریی کوردستان بێدەنگ نەبێت.
زاگرۆس هیوا گوتی: "لە ڕابردودا نموونەی باشی نێوەندگیریی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا لەلایەن سیاسەتی باشوورەوە هەبوە، بۆ نمونە خوالێخۆشبوو مام جەلال تاڵەبانی لەم بابەتەدا ڕۆڵی گێڕا، ئەو نەریتە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، دەتوانێت بە گوێرەی هەلومەرجەکانی ئەم قۆناغە نوێبکرێتەوە."