ناڕەزایەتییەکان لە ئیسرائیل بەرامبەر بە لەسەر کار لادانی گاڵانت بەردەوامن
لە دوو شەوی ڕابردوودا، هەزاران هاوڵاتی ئیسرائیلی لە ئۆرشەلیم و چەندین شاری دیکە ڕژانە سەر شەقامەکان. ئەوان ناڕەزایی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بڕیارەکەی بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیران، کە یۆئاڤ گالانتی وەزیری بەرگری لە پۆستەکەی لادا.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کە خۆپیشاندەران سێ داوای سەرەکییان هەیە:
یەکەم، گەڕاندنەوەی گالانت بۆ پۆستەکەی.
دووەم، دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان.
سێیەم، هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایەی کە پیاوانی جوولەکەی توندڕەو لە خزمەتی سەربازی دەبەخشێت.
خۆپیشاندەران بە هەڵگرتنی ئاڵای ئیسرائیل و وتنەوەی دروشمی دژە نەتانیاهو، شەقامە سەرەکییەکانی ئۆرشەلیمیان داخست.
ڕۆژنامەی هائارتس باسی لەوە کرد کە پۆلیسی ئیسرائیل ئۆتۆمبێلی ئاوهاوێژی بەکارهێنا بۆ باڵوەپێکردنی خۆپیشاندەران. لە ئەنجامدا، پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران ڕوویدا و چەند کەسێک دەستگیر کران.
ئەم ناڕەزایەتییانە دوای ئەوە سەریان هەڵدا کە نەتانیاهو لە ڕۆژی ١٥ی خەزەڵوەر (٥ی نۆڤەمبەر) بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گالانتی لە پۆستەکەی لادا. نووسینگەی سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند کە هۆکاری ئەم بڕیارە "ناکۆکی بەرچاو" و "نەبوونی متمانە" لە نێوان نەتانیاهو و گالانت بووە.
لادانی گالانت کاردانەوەی بەرفراوانی لە ناوخۆی ئیسرائیل لێکەوتووەتەوە. نەیارانی ئەم هەنگاوە پێیان وایە کە ئەم بڕیارە لە کاتێکی هەستیاردا هاتووە، چونکە ئیسرائیل لە ناوەڕاستی شەڕی غەزە و گرژییەکان لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبناندایە. ئەوان دەڵێن ئەم بڕیارە دەتوانێت ئاسایشی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە.
نیویۆرک تایمز ڕاپۆرتی دا کە گالانت لە کۆتایی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٣ (سێپتەمبەری ٢٠٢٤)ەوە هەڵوێستێکی نەرمتری لە نەتانیاهو هەبووە سەبارەت بە شەڕی غەزە. ئەو داوای ڕێککەوتنی ئاگربەستی کردووە بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان. هەروەها گالانت دژی پلانەکەی نەتانیاهو بووە کە دەیەوێت جوولەکە توندڕەوەکان لە خزمەتی سەربازی ببەخشێت.
شارەزایانی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل پێیان وایە لادانی گالانت دەتوانێت ناکۆکییەکانی ناو کابینەی نەتانیاهو قووڵتر بکاتەوە و فشارەکان بۆ دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران زیاد بکات.
هەندێک چاودێریش لە ڕۆژنامەی جێروزالێم پۆست باسیان لەوە کردووە کە ئەگەری ئەوە هەیە هەڵبژاردنێکی پێشوەخت لە ئیسرائیل بەڕێوە بچێت.