هەواڵ

هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێران دوو جەوانیان بەهۆی دەربڕینی شادی و هەڵپەڕکێ بریندار کرد

لە دووەم رۆژی نەورۆزی ئەمساڵدا، دوو جەوانی کورد بەهۆی گوێگرتن لە گۆرانی و دەربڕینی شایی لە پارکێکی کرماشان، لەلایەن هێزەکانی رژێمەوە بریندار کران.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خاکەلێوە، هێزەکانی رژێم هێرشیان کردە سەر گرووپێک جەوان کە لە پارکی ڕۆژهەڵات لە گەڕەکی زەفەر ئەو شارە، لە نزیک ناوچەی شوێنەواریی تاقەوسان، بە دەم گوێگرتن لە گۆرانییەوە هەڵدەپەڕین.

دوای ناڕەزایی دەربڕینی ئەو کۆمەڵە جەوانە، هێزەکانی ڕژیم کە جلی مەدەنییان لەبەردا بووە، لە دووریی چەند مەترێکەوە بە دەمانچە تەقەیان لە دوو گەنج بە ناوەکانی محەممەد ئەحمەدیان و ئارمان بەسیری کردووە و بە سەختی ئەو دوو گەنجەیان بریندار کردووە.

ئەو دوو جەوانە کوردە کە لەلای قاچەوە بە چەند گولـلەیەک پێکراون و بە سەختی برینداربوون، دواتر لەژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەکاندا گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی بێستوونی کرماشان.

وەک زانراوە، ئارمان بەسیری دە گولـلە بەر قاچی کەوتووە و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە دامودەزگا ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو دوو جەوانە کردووە کە هیچ هەواڵێک سەبارەت بەو ڕووداوە بڵاونەکەنەوە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە