هەواڵ

لە شازدەیەمین ڕۆژی مانگرتندا لە زیندانی بۆکان، دۆخی محەممەد خودکام نالەبارە

بە گوێرەی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی شەممە ١٧ی بەفرانبار محەممەد خودکام لە شازدەیەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنیدا بەهۆی دابەزینی زەختەوە لە هۆش خۆی چووە و ڕەوانەی بێهداریی زیندانی بۆکان کراوە. دۆخی جەستەیی ئەم بەندکراوە بە هۆی دابەزینی بەرچاوی کێشی جەستەیەوە ناجێگیرە و ئەمە بووەتە مایەی نیگەرانیی پزیشکەکان.

سەرچاوەکە ڕایگەیاندووە کە ئەم بەندکراوە لە ڕۆژی ٢ی بەفرانبارەوە وەک ناڕەزایەتی لە دژی سزای قورسی زیندانی داسەپێندراو، مانی لە خواردن گرتووە. ئەو لە ڕۆژی ٣ی بەفرانبارەوە، بە فەرمانی بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی قەرەنتینەی زیندان کراوە و تا ئێستا لە مافی پێوەندیگرتن بە و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.

محەممەد خودکام ڕۆژی ١٩ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە لایەن ئیتلاعاتی ڕژیمەوە لە ماڵەکەی لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا. ڕۆژی ١٨ی سەرماوەز لە لایەن لقی ٢ی دادگای ڕژیمەوە لە مەهاباد، بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددەهۆشبەرەکانەوە سزای ١٧ ساڵ زیندان و ١٨٠ میلیۆن تمەن سزای پارەی بەسەردا سەپێنرا.

بە پێ سەرچاوەکە دەگوترێت کە هێزەکانی سەر بە ڕژیم، لە کۆڵانی ماڵەکەی ئەم هاوڵاتییە کوردە لە بۆکان، بەستەیەک ماددەی هۆشبەریان دۆزیوەتەوە و ئەویان وەک خاوەنی دەستبەسەر کردووە.

ئەم هاوڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرییەوە تا ئێستا هەموو تۆمەتەکانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕەت کردۆتەوە. بەڵام دادگا بەبێ سەرنجدان بەمە ١٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندووە. وێڕای مانگرتنی ١٦ ڕۆژە لە دژی سزای داسەپێندراوی نادادپەروەرانە و بە بێ بەڵگە، کاربەدەستانی ڕژیم ئامادە نین لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا محەممەد خودکام دادگایی بکەن.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە