هەواڵ

گرووپە نەژادپەرستەکانی سەر بە تورکیا لە بەلژیکا هێرشیان کردە سەر کوردان

گرووپە ڕەگەزپەرستە تورکەکانی سەر دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێردا لە چەندین شوێن لە بەلژیکا هێرشیان کردە سەر ئەو بنەماڵە کوردانەی کە لە ئاهەنگی نەورۆز دەگەڕانەوە، بەوهۆیەوە چەند کەسێک برینداربوون.

شەوی ڕابردوو، بە دەیان کەس لە ئەندامانی گرووپە نەژادپەرستەکانی ڕژیمی تورکیا لە شاری هۆڵستن زۆڵدەر لە بەلژیکا هێرشیان کردە سەر چەند بنەماڵەیەک کە لە ئاهەنگی نەورۆز دەگەڕانەوە.

هێرشەکە کاتێک روویدا، کە ئەو بنەماڵانە لە ئاهەنگی نەورۆزی شاری لوڤنی بەلجیکا گەڕابوونەوە و بەرەو ماڵەکانیان دەچوون. لەو هێرشەدا چەند هاوڵاتیی کورد بەسەختی بریندار کران.

بریندارەکان گواسترانەتەوەوە بۆ نەخۆشخانە و بەگوێرەی زانیارییەکان برینی هەندێکیان سەختە.

هێرشەکە، بەڕێککەوت نەبوو، بەڵکوو بەرنامە بۆ دارێژراو بووە. لە دانپیدانانێکدا یاسین گوڵ جێگری سەرۆکی شارەوانیی هۆڵستن زۆڵدەر لە بەلژیکا، لە میانەی بەرنامەیەکی کەناڵی سی ئێن ئێنی تورک بەئاشکرا مکوڕ هات لەوەی کە هێرشەکە بەرنامە بۆ داڕێژراوبووە.

لەو گرتە ڤیدیۆیانەدا کە بڵاو کراونەتەوە، دەبیندرێت کە لەکاتی هێرشەکەدا، گرووپە رەگەزپەرستە تورکەکان چەندین ئۆتۆمبێلیان تێکدەشکێنن و هەروەها جگە لەسووکایەتی کردن، چەندین درووشمی نەژادپەرستی دژ بە گەلی کوردی دەڵێنەوە.

دوای ئەوەی ئەو بنەماڵە کوردانە لە ماڵێکدا پەنایان گرت، گروپە نەژادپەرستە تورکەکان، هەوڵیاندا بچنە سەر ماڵەکە و بیسوتێنن. بەڵام بەهەوڵی پۆلیس رێگریی لێ کرا.

لە کاردانەوەی ئەو هێرشەشدا هەر زوو کەجەدەکەی ئەورووپا، هاتەدەنگ و داوای لە هاوڵاتیان کرد لە بەردەم بینایەی پەرلەمانی ئەورووپا لە بروکسل لەدژی ئەو هێرشە ناڕەزایەتی نیشان بدەن.

لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی گەلی کورد لەبەردەم پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، لە برۆکسڵ، جارێکی دیکە گروپە نەژاد پەرستەکانی دەوڵەتی تورکیا هێرشیان کردەوە سەر بەشداربووانی چالاکییەکە و بەهۆیەوە رووبەڕوو بوونەوە روویدا.

ئەمە جاری یەکەم نیە کە بەم شێوەیە گروپە نەژاد پەرستەکانی سەر بە ئاکەپە و مەهەپە هێرش دەکەنە سەر هاوڵاتیانی کورد بەڵکو لە ماوەی رابردوودا چەند هێرێشێکی هاوشێوە روویداوە.

دوو سال بەر لە ئیستاش لە شاری لیلی فەڕەنسا هێرش کرایە سەر گەنجێکی کوردی خەڵکی باشووری کوردستان کە پیشەی سەرتاش بوو. ئەو گەنجە تەنیا بەهۆی گوێگرتن لە گۆرانی کوردی بەچەقۆ بریندار کرا.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە