هەواڵ

ڕژیمی تورکیا ئێسک و پرووسکی گەریلایەکی شەهیدی لەناو سندووقێکدا ڕادەستی بنەماڵەکەی کرد

ڕژیمی تورکیا ئێسک و پرووسکی گەریلایەکی هێزەکانی پاراستنی گەل، هەپەگەی لەناو سندووقێکدا ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووە.

ناسنامەی ئەو گەریلا شەهیدە، "یەڵماز ئۆزوون" ناسراو بە "توڵهەڵدان تەکمان"ە و ساڵی ٢٠٢٠ لە هەرێمی سێرتی باکووری کوردستان لە ئەنجامی بۆردوومانی ئاسمانیی ڕژیمی تورکیا لەگەڵی پێنج هەڤاڵی دیکەیدا گیانیان بەخت کردووە.

هەر ئەوکاتە بنەماڵەی شههید تەکمان بۆ ناسینەوە و وەرگرتنەوەی تەرمی ڕۆڵەکەیان نموونەی خوێنیان دابوو و ئەنجامەکەشی دەرکەوتبوو. بەڵام ڕژیمی تورکیا ئەو شەهیدەی بە زۆرەملی لە گۆڕستانی بێ‌کەسان بەخاک سپاردبوو.

دوای سێ ساڵ، ئێسک و پرووسکی ئەو شەهیدە لەناو سندووقێکدا ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە. بڕیارە تەرمی گەریلای شەهید تۆڵهەڵدان تەکمان لە زێدەکەی، واتە ناوچەی تاتوس سەر بە هەرێمی ئەرزەڕووم ئەسپەردەی خاک بکرێت.

باوکی شەهید تەکمان بە ئاژانسی هەواڵی فوڕاتی گوتووە: "کوڕەکەم ساڵی ٢٠٢٠ گیانی بەخت کرد. ئەوکات هاتمە سێرت و نموونەی خوێنم بەخشی. هەرچەند ساڵی ٢٠٢١، ئەنجامەکەی دەرکەوت، بەڵام ئێمەیان ئاگادار نەکردەوە. پاش ئەوەی داواکاریم پێشکەش کرد، تەرمەکەیان ڕادەستمان کرد."

ڕژیمی تورکیا هەڕەشەی لە موختار و مەلای ئەو ناوچەیە کردووە کە نابێت لە مزگەوت ڕێوڕەسمی ئاینی بۆ تەرمەکەی بەڕێوە بچێت.

ئەمە یەکەم جار نییە ڕژیمی تورکیا بەمشێوە ئیسک و پرووسکی گەریلا شەهیدەکان ڕادەستی بنەماڵەکانیان دەکات.

ساڵی ٢٠٢٠ تەرمی گەریلایەکی شەهید بە ناوی "عەگید ئیپەک"، سێ ساڵ دوای شەهیدبوونی، لە ڕێگەی بەستەیەکی پۆستییەوە ڕادەستی دایکی کرابوویەوە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە