دادگای ڕژیمی تورکیا شارەوانانی هەڵبژێردراوی کورد بە زیندانی درێژماوە حوکم دەدات
سێ شارەوانی هەڵبژێردراوی کورد لە شارەکانی دێرسیم (تونجەلی)، پلوور (ئۆڤاجیک) و جۆلەمێرگ (حەکاری) بە حوکمی قورسی زیندان حوکم دران. ئەم حوکمانە لە درێژەی سیاسەتە سەرکوتکارییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا دژی سیاسەتمەدارانی کوردە.
دادگای باڵای دێرسیم، سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ زیندانی بەسەر هەریەک لە جەودەت کوناک و مستەفا ساریگول، هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی شارەکانی دەرسیم و پلووردا سەپاند.
تۆمەتی ئەم دوو شارەوانە "ئەندامێتی لە ڕێکخراوی قەدەغەکراو" ڕاگەیەندراوە کە مەبەست لێی پاڕتی کرێکارانی کوردستانه. لە دۆسیەیەکی دیکەدا، محەمەد سدیق ئاکیش، هاوسەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ، لەلایەن دادگای باڵای تورکیاوە، لە جۆلەمێرگ ٩ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
لە دانیشتنی دادگای کوناک و ساریگول، پارێزەرەکان داوای بێتاوانکردنی موەکیلەکانیان کرد، بەڵام دادگا ئەم داواکارییەی ڕەتکردەوە.
ئاکیش کە پێشتر لە پۆستەکەی لادرابوو و لە جێگەی ئەو قەییوم دانرابوو، بە تۆمەتی "ئەنجامدانی تاوان بە قازانجی ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو بەبێ ئەندامێتی تێیدا" و "پێشێلکردنی یاسا و ڕێکخستنی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانەکان" دادگایی کرا.
داواکاری گشتی دەڵێت کە ئاکیش لە ڕێپێوانەکاندا کە لەلایەن گروپە "قەدەغەکراوەکان"ەوە بانگەوازی بۆ کرابوو، بەشداری کردووە.
ئەم حوکمانە لە درێژەی شەپۆلی بەرفراوانی سەرکوتکردن دژی سیاسەتمەدارانی کورد لەلایەن حکومەتی فاشیستیی تورکیاوە سەپێندراون.