نەتەوە یەکگرتوەکان: تاڵیبان تا ئێستا ٢٥٠ جار ڕۆژنامەنووسانی قۆڵبەست کردووە
لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕەخنەی لە دۆخی ئازادی ڕادەربڕین و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە ئەفغانستان گرتووە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان، ئەم گرووپە زیاتر لە ٢٥٠ جار ڕۆژنامەنووسانی قۆڵبەست کردووە و لە پێشێلکردنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و مافە کانی مروڤ بەردەوامن.
بەگوێرەی لێژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تاڵیبان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە دوای دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان، لانیکەم ۲۵۶ جار ڕۆژنامەنووسانی بەبێ بەڵگە قۆڵبەست کردووە.
ئەم گرتن و دەستبەسەرکردنانە لەگەڵ حاڵەتەکانی تری گوشار لەسەر میدیا، وەک داخستنی ڕێکخراوە هەواڵییەکان، قەدەغەکردنی ڕووماڵکردنی بابەتی هەستیار و سانسۆر، ئازادیی ڕۆژنامەگەری بە توندی سنووردار کردووە. زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراو ڕاپۆرتیان لەسەر گەندەڵی و پێشێلکردنی مافی کەمینەکان و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بڵاوکردۆتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە تاڵیبان کرد بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان و مافەکانیان بکات.
نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی) و نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە ڕۆژنامەنووسان لە ئەفغانستان لە ژێر بارودۆخێکی دژواردا کاردەکەن.
ڕۆزا ئۆتونبایڤا، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: زۆرجار ڕۆژنامەنووسان لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی یاسای نەنووسراو و نامۆ دەبنەوە، کە دەبێتە هۆی هەراسانکردنیان لە کاتی ڕاپۆرتکردندا و مەترسیی تۆقاندن و گرتنی هەڕەمەکییان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. داوا لە دەسەڵاتدارانی تاڵیبان دەکەین کە سەلامەتی هەموو ڕۆژنامەنووسان بەتایبەت ژنان لە شوێنی کاردا مسۆگەر بکەن.
جگە لە قۆڵبەست کردن، حاڵەتی ئەشکەنجەدان و هەراسانکردنی ڕۆژنامەنووسانیش تۆمارکراوە. هەروەها ژنانی ڕۆژنامەنووس بە تایبەتی لەلایەن سیاسەتە بەرتەسککەرەوەکانی تاڵیبانەوە کراونەتە ئامانج و بەشێکی زۆریان ناچاربوون پیشەکەیان جێبهێڵن.
تاڵیبان دوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە ئەفغانستان لە مانگی ئاگۆستی ۲۰۲۱ بەڵێنی "لێبوردنی گشتی"ی دا، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو گروپە بە توندی سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ڕەخنەگرانی سیاسی کردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار داوایان لە تاڵیبان کردووە کە ڕێز لە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان بگرێت، لەوانەش ئازادیی قسەکردن و ڕاگەیاندن.
هەروەها لەم دواییانەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی جەختی لەوە کردەوە کە دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان و ڕەخنەگران لەلایەن تاڵیبانەوە پابەندنەبوونی ئەو گرووپە بە یاسا نێودەوڵەتییەکان نیشان دەدات و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو کەسانەی کرد.
بەردەوامی سەرکوتکردنی میدیا لە ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە نیگەرانییەکی بەربڵاوی لەبارەی ئایندەی ئازادی ڕادەربڕین لەم وڵاتەدا دروستکردووە. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت فشاری زیاتر بۆ ڕاگرتنی ئەو سەرکوتانە دروست بکات.