هەواڵ

ناوەندە ئەمنییەکان ڕێ لە ئازادیی پێشوەختەی زیندانیی سیاسیی کورد کەیهان موکەڕەم دەگرن

کەیهان موکەڕەم زیندانیی سیاسیی کورد، کە هەنووکە دوایین ساڵ لە سزای ٥ ساڵ زیندانی لە بەشی "زیندانی کراوە"ی گرتووخانەی ئورمییە تێدەپەڕێنێت، بەهۆی ڕێگریی ئیدارەی ئیتلاعات لە مافی "پشووی کۆتایی زیندان" بێبەش کراوە. ئەو ناوەندە ئەمنییەی ڕژیم پێشتریش ئازادیی مەرجداری ئەم زیندانییە سیاسییەی ڕەت کردبۆوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئەمڕۆی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرەڕای ڕەزامەندیی بەرپرسانی زیندان، بەپێی یاساکانی ئێران، بۆ ئازادکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە پێش وادەی تەواوکردنی سزاکەی، دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕژیم کەیهان موکەڕەمیان لەم مافە یاسایییە بێبەش کردووە.

ئیدارەی ئیتلاعات لەم مانگانەی دواییدا، گوشاری خستۆتە سەر کەیهان و بنەماڵەکەی و پێیانی ڕایگەیاندووە کە تەنها بە مەرجی هاوکاریکردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان ڕەزامەندی لەسەر ئازادکردنی پێشوەختەی کەیهان دەردەبڕێت.

کەیهان موکەڕەم تا ئێستا دوو جار بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی، لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی یاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکردن لەسەر دۆسیەکەی، لە زیندانی ناوەندیی ئورمییە مانی لە خواردن گرتووە.

دوو هاودۆسیەی کەیهان بە پێی ئەم یاسایە پێشتر لە زیندان ئازاد کراون، بەڵام تا ئێستا ئەم یاسایە بۆ دۆسیە و سزاکەی ئەو جێبەجێ نەکراوە.

کەیهان موکەڕەم لە ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٨ (٨ی جولای ٢٠١٩) لەگەڵ سابیر کەمالی و کامران کەمانی، لە گوندی ئەنبێی سەر بە شاری ئورمییە لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کاتی دادگاییکردنی ئازاد کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە خەرمانانی ١٣٩٨(سیپتەمبەری ٢٠١٩) لەگەڵ دوو هاودۆسیەکەی دیکەیدا، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ڕژیمەوە لە ئورمییە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازادای کوردستان، پژاک، سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایە دوای تانەلێدان، لە دادگای پیاچوونەوەدا وەک خۆی پەسەند کرایەوە و لە بەفرانباری ١٣٩٨دا (ژانویەی ٢٠٢٠) بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی ڕەوانەی زیندان کرا.

کەیهان موکەڕەم لە گەلاوێژی ١٤٠٠(ئاگۆستی ٢٠٢١) دوای دەمەقاڵەیەک لە نێوان چەند زیندانییەکی سیاسی و زیندانیانی تاوانە ئاساییەکاندا، لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ئورمییە، لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی دیکەی کورد بە ناوەکانی "نایب عەسکەری" و "نایب حاجی‌زادە"، بە تۆمەتی تێکدانی دۆخی زیندان، هەریەکەو سزای ٥٠ قامچی و ٣ مانگی دیکە زیندانیان بەسەردا سەپێندرا.

ئەم دەمەقاڵە و دۆسیەسازییەی ڕژیم، دوای پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لەلایەن زیندانیانی تاوانە ئاساییەکانەوە ڕووی دابوو، کە ببووە مایەی ناڕەزایەتی و پەرچەکرداری زیندانییە سیاسییەکانی ناو زیندانەکە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە