هەواڵ

نامەی ١١ ژنە زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی ئێڤین

١١ ژنە زیندانیی سیاسی بەندکراو لە زیندانی ئێڤینی تاران نامەیەکی هاوبەشیان بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان بڵاو کردەوە.

ئەم زیندانییە سیاسیانە لە نامەکەیاندا کە لاپەڕەی زیندانیی سیاسیی گولڕوخ ئیریایی لەسەر پلاتفۆرمی ئیکس (توییتەری جاران) بڵاوی کردۆتەوە، لە یادی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژناندا نووسیویانە: "دەرخستنی ئاپارتایدی جێندەری دەتوانێت ڕێگەیەک بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری و ستەمکاری".

لە نامەکەدا کە هەریەک لە زیندانیانی سیاسیی کورد وریشە مورادی (جوانا سنە)، پەخشان عەزیزی لەگەڵ نێرگز محەمەد، گوڵروخ ئیریایی، سپیدە قولیان و شەش ژنە زیندانیی سیاسیی دیکە واژۆیان کردووە تەئکید کراوەتەوە کە ژنان "بە هاوپشتی، ڕۆشنگەری و هۆشیاری و داننان بە چارەنووسی هاوبەش"، دەتوانن لە شەڕی مێژوویی لەدژی ستەم و جیاکاری سەرکەون.

دەقی نامەکە بەم شێوەیە:

٨ی مارس، کە مێژووی خەباتی ژنان لە سەد ساڵی ڕابردوودا بەبیر دەهێنێتەوە، ڕۆژی هاوپشتی جیهانییە بۆ بەدیهێنانی یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان و بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی ستەم و چەوساندنەوە و هەڵاواردنی ئابووری، سیاسی، کولتووری و بێبەش‌بوون لە مافە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم ئامانجەش و هاودەنگییە تەنیا تایبەت بە یەک شوێنێکی دیاریکراو نییە. بەڵکوو جیهانییە. بۆیە ٨ی مارس دەرفەتێکە بۆ یادکردنەوە و ڕێزگرتن لە هەموو خەبات و تێکۆشانەکانی پێشوو و هۆشیارکردنەوەی خەڵک و گەیشتن بە چارەسەرێکی بەکۆمەڵ.

دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، کەشوهەوای ٨ی مارس ڕەنگێکی جیاوازی بەخۆوە گرتووە و هەر ڕۆژ لە کۆمەڵگەدا بەتایبەت لە ناو گەنجاندا لە ڕۆژەڤدایە. بزووتنەوەی ساڵی ڕابردوو بە دیاریکراوی نیشانی دا کە لە تەنیشت تێکۆشان لەدژی حیجابی زۆرەملی کە بربڕەی سڕینەوەی ژنان لە بوارە گشتییەکان و کایەی ئابووری و سیاسەتە، هەروەها نکۆڵیکردن لە مافی مرۆڤەکان بەسەر جەستەی خۆیانەوە، خەباتی مێژوویی ژنان پرسی گەورەی گەلانی ئێرانە. چونکە ئەم خەباتە، هاوتەریب لەگەڵ ناڕەزایەتی لەدژی بە حیجابی زۆرەملی، پەنجەی لە هەموو هەڵاواردن و ستەمێکی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، ئیتنیکی و مەزهەبی ڕادەوشێنێت.

کۆمەڵە یاسا و کردەوە دژە ژنییەکان ڕەهەندێکی هێندە دیار و شاراوە و سرووشتێکی وەها سیستماتیکی هەیە کە ئاوێتەی تان‌پۆی کۆمەڵگەی ئێستادا بووە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت ئێران و ئەفغانستان، لە ژێر سێبەری حکوومەتە سەرکوتکەر و کۆنەپەرستەکاندا، فوڕمێکی تایبەتی بەخۆوە گرتووە.

بەشێک لە پێناسەکردن و ڕوونکردنەوەی ئەم دۆخە تایبەتەی بەرامبەر بە ژنان و کەمایەتییە ڕەگەزی و جێندەرییەکانی دیکە، پەیوەستە بە پێناسەکردن و ڕوونکردەوەی چەمکی ئاپارتایدی جێندەری. ئەم چەمکە باس لە بەدامەزراوەییکردنی هەژموونی گرووپێک بەسەر گرووپێکی دیکەدا دەکات و لە هەمان کاتدا جێبەجێکردنی هەڵاواردنی توند و سیستماتیکی لەلایەن یاسا و حکومەتەوە بەرامبەر بە ژنان و کەمینە ڕەگەزی و جێندەریەکان و کۆی ئەو دەسەڵاتە کۆنەپەرستانە نیشان دەدات کە حوکمڕانی بەسەریاندا دەکەن. بۆیە دیارکردنی ئاپارتایدی جێندەری دەتوانێت پێشەنگایەتیی بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری و ستەمکاری بکات. بەڵام دەزانین ڕێگایەکی دوور و درێژ هەیە بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری و یەکسانی. بە هاوپشتی، ڕۆشنگەری و هۆشیاری و داننان بە چارەنووسی هاوبەش، دەتوانین هیوای سەرکەوتن لەم شەڕە مێژووییەمان هەبێت.

بژی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان

وریشە مورادی(جوانا سنە)، پەخشان عەزیزی، نەسیم سوڵتانبەیگی، ئانیشا ئەسەدوڵڵاهی، مەهوەش سابت، نەرگس محەممەدی، سپیدە قولیان، ڤیدا ڕەبانی، گۆڵڕۆخ ئیرایی، فەریبا کەماڵ‌ئابادی، مەحبووبە ڕەزایی.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە