هەواڵ

مووشەکی بالیستیکی حیزبولڵا بۆ یەکەمجار گەیشتە ئاسمانی تێل‌ئاڤیڤ

هاوکات لەگەڵ ڕاپۆرتی میدیاکانی لوبنانی لەسەر بنەمای درێژەی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سێیەم ڕۆژ بۆ سەر گوندەکانی باشووری لوبنان لە ڕۆژی چوارشەممە، ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەو مووشەکەی لە هەمان ڕۆژدا ئاراستەی تێل‌ئاڤیڤ کراوە، خراوەتە خوارەوە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئەو مووشەکەی حیزبولڵا هەڵیداوە، یەکەم مووشەکێکە تا ئێستا توانیویەتی بگاتە ناوچەی تێل‌ئاڤیڤ و ناداڤ شۆشانی، وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل گووتی کە وڵاتەکەی ئەم کردەوەیە بە هەوڵی چڕبوونەوەی گرژییەکان لە لایەن حیزبوڵڵاوە دەبینێت.

پێشتر حیزبولڵا لە بەیاننامەیەکدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە کاتژمێر ٦:٣٠ خولەکی بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، بە هەڵدانی مووشەکێکی بالیستیکی "قادر ١" بارەگای موسادی لە دەوروبەری تێل ئەڤیڤ کردۆتە ئامانج.

ئەم گرووپە کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و لە لایەن ئەمریکاوە بە ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو دادەنرێت، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم هێرشە مووشەکییە پێشوەختە "پلانی بۆ دانراوە".

حیزبولڵای لوبنان گرووپێکی شیعەی توندڕەون کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی و تەیار دەکرێن.

دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە، ئەم گرووپە هاوکات لەگەڵ گروپە شیعەکانی دیکەی ناوچەکە چەندین ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئیسرائیل ئەنجامداوە. ئیسرائیلیش لە تۆڵەدا بە بەردەوامی هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانی ئەم گرووپە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان.

لەئەنجامی ئەو ململانێیانەدا سەدان کەس لە لوبنان کوژراون کە زۆربەیان ئەندامی حیزبوڵڵا بوونە. هاوکات دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل ناچار بوون لە شوێنی ئارام نیشتەجێ بن.

لە یەک هەفتەی ڕابردوودا گرژییەکانی نێوان حیزبولڵا و ئیسرائیل پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ، کە نیگەرانی وڵاتانی ناوچە و جیهانی لێکەوتووەتەوە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە