هەواڵ

باکوور؛ وێرانکردنی سروشتی کوردستان بە بیانووی دۆزینەوەی نەوت

لە گوندەکانی دەرخوست و جینزۆر لە ناوچەی لیجەی پارێزگای ئامەد (دیاربەکر)ی باکووری کوردستان، کە لە دەیەی ٩٠ی زایینیدا لەلایەن سوپای فاشیستی تورکیاوە سووتێنرابوون، ئێستا دەوڵەتی تورکیا دەستی بە کردنەوەی ڕێگاوبان کردووە بۆ دۆزینەوەی نەوت. دانیشتووانی ئەم گوندانە دژی ئەم کارە دەنگیان بەرز کردووەتەوە و کۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد خەریکی ئامادەکردنی سکاڵایەکە دژی وێرانکردنی سرووشت.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی مافەکانی شار و ژینگەی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا پڕۆژەی دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت لە زیاتر لە ٢٠٠ شوێن لەم شارەدا ئەنجام دراوە. لە ئەنجامی ئەم پڕۆژانەدا، ٣٥ هەزار هێکتار لە لەوەرگە و دارستانەکان لەناو چوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا، دانیشتووانی گوندەکانی دەرخوست و جینزۆر دەڵێن کە دەوڵەت بەم کارانە دەیەوێت بۆ جاری دووەم ناچاریان بکات کۆچ بکەن. ئاسیە سۆگوت، ٧٠ ساڵە، لە دانیشتووانی گوندی دەرخوست دەڵێت: "ئامانجی ئەوان دۆزینەوەی نەوت نییە، بەڵکو دەرکردنی ئێمەیە لێرە."

ئەو جەخت دەکاتەوە کە بەرامبەر بە دۆزینەوەی نەوت بەرخۆدان دەکەن و گوندەکەیان جێناهێڵن.

سوات مەرجان، لە دانیشتووانی گوندی جینزۆر، دەڵێت کە لەوەڕگاکان و ناوچە دارستانییەکان لەلایەن ئامێرە بیناسازییەکانەوە وێران کراون. ئەو دەڵێت: "کۆمپانیاکان بێ ڕەچاوکردنی هاوسەنگی سروشت، بۆ قازانجی خۆیان زیان بە سروشت دەگەیەنن. دەوڵەتیش لەم کارەدا بەشدارە."

ئەحمەد ئینان، سەرۆکی کۆمیسیۆنی مافەکانی شار و ژینگەی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد، دەڵێت: "هەموو ئەو ناوچانەی کە تێیاندا گەڕان دەکرێت، ئەو گوندانەن کە لە دەیەی ٩٠دا چۆڵ کران. ئەمە ڕێکەوت نییە."

ئەو زیادی کرد کە کۆمەڵەی پارێزەران خەریکی ئامادەکردنی سکاڵای تاوانکارییە سەبارەت بە بڕینی دارەکان و بەدواداچوون بۆ کەیسەکە دەکەن.

ئەم کردەوانە بیرهێنەرەوەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیان لە دەیەی ٩٠ی زایینیدا کە تێیدا زۆربەی گوندەکانی کوردستان بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان چۆڵ کران و سووتێنران. ئێستا وا دیارە دەوڵەت بە بیانووی دۆزینەوەی نەوت، ستراتیژییەکی نوێی بۆ کۆچپێکردنی زۆرەملێی دانیشتووانی ئەم ناوچانە گرتووەتە بەر.

ئەم کردەوانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە گرێتا تۆنبێرگ، چالاکی سوێدی، دوای سەردانی باکووری کوردستان، ڕەخنەی لە سەرکوتی سیستەماتیکی کوردەکان و وێرانکردنی ژینگە لەم ناوچانە گرتووە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە