هەواڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی مەحکوومکردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێرانی پەسەند کرد

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرد کە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران مەحکووم دەکات. بڕیارنامەکە بە ٨٠ دەنگی بەڵێ، ٢٧ دەنگی نەخێر و ٦٨ دەنگی بێلایەن پەسەند کرا.

بڕیارنامەکە نیگەرانیی جیددی دەربڕیوە سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، بە تایبەت زیادبوونی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، گوشار لەسەر کەمینە ئایینییەکان، پێشێلکردنی مافی زیندانیانی سیاسی و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ. داوا لە کۆماری ئیسلامی کراوە کە هەموو دەستبەسەرکراوانی خۆسەرانە ئازاد بکات و کۆتایی بە ئازار و هەڵاواردن دژی نەیاران و کەمینەکان بهێنێت.

کەنەدا بڕیارنامەکەی ئامادە کردووە و وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا پشتگیرییان لێ کردووە. چین، ڕووسیا، ئەرمەنستان، عێراق، عومان و پاکستان دەنگی نەرێنییان بە بڕیارنامەکە داوە، لە کاتێکدا زۆربەی پشتگیریی لە لایەن وڵاتانی دیموکراتی ڕۆژئاواوە بووە.

ڕاپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە مانگی ئابی ٢٠٢٤دا، لانیکەم ٩٣ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون. چاودێری مافی مرۆڤیش ڕاپۆرتی داوە کە لە ١٠ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لانیکەم ٦٥١ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون.

ئەم بڕیارنامەیە لە درێژەی ڕەوتی ساڵانەی مەحکوومکردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران لە لایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا، پێشێلکردنی بەردەوام و توندی مافی مرۆڤی لە ئێران بە مایەی نیگەرانییەکی جیددی زانیبوو. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤیش چەندین جار ناڕەزایەتییان دەربڕیوە سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە