هەواڵ

عومەر ئۆجالان لە پەرلەمانی تورکیا باسی چی کرد؟

عومەر ئۆجالان، نوێنەری پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) و برازای ڕێبەر عەبدولڵا ئۆجالان، بۆ یەکەم جار وردەکارییەکانی دیدارەکەی لەگەڵ مامی کە لە ٢٣ی ئۆکتۆبەر ئەنجامی‌دا، لە پەرلەمانی تورکیادا ئاشکرای کرد. ئەو ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئۆجالان ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەستپێشخەری بکات.

عومەر ئۆجالان لە وتارەکەیدا لە پەرلەمان، بە وردی باسی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان کرد. ئەو گوتی کە ڕێبەر ئۆجالان پەیوەندییەکانی کورد-تورکی لە سەردەمی سوڵتان سەنجەر و مەلەکشاوە تا ئیدریسی بەدلیسی، سوڵتان سەلیمی یاووز، عەبدولحەمید خان و مستەفا کەمال هەڵسەنگاندووە.

بە گوتەی عومەر، ڕێبەر ئۆجالان بە وردی هاوپەیمانێتی و پەیوەندییەکانی کورد و تورک و کێشە مێژووییەکانی نێوانیانی تاوتوێ کردووە و پێشنیارەکانی بۆ چارەسەر خستووەتە ڕوو.

عومەر ئۆجالان وتەیەکی ڕاستەوخۆی لە عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە هێنایەوە: "ئێمە دەمانتوانی ئەم کێشەیە لە ساڵی ٢٠٠٠دا چارەسەر بکەین. لە ساڵی ١٩٩٩دا گوتم کە هەوڵ دەدەم بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد-تورک. بەڵام ئەوان بردیانە ئاستێکی دیکە. گوتیان 'ئاپۆ ئەمە بۆ ڕزگارکردنی خۆی دەکات.' ئێستا لە ساڵی ٢٠٢٤داین؛ هێشتا شەڕ بەردەوامە، هێشتا چارەسەرێک نییە، هێشتا پێکدادان بەردەوامە."

عومەر ئۆجالان جەختی کردەوە کە ڕێبەر ئۆجالان لە ڕەوشێکی باشی دەروونیدایە، بەهێز و زاڵە بەسەر بارودۆخەکەدا و ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەستپێشخەری بکات. ئەو لە زمانی عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە گوتی: "بێگومان، کاتێک لە پەیامەکەماندا باسی مەرجەکانمان کرد، مەبەستم مەرجە تایبەتییەکانی خۆم نەبوو. من مەرجەکانم بۆ ئامادەکردنی ژینگەی چارەسەرییە."

عومەر ئۆجالان ئاماژەی بەوە کرد کە لەم دیدارەدا، باسی غەزە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیل و دۆخی کوردەکان لە عێراق، سوریا و ئێران کراوە. ئەو گوتی: "پێشنیارەکانی ئەو لۆژیکیترین پێشنیار بوون. شیکردنەوەکانی ژیرانەترین شیکردنەوە بوون. ئایا دەوڵەتی تورکیا یان بەرپرسانی تورک دەگەنە ئەم خاڵە یان نا؟ ئایا ئەم زەمینەیە دەڕەخسێنن یان نا؟ گرێپوچکەی کێشەکە لێرەدایە."

عومەر ئۆجالان جەختی کردەوە کە ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان لە هەڵسەنگاندنەکانیدا ئاماژەی بە ئەرمەنییەکان، ئاشوورییەکان و ئێزیدییەکانیش کردووە. ئەو گوتی: "لە ڕاستیدا، ئاماژە بە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا. ئەمە ڕوانگەیەک بوو کە جیاوازییەکانی وەک سامان دەبینی."

عومەر ئۆجالان هۆشداری دا کە کوردەکان خەریکن باوەڕیان بە چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە ڕێگەی شێوازە دیموکراتییەکانەوە لەدەست دەدەن. ئەو گوتی: "لە کاتێکدا دەمانەوێت باوەڕ بکەین، سەیری مەیدانەکە دەکەین، سەیری ڕۆژئاوا دەکەین، هەموو ڕۆژێک بۆمب بەسەرماندا دەبارێت. تیرۆر ئەنجام دەدرێت و ئەمەش وا دەکات باوەڕ بە چارەسەر لە جیاتی گەشەکردن، پاشەکشە بکات."

عومەر ئۆجالان هەروەها جەختی کردەوە کە حزبەکەی دەیەوێت لە دیموکراسی و داهاتووی تورکیادا ڕۆڵی هەبێت. ئەو گوتی: "ئێمە لە چوارچێوەی سیاسەتی دیموکراتیدا، لە چوارچێوەی دەستووردا سیاسەت دەکەین. ڕێکخراوەکەی ئەویش (پەکەکە) ڕایگەیاندووە کە تا کۆتایی پشتگیری لە بڕیار و لێدوانەکانی ڕێبەر ئۆجالان دەکات."

عومەر ئۆجالان ئاماژەشی بە پێشهاتەکانی سوریا کرد و گوتی کە شەڕی سوریا چووەتە قۆناغێکی نوێوە. ئەو زیادی کرد کە ئەم شەڕە بەهۆی دەستێوەردانی تورکیاوە خراپتر بووە. عومەر ئۆجالان گوتی تورکیا کوردەکان بە "برا" ناودەبات، بەڵام گرووپە چەکدارەکانی وەک داعش و سوپای میللی سوریای دژی کوردەکان بەکارهێناوە و بووەتە هۆی کۆمەڵکوژی.

دیدارەکەی عومەر ئۆجالان لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان دوای ٤٣ مانگ گۆشەگیری تەواوی دژی ئەو لە زیندانی ئیمرالی ئەنجام دراوە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە