هەواڵ

لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی ئاوارەبوون لە کیشوەری ئەفریقا سێ هێندە زیادی کردووە

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێی سەنتەری چاودێریی ئاوارەبوونی ناوخۆ (IDMC)، ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکان لە کیشوەری ئەفریقا لە ماوەی ۱۵ ساڵی ڕابردوودا سێ ئەوەندە زیادی کردووە و ئێستا زۆرینەی ئاوارەبوونی جیهانی پێکدەهێنن.

ناوەندی چاودێری ئاوارەیی ناوخۆیی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکان لە ئەفریقا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا گەیشتووەتە ژمارەیەکی پێوانەیی بێ‌وێنە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ناوەندی بەدواداچوون بۆ ئاوارەبوونی ناوخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەفریقا تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو ۳۵ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی هەبووە. ئاوارەبوونی ناوخۆ جۆرێکە لە کۆچکردن کە مرۆڤەکان ناچار دەکرێن لە وڵاتی خۆیاندا بەردەوام کۆچ بکەن. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، فاکتەرەکانی وەک شەڕی چەکداری، توندوتیژی ناوخۆیی و کارەساتی سروشتی کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا دروست دەبێت، لە گرنگترین هۆکارەکانی ئەم ئاوارەبوونانەن.

لە ساڵی ٢٠٢٣دا نزیکەی ٧٦ ملیۆن کەس لە جیهاندا لە حاڵەتی ئاوارەبوونی ناوخۆییدا بوون و بەشێکی بەرچاویان لە وڵاتانی ئەفریقا نیشتەجێ بوون. بەپێی ئەو ئامارانەی کە پێشکەش کراون، تەنها کارەساتی سروشتی لەمساڵدا ۲۶ ملیۆن و ۴۰۰ هەزار حاڵەتی ئاوارەبوونی ناوخۆی لێکەوتووەتەوە.

ئەلێکساندرا بیلاک، سەرۆکی سەنتەری چاودێری ئاوارەبوونی ناوخۆیی دەڵێت، ئەوە نزیکەی نیوەی ژمارەی ئەو کەسانەیە لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا ئاوارەبوون لە سەرانسەری جیهاندا. لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا شاهیدی ئەوە بووین کە ژمارەی ئاوارەکانی ناوخۆی کیشوەری ئەفریقا بەهۆی شەڕ و کارەساتی سروشتییەوە سێ هێندە زیادی کردووە.

وڵاتانی وەک کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و باشووری سودان زۆرترین ژمارەی ئاوارەبوونیان لە ناوخۆدا تۆمارکردووە بەهۆی ململانێ درێژخایەنەکان و ئاستەنگییە مرۆییەکانەوە. لە لایەکی دیکەوە، زریان و لافاو کاریگەری زۆری لەسەر زیادبوونی ئاوارەبوون لە وڵاتانی کەناری ئەفریقاشدا هەبووە.

پرسی ئاوارەبوونی ناوخۆیی دەیان ساڵە لە ئەفریقادا هەبووە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی توندبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی توندوتیژی، ئەم دۆخە زیاتر مەترسیدار بووە. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چەندین جار جەختیان لەسەر پێویستی هاوکاری ناوچەیی و جیهانی بۆ کەمکردنەوەی ئەم کێشەیە کردووەتەوە.

هەروەها ڕاپۆرتی ناوەندی چاودێری ئاوارەیی ناوخۆیی (IDMC) دەریدەخات کە ئەم ڕەوتە گەشەسەندووە مەترسی زۆری مرۆیی و ئابووری و ژینگەیی بۆ داهاتووی ئەم کیشوەرە دەهێنێتە ئاراوە و پێویستی بە ڕێوشوێنی بەپەلە هەیە لە بواری گەشەپێدانی بەردەوام و کەمکردنەوەی مەترسییەکان. ئەم ڕاپۆرتە کە ڕۆژی سێشەممە ۶ی سەرماوەز (۲۶ی نۆڤەمبەر) بڵاوکرایەوە، دەریخست کە بەرزبوونەوەی ئاستی ململانێ و توندوتیژی، ٣٢.٥ ملیۆن کەسی پاڵناوە بۆ ئاوارەبوونی ناوخۆیی لە ئەفریقا، بەجۆرێک کە ٨٠%ی ئاوارەکان لە پێنج وڵاتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، ئەسیوپیا، نەیجیریا، سۆماڵ و سودان، ئاوارە بوون.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە