هەواڵ

کاردانەوەکان بەرامبەر بە سەپاندنی سزای زیندان بەسەر سیاسەتەمدارانی کوردی باکووردا

سەپاندنی سزی زیندان بەسەر دەیان سیاسەتمەداری کورد لەلایەن دادگای ڕژیمی تورکیا و لە دۆزی کۆبانی"دا کاردانەوەی بەربڵاوی لەسەر ئاستی کوردستان، تورکیا و جیهان لێکەوتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕ (١٨ی مەی) دادگای سزای تاوانە هاوسەرۆکانی گشتیی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ناو ١٨ زیندانیی و لە کۆی ١٠٨ سیاسەتمەداری کورد، بە پاساوی هاندانی خۆپیشاندانەکان بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی گرووپە چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ، لە ٦ تا ٨ـی ئۆکتۆبەر ٢٠١٤ دادگایی کران.

دادگا لەبارەی "دۆزی کۆبانێ"ەوە بڕیاری دا و ئەحمەد تورک، بە تۆمەتی "ئەندامێتیی لە ڕێکخستن" سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، هەروەها دەمیرتاش ٤٢ ساڵ و فیگەن یوکسەکداغ ٣٢ ساڵ و نۆ مانگ سزای زیندانییان بۆ بڕایەوە.

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان، دەم پارتی، لە بەیاننامەیەکدا بڕیارەکەی دادگای ڕژیمی تورکیا لە دۆسیەی کۆبانیدا، لە دژی سیاسەتمەدارانی کوردی بە بڕیارێکی سیاسی و نایاسایی ناو برد و بە توندی شەرمەزاری کرد.

دەم پارتی لە بەیاننامەکەیدا کە چەند کاتژمێر دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگا بڵاو کراوەتەوە، دەڵێت: لە ساڵی ٢٠١٤ کاتێک داعش خەریک بوو شاری کۆبانێی داگیر دەکرد، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان و دیموکراسییانە لە سەرانسەری جیهاندا، لەنێویاندا لە زۆرێک لە شارەکانی تورکیاش سەریهەڵدا. لەم ناڕەزایەتییانەدا بەهۆی هێرشی پۆلیسەوە ٤٧ هاووڵاتی مەدەنی، کە ٣٤ کەسیان ئەندام و لایەنگری هەدەپە بوون، بە هاوکاریی دەوڵەتی تورکیا، لەلایەن گرووپەکانی لایەنگری داعشەوە کوژران.

دەم پارتی هەروەها سەبارەت بە سەپاندنی سزای چەندین ساڵ زیندان بەسەر فیگەن یوکسەکداغ و سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە، ڕایگەیاندووە: سەرەڕای بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش، حکومەتی ئێستای تورکیا بەردەوام بوو لە لێپرسینەوە لەسەر دۆزی کۆبانێ، دژی ئەندامانی هەدەپە، لەنێویاندا هاوسەرۆکەکانی هەدەپە فیگەن یوکسەکداغ و سەلاحەدین دەمیرتاش.

"دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە دەبێ تورکیا دەستبەجێ سیاسەتمەداری دیاری کورد سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکات و لە ساڵی ٢٠٢٠ـیشدا دادگاکە ڕایگەیاند ڕەوایەتیدان بە هێشتنەوەی دەمیرتاش لە زیندان پەردەپۆشکردن و سنووردارکردنی پڕۆسەی ئاشتیی و گفتوگۆیە لەو وڵاتەدا."

دەم پارتی لە بەیانانمەکەیدا دەڵێت: "تۆمەتباران هەموو ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردەوە، بەڵام دادگا لەژێر کاریگەری سیاسیی ڕووندا لە دادگاییکردنەکان بەردەوام بوو."

دەم پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە: "دادگا بە ناڕەوا سزای سیاسەتمەدارەکانی هەدەپەی داوە لەسەر تۆمەتە بێ بنەماکان."

هاوکات پارتی گەلی کۆماری، جەهەپەش لە لێدوانێکدا ناڕەزایەتی بەرامبەر سەپاندنی ئەو سزایانەدا نیشان داوە.

جێگری سەرۆکی جەهەپە گۆخان گونایدن گوتی: "بڕیارەکانی دۆزی کۆبانێ ئەوە نیشان دەدات کە “تورکیا چەندە لە وڵاتێکی یاسایی دوور کەوتووەتەوە."

سەزگین تانرلی‌ئۆغڵو، پەرلەمانتاری جەهەپەش لە ئامەد بڕیارەکانی دۆزی کۆبانێی بە سیاسی ناودێر کرد و گوتی: "مرۆڤ ناتوانێت بە پێوەرەکانی یاسا پاساو بۆ ئەم بڕیارانە بهێنێتەوە، ئەم دۆزە لەسەر بنەمای ئەجێندای سیاسیی دەستی پێ کرد و ئەنجام درا، ئێستاش بە پێی ئەو پێداویستییانە ئەنجامەکانی ڕادەگەیەنرێت."

هەروەها ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش ئەو بڕیارەی شەرمەزار کرد.

ئیلهام ئەحمەد لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسی: "دادگای تورکیا بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی خۆی بڕیارێکی سیاسیی دا، پێش هەموو شتێک، هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە، فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتمەدارانی کورد و تورکیا سزای توند دران، ئێمە بە توندی ئەو بڕیارە ئیدانە دەکەین و دەڵێین خەبات بۆ ئازادیی بەربەست ناکرێت.”

گرووپی چەپەکانی پەرلەمانی ئەورووپا، لە دژی بڕیاری دۆزی کۆبانێ ناڕەزایەتییان نیشاندا و ڕایانگەیاند: "چالاکی دژی هێرشەکانی داعش لە تورکیا بە تاوان هەژمار دەکرێت."

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە