هەواڵ

ئەندامێکی بنەماڵەی دادخوازان بۆ جێبەجێکردنی سزا ڕەوانەی زیندانی سنە کرا

حەسەن ئەمینی، برای محەممەد ئەمینی لە گیانبەختکردوانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێرانەی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران، لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.

بەپێی ڕاپۆڕتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕ (٢١ی ژوئەن) دوای بانگهێشتکران بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کراوە.

حەسەن ئەمینی ڕۆژی ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢ لە لایەن دادگای کەیفەریی دووی بۆکانەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» سزای ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران و ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپابوو.

لە ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢دا ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی شارەکانی دێولان، دیواندەرە و سنە کە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی یادی گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شارەکانی سەقز و بۆکاندا کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەدا لە دەروازەی شاری بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. محەممەد ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکراندا کەوتە بەر پەلامار و لێدانی قورسی هێزە ئەمنییەکانەوە، بە شێوەیەک کە هەردوو گوێچکەکەی و دەفەی سینگی زەبری جیدیی بەر کەوتبوو.

حەسەن ئەمینی لە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٢دا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا. محەممەد ئەمینی، ٣٣ ساڵان، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەروییەکانی سنە و لە گەڕەکی کارئامووزی بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێران شەهید کرا.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە