
سلێمانی
ڕێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵانەوە، فێستیڤاڵێکی گۆرانی و میوزیکی ئەنجام دا، کە تێیدا لەلایەن گرووپی خوێندنگەی دیاربەکرەوە، ١٨ بەرهەمی هونەریی پێشکەش کرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری یاری ناو پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، بەدەستپێشخەری ڕێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستان و بە بەشداری هونەرمەندان و شاعیرانی بواری منداڵان فێستیڤاڵێکی گۆرانی و میوزیک بۆ منداڵان بەڕێوەچوو.
هاوڕێ ڕەشید، بەرپرسی هونەری ڕێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستان وتی: ساڵانە ڕێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانەوە چالاکی ئەنجام دەدات، ئەم ساڵیش لە چەند شار و شارۆچکەیەک چالاکیمان ئەنجامداوە، بەبۆنەی پشووی جەژنی قوربانەوە چالاکی شاری سلێمانیمان خستە ئەم ئێوارەیەوە.
وتیشی: لەم چالاکییەدا ١٨ گۆرانی پێشکەش دەکرێت کە ناوەڕۆکی گۆرانییەکان بۆ خۆشەویستی نیشتیمان، ژینگە و پەروەردەن، لەلایەن گرووپی خوێندنگەی دیاربەکرەوە پێشکەش دەکرێن.
هەروەها یەکێک لە منداڵە بەشداربووەکان بەناوی شانەر وتی: زۆر دڵخۆشم کە لێرە ئامادەم، چالاکییەکان زۆر خۆشن بۆ ئێمەی منداڵان.