هەواڵ

سوپای ئیسڕائیل و حیزبولڵا کوژرانی حەسەن نەسرولڵایان پشتراست کردەوە

دوای تێپەڕینی ڕۆژێک لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر بارەگای فەرماندەیی حیزبولڵا لە پایتەختی لوبنان، هەر یەکە لە سوپای ئیسڕائیل و حیزبوڵڵای لوبنان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی کوژرانی حەسەن نەسرولڵا، ڕێبەری حیزبوڵڵایان پشتراست کردەوە.

بە پێی ڕاگەیاندنی وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل، عەلی کەرکی، فەرماندەی بەرەی باشووری حیزبوڵڵا کە لە ئۆپەراسیۆنی پێشووی ئیسڕائیل ڕزگاری ببوو، لە هێرشەکەی شەوی ڕابردوودا کوژراوە.

گرووپی حیزبولڵای لوبنانیش بە فەرمی کوژرانی ڕێبەری خۆی پشتراست کردووەتەوە.

عەلی خامنەیی، دیکتاتۆری ڕژیمی ئێرانیش بەبێ ئەوەی ناوی نەسڕولڵا بهێنێت، داوای لە موسوڵمانان کردووە کە پشتیوانی لە حیزبولڵا و خەڵکی لوبنان بکەن.

گرووپی حیزبولڵای لوبنان لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی و تەیار دەکرێت.

ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە تۆڕە مەجازییەکاندا خۆشحاڵیان سەبارەت بە کوشتنی نەسڕولڵا دەربڕیوە.

ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەزبەر و چەند خولەکێک دوای وتارەکەی بنیامین نەتانیاهوو لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، سوپای ئیسڕائیل "بارەگای ناوەندی"ی حیزبولڵای لوبنانی لە گەڕەکی زاحییەی باشووری بەیروت کردە ئامانج.

ئەگەرچی لە کاتی دەست پێکردنی ئەو هێرشەوە پەیدۆزی بۆ پشتڕاستکردنەوە یان ڕەتکردنەوەی کوژرانی نەسرولڵا بەردەوام بوو و میدیاکانی کۆماری ئیسلامی جەختیان لەوە دەکردەوە کە سکرتێری گشتیی حیزبولڵا زیندووە، بەڵام بە پێی ڕاپۆرتەکان ئامانجی سەرەکی ئەو هێرشە بۆ سەر بنکەی فەرماندەیی حیزبوڵڵای لوبنان سەید حەسەن نەسروڵڵا بووە.

حەسەن نەسروڵڵا لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٧١وە سەرۆکایەتیی حیزبولڵای لە ئەستۆ بووە. حیزبولڵای لوبنان، پارتێکی سیاسی و گرووپێکی چەکداری شێعەیە کە لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە