هەواڵ

کوژران و برینداربوونی لانیکەم ٤٨ کۆڵبەر لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا

بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز کە هەواڵی گرێدراو بە کاسبکاران و کۆڵبەران بڵاو دەکاتەوە، لە نێوان ڕۆژانی ١١ بۆ ٢٤ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، لانیکەم ٤٨ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی هۆکارەکانی وەک، تەقەی ڕاستەوخۆ، لێدان، کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، ڕووداوی هاتووچۆ بەهۆی ڕاوەدوونان و تەقینەوەی مین، کوژراون یان بریندار بوونە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لە کۆی ئەم ٤٨ کۆڵبەرە، ٥ کۆڵبەر کوژراو و ٤٣ کۆڵبەر بریندار بوونە.

"عەلی زەرغامی" کۆڵبەری خەڵکی تیکاب لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەشەممە، لە سنووری "سەرشیو"ی سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوور پارێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژرا. هەروەها "ئارام مەنووچهری" و "سیوان باتر" دوو کۆڵبەری خەڵکی مەریوان لە ڕووداوی هاتووچۆدا بە هۆی ڕاوەدوونان و تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەشەممە، گیانیان لەدەستدا.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە کە ١٦ی ڕەشەممە، بە تەقەی هێزە سنوور پارێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری نۆسود، کۆڵبەرێک بە ناوی "عەتا حوسێنی" تووشی مردنی مێشک بوو و لە کۆتاییدا ٢٤ی ڕەشەممە گیانی لەدەست دا.

هەروەها لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا "محەممەد گەنجە" کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار، لە سنووری ئەم شارە لەگەڵ کوردستانی عێڕاق بوو بە ئامانجی تەقەی هێزە سنوور پارێزەکانی کۆماری ئیسلامی و دوای کووشتنی لە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەممە، تەرمەکەیان لە ژێر بەفر شاردبووە و دوای دوو ڕۆژ گەڕان لە ٢٣ی ڕەشەممە، تەرمی بێ‌گیانی لەلایان خەڵکی خۆجێییەوە دیتراوە.

لەو ماوەیەدا ٢٩ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ٧ کۆڵبەر بە لێدان و تەقەی هێزەکانی عیڕاق (حەرس ئەلحدود)، ٣ کۆڵبەر بە لێدان و وێکەوتکی بەرد لەلایان هێزەکانی ئێران، ٢ کۆڵبەر بە تەقینەوەی مین و ٢کۆڵبەریش لە ڕووداوی هاتووچۆدا بە هۆی ڕاوەدوونان لەلایان هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار کراون.

هەروەها کۆڵبەرێکی منداڵ بە ناوی "دیاکۆ محەممەدی" تەمەن ١٧ساڵە و خەڵکی دیواندەرە، لە نێو ئەو ٢٩ کۆڵبەرە دایە کە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار کراوە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە