هەواڵ

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٢ کۆڵبەر بریندار و ٤ کۆڵبەری دیکە بێسەروشوێن کران

بە گوێری هەواڵی کۆڵبەر نیوز، چوار کۆڵبەری كوردی دانیشتووی شاری شنۆ بە ناوەکانی جبرائیل ئەحمەد پوور، مەنسوور نیکزاد، ئیدریس پەرویزی و ئاسۆ محەممەدی، بەبێ هیچ هۆكارێكی دەستنیشانكراو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ڕژیمی ئێرانەوە لە شنۆ، قۆڵبەست و بێسەروشوێن كراون.

بە گوێرەی هەواڵەکە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لە گوندی “خانلەر” لە نزیک شاری شنۆ، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی مەنسوور نیکزاد و ئیدریس پەروێزی، هەروەها لە گەڕەکی “تاجین ئاباد”ی شارەکەش، هێرشیان کردە سەر ماڵی ئاسۆ محەممەدی. هەمان ڕۆژ جبرائیل ئەحمەد پوور تەمەن ٢٧ ساڵان، خەڵکی گوندی “گردکاشان”ی سەر بە شاری شنۆ قۆڵبەست کراوە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ئەو چوار هاوڵاتییەیان ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار گواستۆتەوە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک بارەی چارەنووسی هەر ٤ کۆڵبەرە و ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵیان ڕانەگەیەندراوە.

لەلایەکی دیکەوە، بە گوێرەی سەرچاوەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، كۆڵبەرێكی تری كورد بە ناوی هیوا مەحموودی، دانیشتووی شاری سەقز، لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، بەر دەستڕێژی گولـلەی چەکدارانی سپای پاسدارانی ڕژیمی ئێران، کەوتۆووە؛ بەهۆیەوە ڕیخۆڵەی پچڕاوە و سییەکانی بە سەختی بریندار بووە. ئەو کۆڵبەرە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەكی شاری بانە كراوە.

لە سەر سنووری سەوڵاوای نزیک لە هەورامانیش کۆڵبەرێکی تەمەن ٥٠ ساڵان لە بەرزاییەوە کەوتۆتە خوارەوە و بە سەختی بریندار بووە. ئەم کۆڵبەرە کە تا ئێستا ناسنامەکەی دیار نییە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی سنە كراوە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە