هەواڵ

فەریاد قادری بۆ قەرەنتینەی زیندانی سنە گواسترایەوە

فەریاد قادری، زیندانیی سیاسیی پێشوو کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەدا (١٠ی مارس) دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە دیسان دەستبەرسەر کرابوو، بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە و بەبێ مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر و دیداری بنەماڵە، لە قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارەدا ڕاگیراوە.

بەپێی ڕاپۆڕتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا ڕایگەیاندووە کە گوازراوەتەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی سنە.

بنەماڵەی فەریاد قادری سەردانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنەیان کردووە و لەوێ پێیان ڕاگەیەنراوە کە فەریاد بە هۆی درێژەدانەوە بە چالاکییە سیاسییەکانی، تا کاتێکی دیارینەکراو بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی سنەدا دەمێنێتەوە و مافی دیداری بنەماڵەیشی لێ قەدەغە کراوە.

فەریاد قادری، خەڵکی گوندی "کۆڵیژ"ی سەوڵاوا، پێشتریش لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و دوای نزیکەی ٤ مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیدا لە سنە، ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرا. دواجار لە گوڵانی ١٣٩٩دا (مەیی ٢٠٢٠) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

هەروەها لە کۆتایی هاوینی ئەمساڵدا (٢٠٢٣) حسێبە بانکییەکانی ئەم هاووڵاتییە کوردە بە دەستووری دادگا داخرابوون.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە