هەواڵ

پەژاک: بۆ پاراستنی رۆژئاوای کوردستان کاتی سەرهەڵدانە

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پەژاک، لە بانگەوازێکدا دەربارەی هێرشی چەتەکانی سەر دەوڵەتی بەتورکیا بۆ سەر حەلەب، شەهبا و رۆژئاوای کوردستان، هۆشداریی داوە کە ئامانجێکی سەرەکیی ئەو هێرشانە کۆمەڵکوژکردنی کوردانە. پەژاک داوای لە گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان کردووە، دژی پاکتاوکاریی تورکیا و چەتەکانی سەرهەڵبدەن.

لە بانگەوازەکەی پەژاکدا کە ئەمڕۆ لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی ئەو حزبە بڵاو کراوەتەوە هاتتووە: ئەردۆغان بە کۆکردنەوەی چەتەکان لە گەلێک وڵاتی جیهان دەخوازێت سیستەمی ئازاد و دیمۆکراتیکی ڕۆژئاوای کوردستان لەناوبەرێت کە بۆتە هیوای ئازادیی هەموو گەلانی هەرێمەکە.

هۆشداریشی داوە کە "ئەوهێرشە چەندە بۆ گەلی کورد جێگای مەترسییە ئەوەندەش بۆ گەلانی عەرەب، سوریانی، کلدانی و ئەوانی دیکە مەترسیدارە و هەمویان لەبەردەم کۆمەڵکوژی گەورەدان."

پەژاک بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەرامبەر بە کوشتاری گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە، کۆمەڵکوژیی ژنان و منداڵان وەک پشتیگیری لەو چەتە و تێرۆریستانە لەقەڵەم داوە و شەرمەزاری کردووە.

بانگەوازەکە هەروەها، هێڕشی چەند ساڵی رابردووی داعش بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بەبیردەهێنێتەوە و رایدەگەینێت لەوسەردەمدا کۆمەڵگەی جیهانی هەستی بە گرینگیی شۆرشی ڕۆژئاوا بۆ سەر سووریا و هەرێمەکە کرد، بۆیە پشتگیرییان کرد. ئەمرۆش پیویستە بەهەمانشێوە کە ئەو سەفەربەریە جیهانیەی بۆ کۆبانی کرا، دووبارە بکرێتەوە.

پەژاک ئەوەشی خستۆتەڕوو کە بڵاووبونەوەی هێڕشی چەتەکانی سەر بەتورکیا بەتایبەت داعش و ئەلقاعدە بە دڵنییایەوە بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهان جێگەی مەترسییە. لە سۆنگەشەوە هۆشداریی داوە کە لەو شەڕەی کە تورکیا لە سووریا هەڵیگریساندووە، دەخوازێت لە شوێنی رەقە حەڵەب بکاتە پایتەختی داعش و ئەلقاعیدە کە ئەمەش گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان دەخاتە ڕووبەرووی مەترسیی کۆمەڵکوژی دەکاتەوە.

داگیرکردنی کوردستان، گۆرینی دیمۆگرافی کوردستان و لەناوبردنی دەسکەوتی رۆژئاوای کوردستان، پەژاک وەک ئامانجی سەرکی تورکیا و هاوپەیمانانی ناو دەبات و ڕایدەگەیەنێت: دەیانەوێت لە سیستەمی نوێی جیهانی نە گەلی کور بمێنێت و نە کوردستان.

پەژاک ئاماژەی بەوەش کردووە ئەگەر گەلەکەمان یەک بگرێت و لە پشتی بزوتنەوەی رزگاریخوازی و گەریلاکانی بوەستێت بەدڵنییایەو سەردەکەوین و بۆ هەتا هەتایە شکست بە چەتەکان و دوژمنانی گەلەکەمان دەهێنین. "بۆیە بۆ پاراستنی کوردستان و دەستکەتەکانی گەلەکەمان و داهاتویەکی ئازاد و دیموکرات کاتی سەرهەڵدانە."

دەقی بانگەوازەکەی پەژاک:

هێرشی گرووپە چەتەکانی سووریا بە پشتیوانی تەواوەتی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوا و سووریا بە تایبەتی حەڵەب و شەهبا لە ئێستادا بە ئامانجی ژینۆسایدی گەلانی ئەو وڵاتە بە تایبەتی کوردەکان ئەنجام دەدرێت. بە توندی ئەم هێرشانە شەرمەزار دەکەین.

بە هێرشی گرووپە چەتە و تاوانکارەکانی تورکیا بە تایبەتی گروپەکانی قاعیدە و داعش و گروپەکانی دیکە لە وڵاتانی ئاسیایی، سەلمێندراوە کە ئەنکەرە پلانی بەربڵاو و مەترسیداری بۆ کۆمەڵکوژی گەلان لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان داڕشتووە، ئەردۆغان بە کۆکردنەوە گرووپە چەتەکان لە وڵاتانی جیاجیاوە هەوڵ دەدات خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناو ببات، چونکە دەزانێت کە دەبێتە مایەی ئازادیی گەلانی هەرێمەکە.

بێدەنگیی کۆمەڵگەی جیهانی بەتایبەتی هێزە هەژموونگەراکان دەرخەری پشتیوانی و هەڵکردنی گڵۆپی سەوزە بۆ درێژەدان بە شەر و کۆمەڵکوژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ڕۆژئاوای کوردستان وەک قەوارەیەکی دیموکراتیک ئەزمونێکی گەورەیە بۆ گەلانی ناوچەکە و جیهان، بەڵام دەووڵەتی تورکیا و هەندێک لە پشتیوانانی چاویان بەو پێشکەوتنە مرۆییانە هەڵنایات، ئەم هێرشانە هێندەی بۆ کوردەکان جێگەی مەترسی و قڕکارییە، بۆ گەلانی عەرەب، سوریانی، کلدانی و… لە سووریا بە تەواوەتی مایەی مەترسییە.

پێشتر کۆمەڵگەی جیهانی لە ڕەوتی بەرخودانی کۆبانێدا درکی بە بەهاکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و سووریا کردبوو، هەر لە بەر ئەمەش ئازادیخوازان و دیموکراتیخوازان لەسەرتاسەری جیهانەوە پشتیوانییان لێکرد، ئەمڕۆش پێویستە کە هەمان حەماسەتی کۆبانێ بۆ سەرتاسەری رۆژئاوای کوردستان و گەلانی سوریا کە بەرەوڕووی قڕکردن و کۆمەڵکوژی مەترسیدارترن، لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی بە تایبەتی لە ئەوروپا دووبارە بکرێتەوە.

بڵێسەدارتربوونی ئاگری شەڕی جیهانیی سێهەم لە سووریا بە هۆی پێشڕەوی گرووپەکانی قاعیدە و داعشی سەر بە تورکیا بە دڵنیاییەوە بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مایەی مەترسی دەبێت و هەربۆیە پێویستی بە هەڵوێستوەرگرتنی نێونەتەوەیی هەیە.

ئەو شەڕەی تورکیا لە سوریا هەڵیگیرساندووە و هەوڵ دەدات حەڵەب لە بری ڕەقەی جاران بکاتە شوێنی زیادکردنی هێزی تەحریر شام و گرووپە چەتەکانی دیکە، نەک هەر بە تەنیا لە دژی کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، بەڵکوو گەلەکەمان لە هەر چوار بەشی کوردستان ڕووبەڕوو کۆمەڵکوژی دەکاتەوە.

گۆرینی دیموگرافیا، کوشتاری بە کۆمەڵ و لەناوبردنی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان سەرەکیترین ئامانجەکانی ئەم پەلامارانەن. هێز و دەوڵەتانی هەژمونگەرا هەوڵ دەدەن جارێکی دیکە لە دیزاینکردنەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کوردەکان بکەنەوە قوربانی، ئەگەر گەلەکەمان هۆشیار بێت و پشتیوانی لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی خۆی بکات، دەتوانێت جارێکی دیکە ئەو سیناریۆیانە تێکبشکێنێت.

پشتبەستنی گەلەکەمان بە ئیرادەی خۆی سەرکەوتن لەم تێکۆشانە یەکلادەکاتەوە و یەکڕیزیی ویەکگرتوویی گەلەکەمان لە هەر چوار بەشی کوردستان هەر وەک ڕابردوو، سەرکەوتنێکی دیکەی هاوشێوەی ئازادی کۆبانێ لە دژی چەتەکانی قاعیدە و داعشی سەر بە دەوڵەتی تورک تۆمار دەکات.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکانی گەلەکەمان لە دژی گروپە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا و باکووری سووریا، پشتیوانیی تەواوەتیی خۆی لە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا و گەلانی قوربانی شەڕ لە سووریا رادەگەیەنێت.

داوا لە تەواوی گەلەکەمان لە هەر چواربەشی کوردستان و ئەوروپا دەکەین لە تەواوی گۆڕەپانەکاندا بۆ پشتیوانی لە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا سووریا ڕاپەڕن و پاراستنی قەوارە و ستاتۆی کوردەکان لە ڕۆژئاوا و باکووری سووریا بۆ ئایندەی ئازاد و دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکجار گرنگییەکی ژیانی و مێژوویی هەیە، پێویستە جارێکی دیکە بەرنامەی فاشیستی تورکیا بۆ لەناوبردنی ئەم قەوارەیە پوچەڵ بکرێنەوە و بڕوامان وایە جارێکی دیکە گەلەکەمان هاوشێوەی هەموو کات توانای خوڵقاندنی مۆڕاڵێکی هەرێمایەتی ونێونەتەوەیی لە کوردستانەوە تا ئەورووپا هەیە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە