گرێتا تونبێرگ دوای سەردانی باکووری کوردستان: کوردەکان مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە
چالاکوانی ژینگەیی سویدی دوای سەردانی باکووری کوردستان، ڕەخنەی لە سەرکوتکردنی سیستەماتیکی کوردەکان و وێرانکردنی ژینگە لەو ناوچانە گرت.
گێرتا تونبێرگ، چالاکوانی ٢١ ساڵەی ژینگە، لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس (تویتەری جاران) ئەزموونەکانی خۆی لە سەردانی ئەمدواییەی بۆ باکووری کوردستان پارڤە کرد. ئەو لەم سەردانەدا چاوی بە چالاکوانانی بوارە جیاوازەکان کەوتووە و چەندین چیرۆکی سەبارەت، سەرکوت و ستەمی سیستەماتیک دژی ئەوان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بیستووە.
تونبێرگ لە پۆستەکەیدا ئاماژەی بە وێرانکردن و بەکارهێنانی سروشتی کوردستان کردووە و ئەمەی بە یەکێک لە ئامرازەکانی هێرشی بەردەوام دژی کوردەکان داناوە. هەروەها ئاماژەی بە نموونەگەلێک وەک سڕینەوەی کەلتوور و ناسنامە، توندوتیژی دەوڵەت، زیندانیانی سیاسی، ڕاگواستنی زۆرەملێ و بێسەروشوێنکردن کردووە وەک نموونەی جیاکاری ڕۆژانە دژی کوردان.
ئەم چالاکوانە ژینگەییە جەختی کردۆتەوە کە بۆ دروستکردنی بەیەکەوەبوونی ڕاستەقینە لە تورکیا، خۆبەڕێوەبەری و خۆسەری لە کوردستان پێویستە. ئەو پێی وایە کوردەکان مافی ئەوەیان هەیە ژیان، کەلتوور و کۆمەڵگاکانی خۆیان بەڕێوە ببەن.
تونبێرگ داوای لە دەوڵەتی تورکیا کردووە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە کوردەکان و گرووپە کەمینەکانی تر ڕوون بکاتەوە و مافەکانیان لە دەستووردا بگونجێنێت. هەروەها ڕەخنەی لەوە گرتووە کە دەوڵەت هێشتا بیانووی "تیرۆریزم" بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی سیاسی بەکاردەهێنێت.
گێرتا تونبێرگ پێش ئەمەش لە ٢٤ی نۆڤەمبەر لەگەڵ سەرا بوجاک، شارەوانی دیاربەکر، گەورەترین شاری باکووری کوردستان، دیدار و گفتوگۆی کردبوو. لەم دیدارەدا، هەردوولا سەبارەت بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی جیهانی لەسەر ژینگە گفتوگۆیان کرد و جەختیان لەسەر پێویستی هاوکاری بۆ زیادکردنی هۆشیاری ژینگەیی و پاراستنی سروشت کردەوە.
سەردانەکەی تونبرگ بۆ باکووری کوردستان لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان، کوردەکان لە تورکیا هێشتا ڕووبەڕووی جیاکاری و سەرکوتکردن دەبنەوە.
ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٤ی کۆمیسیۆنی ئەوروپا سەبارەت بە تورکیا ئاماژەی بە پاشەکشە لە ستانداردەکانی دیموکراسی، سەروەری یاسا، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و ڕێزگرتن لە مافە بنەڕەتییەکان لەم وڵاتە کردووە.
هەروەها، ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ڕاپۆرتی داوە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا هێشتا تۆمەتی بێ بنەما و بوختان بۆ ئازاردانی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بەکاردەهێنن.