دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چەند بژاردەیەک تاوتوێ دەکات بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی ئێران بە چەکی ناوەکی، لەوانە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی پێشوەختە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جورناڵ، هەندێک لە ڕاوێژکارانی ترامپ بە وردی لێکۆڵینەوە لە بژاردەی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران دەکەن.
ئەوان چەند فاکتەرێک لەبەرچاو دەگرن، لەوانە؛ کاریگەرییەکانی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و کردەوەکانی ئیسرائیل دژی گرووپە چەکدارەکانی وەک حیزبوڵڵا و حەماس.
ئەم هەنگاوانە دوای ئەوە دێن کە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاد کردووە. ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی، ڕایگەیاندووە کە ئێران ئێستا دەتوانێت یۆرانیۆم بە ڕێژەی ٦٠ لەسەد بپیتێنێتەوە بکات، کە نزیکە لە ئاستی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی ٩٠لەسەدە.
بە پێی ئەو ڕاپۆڕتە دوو بژاردەی سەرەکی لە ژێر لێکۆڵینەوەدان. یەکەم، زیادکردنی فشاری سەربازی لە ڕێگەی ناردنی هێزی زیاتری ئەمریکی، فڕۆکە و کەشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها فرۆشتنی چەکی پێشکەوتوو بە ئیسرائیل.
بژارددەی دووهەمیش بریتییە لە بەکارهێنانی هەڕەشەی هێزی سەربازی، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ سزاکانی ئەمریکادا بێت، بۆ ناچارکردنی تاران بۆ قبوڵکردنی چارەسەرێکی دیپلۆماسی.
لە ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە کە هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە و پێشنیارەکان دەربارەی ئێران لەوانەیە بگۆڕدرێن کاتێک کابینەی نوێی ترامپ دەست بەکار دەبێت و زانیاری نهێنی زیاتر بەردەست دەبێت.
هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانە هەرێمییەکان کاریگەری دەبێت لەسەر بڕیارە کۆتاییەکان.