کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵگەی کوردی (KON-MED) لە ئەڵمانیا داوای لە هاووڵاتیانی کردووە کە بەشداری لە خۆپیشاندانێکی گەورە لە ڕۆژی ١٦ی نۆڤەمبەر لە شاری کۆڵن بکەن. ئەم خۆپیشاندانە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدولڵا ئۆجالان، چارەسەریی سیاسی بۆ کێشەی کورد" بەڕێوە دەچێت.
مەزلووم کاراگۆز، وتەبێژی ڕاگەیاندنی KON-MED، ڕایگەیاند کە ئەم خۆپیشاندانە وەفاداری کورد و پێداگرییەکەی لەسەر ویستی ئازادی بۆ ڕێبەر ئۆجالان نیشانی جیهان دەدات. ئەو جەختی کردەوە کە چاوپێکەوتنی دواییی لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان دوای ٤٣ مانگ، بە مانای کۆتاییهاتنی گۆشەگیرکردنی لەسەر ئەو نییە و مافە سەرەتاییەکانی هێشتا پێشێل دەکرێن.
کاراگۆز باسی لەوە کرد کە کورد و دۆستەکانیان ساڵانێکە لە سەرانسەری ئەورووپا و جیهان دژی گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان خەبات دەکەن. ئەو گوتیشی بیروباوەڕی ڕێبەر ئاپۆ بە تایبەتی لە ئەورووپا سەرنجی زۆری ڕاکێشاوە و وەک کەسایەتییەکی هاوشێوەی "ماندێلا" سەیر دەکرێت.
کاراگۆز داوای لە هەموو کوردان و ئازادیخوازان کرد لە خۆپیشاندانی ١٦ی نۆڤەمبەر لە کۆڵن بەشداری بکەن تا دەنگیان بۆ ئازادی ئۆجالان بەرزتر ببیستردرێت. ئەو وتیشی ئەم خۆپیشاندانە نیشان دەدات کە ئازادی ئۆجالان نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو جیهان پرسێکی پەیوەست بە دادپەروەری و ئاشتییە.
پاش چوار ساڵ، لە ٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، ڕێبەر ئۆجالان توانی لەگەڵ برازاکەی عومەر ئۆجالان دیدار بکات، بەڵام لەم دیدارەدا جەختی کردەوە کە بارودۆخی گۆشەگیرکردنی هێشتا بەردەوامە. دوایین دیداری ڕێبەری گەلی کورد لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ٣ی مارسی ٢٠٢٠ و دوایین پەیوەندی تەلەفۆنی لە ٢٥ی مارسی ٢٠٢١ ئەنجام درابوو.
لە ساڵانی ڕابردوودا، داواکارییە بەردەوامەکان بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان زۆربەی جار بە بیانووی جۆراوجۆر لەوانە "سزای ئینزباتی" ڕەت کراونەتەوە.
ئەم دۆخە بووەتە هۆی نیگەرانیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کوردەکان. ئەوان داوای کۆتاییهێنان بەم گۆشەگیرییە و ڕێگەدان بە چاوپێکەوتنی بەردەوام لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەی ڕێبەر ئۆجالان دەکەن.