هەواڵ

بەشداربووانی ڕێپێوانی مەزنی ئازادی: تا ئازادیی بەڕێز ئۆجالان، ڕێپێوان و تێکۆشان بەردەوام دەبێت

قۆڵی شاری وانی ڕێپێوانی مەزنی ئازادی، لە پێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان، ئەمڕۆ هەینی ١٣ی ڕێبەندان، گەیشتە شاری گەڤەر. کەسکین بایندەر هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان، دەبەپە، پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان، دەم پارتی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، لە ناوچەی شەمزینانەوە گەیشتنە شاری گەڤەری سەر بە هەرێمی جۆلەمێرگ.

بەشداربووانی ڕێپێوانەکە لەلایەن جەماوەرەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا. لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی بژی بەرخۆدانی زیندان، بژی سەرۆک ئاپۆ، نا بۆ گۆشەگیری، ئاشتی هەر ئێستە و بمرێ کۆیلایەتی، بژی ئازادی پەیتا پەیتا دەوترانەوە..

لەوێ زەکی ئەرمەز پەرلەمانتاری شرناخی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان، لە پەیامێکدا بۆ گەل گوتی: "ئێمە پێداگرین. بە ڕێپێوانەکەمان گۆشەگیری لە ئیمراڵی دەشکێنین."

کەسکین بایندر هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپەش گوتی: گەڤەر هەردەم خاوەندارێتیی لە پارت و ڕێبەرایەتیی خۆی کردووە و ئەمڕۆش خاوەندارێتی دەکات.هێزە ئیمپریالیستەکان لە ٤ پارچەی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین، کوشتن، کۆمەڵکوژی و تاڵان بە ڕەوا دەبینن. دەیانەوێت پرسی کورد و گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان لە بیری گەلان ببەنەوە.

بایندر ڕووی پەیامی خۆی لە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە کرد و گوتی: تا گۆشەگیری لە ئیمراڵی نەشکێت و بەڕێز ئۆجالان ئازاد نەبێت، ئەم شەڕە بەردەوام دەبێت. پرسی کورد بە موخاتەبەکانی چارەسەر دەبێت. موخاتەبی پرسی کورد بەڕێز ئۆجالانە. بێجگە لەو کەسی تر نییە. ئەویش دوور نیە، لە ئیمراڵیە. دەرگاکانی ئیمراڵی بکەنەوە.

لەکاتی پەیامەکاندا پەیتا پەیتا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەوترایەوە.

پاشان کاندیدانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان قسەیان بۆ گەل کرد و دەستنیشانیان کرد کە هەموو گەلانی هەرێمەکە لە ژێر گۆشەگیریدان، بۆیە پێویستە سەرجەم گەل و پێکهاتەکانی باکووری کورستان و تورکیا، بەشداری و پشتوانی لەم ڕێپێوانە بکەن.

هاوکات قۆڵی شاری قەرسی ڕێپێوانی ئازادی بۆ ئۆجالان، ئەمڕۆ گەیشتنە ناوچەی قولپی سەر بە شاری ئیدر.

لەوێ بەدران ئۆزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) وتارێکی پێشکەش بە گەل کرد و گوتی: هیچ گوشار، دەستبەسەرکردن و کوشتنێک ناتوانێت لەم ڕێگەیە دوورمان بخاتەوە. بۆ ژیانێکی شکۆمەند تێدەکۆشین. تێکۆشانمان بۆ تەواوی گەلانی تورکیایە. تا پرسی کورد بە شێوەیەکی دیموکراتیک چارەسەر نەبێت، قەیرانەکان تەواو نابن. گەل داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان دەکات. ئەمە ئامانجی ئێمەشە. تا بەدیهاتنی ئەم ئامانجە، ڕێپێوان و تێکۆشانمان بەردەوامە."

دواتر ڕێپێوانی ئازادی دەەمەو ئێوارە گەیشتە شاری ئیدر و بە دەهۆڵ و چەپڵەڕێزان پێشوازیی لێ کرا و دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "هەزار سڵاو لە ئیمراڵی" جەماوەریانە وترانەوە.

لەوێش چیدەم کلیچگون ئوچار هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە، لە وتاری خۆیدا بۆ گەل گوتی: لە هەموو شوێنێک گەل ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان دەخوازێت. بۆیە تا ئازادیی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان ئەم ڕێپێوانە بەردەوامە و ئەو تاکە موخاتەبە. ئێمە دژی ئەوانەی سیاسەتی مردن دەسەپێنن، تێدەکۆشین. سوپاسی گەلان دەکەین کە دەبنە بەشێک لە تێکۆشانی هاوبەشمان. ئەم ڕێپێوانە ١٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. هەموو وتەیەکمان دەبێتە ئامرازی مسۆگەرکردنی ئاشتی.

پاشان کۆبوونەوەی گەل ئەنجامدرا و تێیدا چەند بەشێک لە بەرگرینامەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان خوێندرانەوە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە