هەواڵ

نیگەرانی لە داهاتووی پشتگیریی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا دوای سەرکەوتنی ترامپ

سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نیگەرانیی زۆری لەسەر بەردەوامی پشتگیریی واشنتۆن بۆ کیێڤ دروست کردووە. بە پێی ڕاپۆڕتی میدیا ڕۆژئاواییەکان، ئەمە بووەتە هۆی لاوازبوونی ورەی هێزەکانی ئۆکراینا و داهاتووی جەنگەکەی خستووەتە ناو دۆخێکی ناڕوونەوە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە حکوومەتی بایدن هەوڵ دەدات پێش کۆتایی خولی سەرۆکایەتیی خۆی لە مانگی ژانویە، چەندین ملیار دۆلار یارمەتیی ئاسایشی بۆ ئۆکراینا بنێرێت. ئەم هەنگاوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی کیێڤە پێش دەست پێکردنەوەی سەردەمی سەرۆکایەتیی ترامپ.

ترامپ لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیدا، چەندین جار گومانی لە قەبارەی یارمەتییە سەربازی و داراییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا دەربڕیوە و بەڵێنی داوە کە جەنگ لەگەڵ ڕووسیا بە خێرایی کۆتایی پێ بهێنێت. ئەم هەڵوێستانە نیگەرانی لەسەر بەردەوامی پشتگیری ئەمریکا بۆ ئۆکراینا لە سەردەمی سەرۆکایەتی ترامپدا دروست کردووە.

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی بایدن کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی وتووە کە حکومەت پابەندە بە بەهێزکردنی پێگەی ئۆکراینا تا ئەو جێگەیەی دەکرێت. لە ئێستادا، نزیکەی ٩ ملیار دۆلار یارمەتی سەربازی ئامادەیە بۆ ناردن بۆ ئۆکراینا کە پێکهاتووە لە کەرەستەی قەڵغان، فیشەکی تۆپخانە و مووشەکی زەوی بۆ زەوی.

لە کاتی دەستپێکردنی هێرشی بەرفراوانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی ٢٠٢٢ەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان زیاتر لە ٦٤ ملیار دۆلار یارمەتی سەربازی بۆ ئەم وڵاتە تەرخان کردووە. ئەم یارمەتییانە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە توانای ئۆکراینا بۆ بەرگریکردن لە بەرامبەر هێرشی ڕووسیا.

هەندێک شیکارکار پێیان وایە کە لەگەڵ هاتنە سەر کاری حکومەتی کۆماریخوازەکان، لەوانەیە پشتگیری واشنتۆن بۆ کیێڤ کەم ببێتەوە. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراو، پێشتر ڕەخنەی لە یارمەتیدانی ئۆکراینا گرتووە و پێشنیاری کردووە کە سەرچاوەکانی حکومەت دەبێت لە پێشینەی کێشە ناوخۆییەکاندا بن.

لەگەڵ ئەوەشدا، ڤۆلۆدیمیر زلێنیسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، بە خێرایی پیرۆزبایی لە ترامپ کردووە و لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژێردراو قسەی کردووە.

زلێنیسکی جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامی گفتوگۆ و هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا کردووەتەوە و لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاندووە کە سەرکردایەتی بەهێزی ئەمریکا بۆ سەقامگیری جیهانی و گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە پێویستە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە