هەواڵ

لە گرتووخانەی قزڵحەساری کەرەج، سێ زیندانی لەسێدارە دران

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی بەفرانبار دوو بەندکراو بە ناوەکانی محەممەدحوسێن گەڕاوەند و کەیومەرز غوڵامی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای لەسێدارەدانیان بە سەردا سەپێنرابوو، لە زیندانی قزل‌حەساری کەرەج لەسێدارە دران.

کەیۆمەرس غوڵامی، خەڵکی شاری سەراوڵەی ئیلام و محەممەدحسەین گەڕاوەند، خەڵکی کووهدەشتی لوڕستان، چەند ساڵ لەمەوپێش و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کران و، سزای لەسێدارەدانیان بە سەردا سەپێنرا.

ئەم دوو زیندانییە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بەفرانبار بۆ جێبەجێکردنی سزای داسەپێنراو بە سەریاندا، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرابوون.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵدێریی هەرانا، ڕایگەیاندووە کە زیندانییەکی دیکەش بە ناوی "حامید خوداداد" هەر ئەمڕۆ لە زیندانی قزل‌حەساری کەرەج لەگەڵ ئەو دوو زیندانییەی دیکە لە سێدارە دراوە. ئەو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی "قەتڵ" سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

ڕۆژی شەممەش دوو زیندانی لە زیندانی هەمەدان، کە ئەوانیش بە تۆمەتی پەیوەندیدار ەب مادە هۆشبەرەکانەوە بە ئێعدام حوکم درابون، لەلایەن دەسەڵاتی قەزایی ڕژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دران.

بەپێی ئاماری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئاماری لە سێدارەدانی زیندانیان لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە، بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بۆتەوە. بەپێی ئامارێک تەنیا لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا ٧٩٩ کەس لە سێدارە دراون. لەو هەژمارە، وەک لە ڕاپۆرتی ساڵانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤدا ئاماژەی پێکراوە، ١٥٨ کەسیان کوردن.

مەحموود ئەمیری موقەدەم سەرۆکی ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران پێشتر لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئاریەن هۆشداریی دابوو کە بێدەنگی و بێهەڵوێستیی کۆمەڵگەی جیهانی بەرامبەر بە شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، دەبێتە هۆی ئەوەی ئاماری لەسێدارەدانی زیندانیان لەوەی کە هەیە زیاتر بەرز ببێتەوە."

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە