هەواڵ

فەرماندەیەکی پلەبەرزی حیزبولڵا لە هێرشی ئیسرائیلدا کوژرا

لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، یەکێک لە فەرمانده پلەبەرزەکانی گرووپی ئیسلام‌گەرای حیزبولڵا کوژرا.

گرووپی حیزبولڵای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی ٨ی ژانوییە (١٨ی بەفرانبار)، پشتڕاستی کردەوە کە لە ئاکامی هێرشی ئیسرائیل‌دا یەکێک لە فەرماندەکانی بە ناوی "وەسام حەسەن ئەلتەویل"، کە جێگری فەرماندەیی گشتی یەکینەیەکی تایبەتی ئەو گرووپەیە بە ناوی ڕیزوان بووە کوژراوە.

دەگوترێت ناوبراو لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئۆتۆمبیلێک لە گوندی "مەجدئەلسەلەم" لە نزیکی شارۆچکەی "خەربە سەلەم" لە باشووری لوبنان کوژراوە. بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ لانیکەم ئەندامێکی دیکەی حیزبولڵا لەو هێرشەدا کوژراوە.

حیزبولڵای لوبنان کە گرووپێکی سەر بە ئێرانە، لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بە وردەکارییەکانی کوژرانی وەسام حەسەن ئەلتەویل نەکردووە.

هەواڵنێرییەکانی سەر بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی چەندین وێنەی ناوبراویان لە پاڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سپای قودسی سەر بە سپای پاسداران بڵاوکردووەتەوە و وەکوو "حاجی جەواد" ناویان لێ هێناوە.

ئەو هێرشەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژ بەر لە ئێستاش جێگری دەفتەری سیاسی گروپی حیماس لە ئاکامی هێرشکی سوپای ئەو وڵاتە لە لوبنان کوژرا.

بەرپرسێکی ئەمنی لوبنان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابێت، لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵدەریی فەرەنسادا وێڕانی دەڕبڕینی نیگەرانی لە ئەگەری بەرفراوان‌بوونی سنووری شەڕ گوتوویەتی: «ئەو فەرماندەیەی حیزبولڵا بەرپرسی ژووری ئۆپەڕاسیۆن لە باشووری لوبنان بووە».

دەگوترێت کە لە سەرەتای شەڕی غەزەوە تا ئێستا، لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیل‌دا لانیکەم ١٣٠ ئەندامی حیزبولڵای لوبنان کوژراون.

حیزبولڵا گرووپێکی شیعەی سەر بە ئێرانە و لەلایەن ئەو وڵاتەوە پاڵپشتی دەکرێت. ئەو گرووپە یەکێکە لە گرینگترینی ئەو هێزانەی کە بە "بەرەوەی موقاومەت" ناسراون.

هەندێک لە کارناسان دەڵێن کە ئەگەر شەڕ پەل باوێتە باشووری لوبنان، ئەگەری تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئێران لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا زیاد دەبێت.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە